کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

ناودێرکردنی ڕۆژەکان لە جیهان و لە ئێراندا

16:24 - 16 بانەمەڕ 2723

بێهزاد قادری

ئامانج لە ناودێرکردنی ڕۆژەکان لە جیهاندا

ئامانج لە ناودێرکردنی ڕۆژ و حەوتووە تایبەتەکان لە هەموو وڵاتانی جیهاندا، بەرزڕاگرتنی بایەخەکان و پتەوکردنی پێوەندە ئایینی، نیشتمانی، فەرهەنگی، زانستی، سیاسی، ئابووری و کۆمەڵایەتییەکانی کۆمەڵگەیە، بە جۆرێک کە جۆرێک هاوکاری و هاوپێوەندی لەنێو تاکەکانی کۆمەڵگەدا پێک بێنێت. بۆ نموونە لە وڵاتێکدا ڕۆژێک وەک ڕۆژی مامۆستا یان ڕۆژی خوێندکار دیاری دەکرێت و ئەمە دەکەنە بیانوویەک تاکوو لەو ڕۆژەدا بە شێوەیەکی تایبەتیتر ڕێز لە مامۆستایان یان خوێندکاران بگرن و وێڕای ڕێزگرتن، هاوپێوەندییەکیش لەنێوان تاکەکانی کۆمەڵگە پێک بێنن، بە جۆرێک هەمووان ئەو ڕۆژە قەبووڵ بکەن و خۆیان بە بەشێک لەو سیستەمە کۆمەڵایەتی و سیاسییە بزانن.

شێوازی دیاریکردنی ئەو ڕۆژانەش لە هەر وڵاتێکدا لەگەڵ وڵاتێکی تر جیاوازە. بۆ نموونە لە هیندوستان، ڕۆژی ۵ سێپتامبر وەک ڕۆژی مامۆستا دیاری کراوە، ئەویش بەهۆی ئەوەیکە ئەو ڕۆژە ساڵڕۆژی لەدایکبوونی "سارولی ڕاکریشنا"، سەرۆککۆماری دووەمی هیندە. ئەمە نیشانەی ئەوەیە کە ئامانجی سیستەمی سیاسیی هیند بۆ دیاریکردنی ئەو ڕۆژە پتەوکردنی پێوەندە سیاسییەکانی وڵاتە. شایانی باسە کە لەو ڕۆژەدا لە هیندوستان قوتابییانی هەڵکەوتە لە قوتابخانەکان بەرپرسایەتیی وانەوتنەوە بە پۆلەکانی ئاستی خوارتر لە ئەستۆ دەگرن و بەم شێوەیە ڕێز لە مامۆستایانی خۆیان دەگرن.

بۆیە لە هەر وڵاتێکدا، دەسەڵات کاتێک بۆ هەر ڕووداو یان بابەتێک ڕۆژێکی تایبەت دیاری دەکات، کۆمەڵێک فاکتی تایبەت و واتادار لەبەرچاو دەگرێت تاکوو پێوەندییەکی گونجاو لەنێوان ئەو ڕۆژە و ناوەکەیدا بوونی هەبێت، واتە پێوەندییەکی واتادار بوونی هەبێت. لەم بوارەوە زۆر جار ناودێرکردنی ڕۆژەکان مەبەستێکی سیاسیی تایبەتیان لە پشتە؛ بۆ نموونە لە وڵاتێکدا کە بەرژەوەندیی نیشتمانی لە سەرووی هەموو بەرژەوەندییەکانە، ڕێکەوتی لەدایکبوونی کەسایەتییەکی گەورەی نیشتمانی کە مایەی شانازیی تەواوی کۆمەڵگەیە، وەک ڕۆژی مامۆستا دیاری دەکرێت؛ بەڵام لە وڵاتێک کە دەسەڵاتێکی دیکتاتۆر بەڕێوەی دەبات، نەتەنیا ساڵڕۆژی لەدایکبوونی کەسایەتییەکی نیشتمانی هیچ گرینگییەکی پێ نادرێت، ڕەنگە ساڵڕۆژی لەدایکبوونی کەسایەتییەکی سیاسیی سەر بەو دەسەڵاتە دیکتاتۆرە کە لە کۆمەڵگەدا خاوەن هیچ پێگەیەکیش نییە، وەک ڕۆژی مامۆستا دیاری بکرێت.

ناودێرکردنی ڕۆژەکان لە ئێراندا

هەروا کە ئاماژەم پێ کرد، ناودێرکردنی ڕۆژەکان لە هەر وڵاتێکدا پێکەوە جیاوازە. ئەم بابەتە لە ئێرانیش بە هەمان شێوەیە و بگرە زۆر جیاوازترە، چونکە دەسەڵات لە ئێران بە دەستی تاقمێکەوەیە کە نوێنەرایەتیی بەشێکی زۆر کەم لە خەڵک دەکات و ئەوەی بۆ ئەوان لە سەرووی هەموو بابەتێک و پرسێکەوەیە، مانەوەی سیستەمەکەیانە. بۆیە لە وڵاتێکی وەک ئێراندا، هەموو بابەت و پرسێکی پێوەندیدار بە دەسەڵاتەوە، لە ڕاستای مانەوە و خزمەت بە سیستەمەکە چاوی لێ دەکرێت و کاری بۆ دەکرێت، کە ناودێرکردنی ڕۆژەکانیش لەو جۆرە ڕوانگەگەلە پارێزراو نییە.

