خەڵکی شاری زاهیدان لە سیویەکەمین هەینیی خۆپیشاندانەکانیان دژی دەسەڵات، پاش نوێژی هەینی بە نیشانەی ناڕەزایەتی دەربڕین لەهەمبەر لەسێدارەدانی خەڵکی بەلووچ لە بەندیخانەکانی ڕێژیم، ڕژانەوە سەر شەقامەکان.
ڕۆژی هەینی ١٥ی بانەمەڕی ١٤٠٢ی هەتاوی، خەڵکی ئازا و بوێری بەلووچ لە شاری زاهیدان، بە نیشانەی ناڕەزایەتی دەربڕین بە لەسێدارەدانی خەڵکی بەلووچ، ڕژانەوە سەر شەقامەکان و بە دروشمی مەرگ و نەمان بۆ کۆماری ئیسلامیی ئێران، ڕووبەڕووی هێزەکانی ڕێژیم بوونەوە.
لە ماوەی چەند ڕۆژی ڕابردوودا، لە بەندیخانەکانی ئێران ٢٧ کەس لەسێدارە دراون کە ٢٢ کەسیان خەڵکی پارێزگای سیستان و بەلووچستانن.
مەولەوی عەبدولحەمید، پێشنوێژی مزگەوتی مەککیی زاهیدان لە خوتبەکانیدا ڕوو بە دەسەڵاتدارانی ڕێژیم وتی: تەنیا هونەر و کاری ئێوە لەسێدارەدانی خەڵکە و هیچی دیکە.
ڕۆژی هەینی خەڵکی زاهیدان وەکوو هەینییەکانی ڕابردوو پاش نوێژی هەینی بە دروشمگەلی "مەرگ و نەمان بۆ کۆماری ئیسلامی"، "ئێمە ڕێبەری خوێنمژمان ناوێت"، "خامنەیی شەرمەزارە" و هەروەها دروشمی "بەسیجی و سپایی داعشی ئێمە ئێوەن"، ڕژانەوە سەر شەقامەکان.
گەنجان و لاوانی بەلووچ بە هەڵگرتنی پلاکاردگەلێک وەکوو "کێشەکانی ئێران بە کوشتنی خەڵکی بەلووچ، تەقەکردن، دەسبەسەرکردن و لەسێدارەدان چارەسەر نابێت"، داوایان لە ڕێکخراوە نێونەتەوەییەکان کرد کە دەنگی خەڵکی ئازادیخوازی بەلووچ بن.