کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

هێرشی کیمیایی کرایە سەر چەند قوتابخانە لە شارەکانی سەقز، کرماشان و هەرسین

17:43 - 11 بانەمەڕ 2723

لە درێژەی هێرشی کیمیایی دەستوپێوەندییەکانی ڕێژیم بۆ سەر قوتابخانەی کچان، ئەمڕۆ هێرشی کیمیایی کرایە سەر قوتابخانەی مێعراج لە شاری سەقز و دوو قوتابخانەی دیکە لە هەرسین و کرماشان.

بەپێی ئەو هەواڵ و زانیارییانەی کە بە ژووری هەواڵی ناوەندی ڕاگەیاندنی حیزبی دێموکرات گەیشتووە، ڕۆژی دووشەممە ١١ی بانەمەڕی ١٤٠٢ی هەتاوی، لە درێژەی هێرشە کیمیاییە بەرنامە بۆ داڕێژراوەکانی ڕێژیم بۆ سەر قوتابخانەکانی کوردستان، قوتابخانەی کچانەی مێعراج لە شەقامی شانازی شاری سەقز کرایە ئامانج.

جێگەی ئاماژەیە کە هێزێکی زۆری ڕێژیم ڕژانە ئەو شەقامە و ئیزنیان نەدا کچانی قوتابیی ژەهراویکراو بۆ نەخۆشخانە بگوازرێنەوە.

لەلایەکی دیکەوە هێرشی کیمیایی کرایە سەر قوتابخانەی کچانەی فاتمە لە هەرسین و بەهۆی نەبوونی کەرەستەی پێویست بۆ چارەسەری، ئامبوڵانس لە بێستوونەوە ڕەوانەی هەرسین کراوە، هەروەها بەرپرسانی قوتابخانەکە درگایان بەسەر قوتابییاندا داخستووە.

هەروەها لە کرماشان، ڕۆژی دووشەممە هێرشی کیمیایی کرایە سەر قوتابخانەی کچانەی دواناوەندیی جەعفەری و بە هۆیەوە ٤٠ قوتابیی ژەهراوی بوون و بۆ ناوەندە دەرمانییەکانی ئەو شارە گواستراونەتەوە.