کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

حەبیب ئەسیوەد لەلایەن ڕێژیمی ئێرانەوە لەسێدارە درا

11:28 - 16 بانەمەڕ 2723

دەزگای قەزایی کۆماری ئیسلامیی ئێران ڕایگەیاند کە بەرەبەیانی ڕۆژی شەممە ١٦ی بانەمەڕ، حەبیب ئەسیوەد شارۆمەندی ئێرانی- سویدیی بە تۆمەتی ''موفسیدی سەر زەوی" و "سەرۆکایەتیی بزووتنەوەی نزال''، لەسێدارە دراوە.

حەبیب ئەسیوەد، ڕێبەری پێشوو و لە دامەزرێنەرانی ''بزووتنەوەی نزال''، یەکێک لە گرووپەکانی دژبەری کۆماری ئیسلامی، بە تۆمەتگەلی وەک "موفسیدی سەر زەوی" لە ڕێگەی پێکهێنان و سەرۆکایەتیی بزووتنەوەی نزال و کردەوەی تێرۆریستی لە خووزستان، لەلایەن ڕێژیمی ئێرانەوە لەسێدارە درا.

ڕێکەوتی ٢١ ڕەشەمەی ساڵی ١٤٠٠، ئەو تۆمەتانەی کە بەسەر حەبیب ئەسیوەد سەپێندرابوون، لەلایەن هەواڵدەریی سەر بە دەزگای دادوەریی ڕێژیمی ئێرانەوە پشتڕاست کرایەوە. ئەوە لە حاڵێکدا بوو کە ناوبراو لە کاتی لێکۆڵینەوەدا لە دەستپێڕاگەیشتن بە پارێزەر بێبەری کرابوو.

ئەسیوەد، لە مانگی ڕەزبەری ساڵی ١٣٩٩ی هەتاوی، لە کاتی سەفەر بۆ تورکیە لەلایەن هێزەکانی ئیتلاعاتی ڕێژیمەوە ڕفێندرا و بۆ ئێران ڕاگوێزرا.

دوای دەرکرانی حوکمی لەسێدارەدان بۆ حەبیب ئەسیوەد، دەوڵەتی سوید ئەو حوکمەی بە ''نامرۆڤانە'' ناو لێ برد و مەحکوومی کردبوو. هەروەها ڕێکخراو و گرووپەکانی مافی مرۆیی سەبارەت بە لەسێدارەدانی ناوبراو هۆشدارییان دابوو.