کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

پشتیوانیی ٢٨ ڕێکخراو و چالاکی مافی مرۆڤ لە خەڵکی بەلووچ

10:02 - 16 بانەمەڕ 2723

٢٨ ڕێکخراو و چالاکی مافی مرۆڤ ڕایانگەیاند کە خەڵکی پارێزگای سیستان و بەلووچستان، مافی خۆیانە کە بە ئازادی و بەبێ ترس، داوای خواست و ویستەکانیان بکەن.

ڕۆژی هەینی ١٥ی بانەمەڕی ١٤٠٢ی هەتاوی، ٢٣ ڕێکخراوی چالاک لە بواری ئازادیی ئینتێرنێت و مافە مرۆییەکان و ٥ چالاکی مافی مرۆڤ، لە بەیاننامەیەکدا و بە ئامانجی ڕاکێشانی سەرنجی کۆمەڵگەی جیهانی بۆ لای پێشێلکردنی بەردەوامی مافی مرۆڤ لە پارێزگای سیستان و بەلووچستان لەلایەن ڕێژیمی ئێرانەوە، داوایان لە کۆمەڵگەی جیهانی کرد کە گوشار بخاتە سەر ڕێژیمی ئێران و ئیزن نەدات بۆ سەرپۆشدانان لەسەر جینایەتەکانی، ئینتێرنێتی ئەو پارێزگایە بپچڕێت.

لە بەشێک لەو بەیاننامەیەدا هاتووە کە سەرەڕای تێپەڕینی سێ مانگ لە ڕاپەڕین و ناڕەزایەتییەکانی خەڵکی پارێزگای سیستان و بەلووچستان، بە تایبەتی لە شاری زاهیدان و پاش بەڕێوەچوونی نوێژی هەینی، خۆپیشاندانی خەڵک دژی دەسەڵات بەردەوامە، بەڵام بەهۆی پچڕانی ئینتێرنێت لەلایەن ڕێژیمەوە لەو پارێزگایە، خەڵکی ئەو شارە تووشی کێشە بوون و ناتوانن هەواڵەکان و ڕووداوەکان وەک خۆی بگوازنەوە.

لە بەیاننامەکەدا بە ئاماژەدان بە هەینیی خوێناویی زاهیدان و کوژرانی دەیان کەس بە تەقەی ڕاستەوخۆی هێزەکانی ڕێژیم، هاتووە کە ڕێژیمی ئێران لە کاردانەوە بە ناڕەزایەتی و خۆپیشاندانەکانی خەڵک لە ڕێگەی جۆراوجۆرەوە خەڵک سەرکوت دەکات کە یەکێک لەو ڕێگایانە پچڕانی ئینتێرنێتە، بەتایبەتی لەو ناوچانەی کە خۆپیشاندان دژی دەسەڵاتەکەی بەردەوامە.

نووسەرانی ئەو بەیاننامە مافی مرۆییە لە کۆتاییدا داوایان لە کۆمەڵگەی جیهانی کردووە کە دەبێ بە خێراترین کات پێش لە پێشێلکارییە مافە مرۆییەکانی ڕێژیمی ئێران بگرن و ئیزن نەدەن ئەو ڕێژیمە خەڵکی ناڕازی سەرکوت بکات.