کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

بەتاڵانبردنی دارستانەکانی مەریوان لەلایەن کەسانی هەلپەرستەوە بەردەوامە

10:00 - 16 بانەمەڕ 2723

هەلپەرستان و دەستوپێوەندییەکانی ڕێژیم لە هەوڵێکی تردا بۆ بەتاڵانبردن و کاولکردنی ژینگە و دارستانەکانی کوردستان، دارەکانی دارستانی "حەسەن ئاوڵە" سەر بە شاری مەریوانیان بڕییەوە.

ڕۆژی هەینی ١٥ی بانەمەڕ، ئەنجومەنی سەوزی چیای مەریوان بە بڵاوکردنەوەی گرتە ڤیدیۆیەک، باسی لە جینایەتێکی تر و کاولکاریی ژینگەی کوردستان لەلایەن هەلپەرستان و دەستوپێوندییەکانی ڕێژیم لە گوندی "حەسەن ئاوڵە"ی مەریوان کردووە.

ئەنجومەنی سەوزی چیا ڕایگەیاندووە کە ژینگە و دارستانەکانی کوردستان بە گشتی و مەریوان بە تایبەتی، لەلایەن کەسانی هەلپەرست و سەر بە حکوومەتەوە، کاول دەکرێت و دارەکانی بەتاڵان دەبرێت و لەهەمبەردا ناوەندە پێوەندیدارەکانی حکوومەت بۆ پێشگرتن بەو جینایەتانە، هیچ هەوڵێک نادەن.

بڕینەوەی دارە گەورە و مێژووییەکانی گوندی "حەسەن ئاوڵە"ی سەر بە مەریوان، یەکێکی دیکە لە جینایەتەکانی ڕێژیمە لە کوردستان و مافیاکانی دارستانەکانی کوردستان بەردەوام خەریکی بڕینەوە و لەنێوبردنی دارستانەکانی کوردستانن و هیچ کەس و لایەنێکی سەر بە ڕێژیمیش لەمبارەوە وڵامدەری خەڵک و ژینگەپارێزان نین.