لە سەرەتای بابەتەکەدا ڕۆژی مامۆستام وەک نموونە هێنایەوە. بۆ ڕوونترکردنەوەی مەبەستم لەم بابەتە، ئاماژەیەک بە ڕۆژی مامۆستا لە ئێران دەکەم.

لە ڕۆژژمێری کۆماری ئیسلامیی ئێراندا، ڕۆژی ۱۲ی بانەمەڕ وەک ڕۆژی مامۆستا ناودێر کراوە. دوای شۆڕشی گەلانی ئێران لە ساڵی ۱۳۵۷ی هەتاویدا و دوای ئەوەی تاقمەکەی خومەینی دەستیان بەسەر شۆڕشدا گرت، ڕێکەوتی ۱۲ی بانەمەڕی ۱۳۵۸، "مورتەزا موتەهەری" کە سەر بە تاقمەکەی خومەینی بوو، لەلایەن گرووپێکی دژبەری کۆماری ئیسلامییەوە کوژرا و ئەوە بوو کە ئەم ڕۆژە، واتە ڕۆژی کوژرانی موتەهەری، بە ئامانجێکی سیاسی و ئایدیۆلۆژییەوە، وەک ڕۆژی مامۆستا لە ئێران دیاری کرا. ئاخوند مورتەزا موتەهەری، ئەندامی هەیئەتی موئتەلیفەی ئیسلامی و لە ئیدئۆلۆگەکانی نیزامی کۆماری ئیسلامیی ئێران بوو و دوای شۆڕشی ۵۷ بوو بە سەرۆکی شۆرای ئینقلاب.

ئەم نموونەیە زۆر بەباشی ڕوونی دەکاتەوە کە ڕۆژی ۱۲ی بانەمەڕ لە ئێران کە بە ڕۆژی مامۆستا ناودێر کراوە، چ مەبەستێکی سیاسی و ئایدیۆلۆژیی لە پشتە. وێڕای ئەوە، نموونەیەکی ترتان بۆ باس دەکەم، چ وەک گەیاندنی زانیاری بێت، چ وەک وەبیرهێنانەوەیەک:

کۆماری ئیسلامی، ڕۆژی لەدایکبوونی حەزرەتی "عەلیـ"ـی وەک ڕۆژی باوک و پیاو لە ئێران دیاری کردووە. هەروەها ڕۆژی لەدایکبوونی "فاتمەی زەهرا"ی وەک ڕۆژی دایک و ژن لە ئێران دیاری کردووە. لەم دوو نموونەیەدا دەردەکەوێت کە ناودێرکردنی ئەم ڕۆژانە مەبەستێکی سیاسی و ئایدیۆلۆژی و ئایینیی لە پشتە.

ئێران وڵاتێکی بەرین و فرەنەتەوە و فرەئایینە، بەڵام نە ڕێژیمی پێشووی ئێران و نە کۆماری ئیسلامی، قەت دانیان بەمەدا نەناوە و بۆ سەپاندنی ئەم ڕوانگە هەڵەیە کە ئێران وڵاتێکی یەک نەتەوەییە، بە درێژایی حکوومەتی پەهلەوی و کۆماری ئیسلامی، هەزاران کەسیان لە نەتەوە جیاوازەکان کوشتووە. ئەو سیاسەتە کە لە سەردەمی ڕەزای میرپەنجەوە دەستی پێ کردووە، ئێستاش لە فۆڕمگەلێکی تردا و بگرە بە شێوازی ڕادیکاڵتر، بەردەوامە.

ئەم ڕوانگە و ئەم جۆرە سیاسەتە، هەمیشە لە بەرژەوەندیی دەسەڵات و بە مەبەستی پاراستنی نیزام بووە و هەندێک جاریش لە بەرژەوەندیی نەتەوەی سەردەست (فارس) بووە. بۆ نموونە ڕۆژی ۲۵ی بانەمەڕ لە ئێران وەک ڕۆژی یادکردنەوەی "فیردەوسی"، شاعیری فارس، دیاری کراوە، بەڵام لە ئێران ڕۆژێک بۆ یادکردنەوەی مامۆستا "قانع"، شاعیری کورد نەتەنیا بوونی نییە، بەڵکوو سیاسەتی کۆماری ئیسلامی هەمیشە پشتگوێخستنی شاعیران و نووسەران و ڕووناکبیرانی کورد، کەسانێک وەک مامۆستا قانع، بووە. کەوایە نەتەوەکانی نێو چوارچێوەی ئێران، تەنانەت لە بواری ناودێرکردنی ڕۆژەکانیش لە ئێران، پەراوێز خراون و ئەمە لە ڕاستای سیاسەتی هێرشی فەرهەنگیی دەسەڵات بۆ سەر نەتەوە غەیرەفارسەکان بووە.

ئێمەی کوردستانی لەهەمبەر ئەم بابەتەدا

ئێستا کە دونیا، دونیای دیجیتاڵ و پێوەندییەکانە، زۆرینەی تاکەکانی کۆمەڵگە بە شێوازی جۆراوجۆر لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان کەڵک وەردەگرن و پێوەندیگرتن لە دونیای خوازەکیدا ڕۆژبەڕۆژ زیاتر پەرە دەستێنێت. لەم نیوانەدا من باس لە قازانج و زیانەکانی تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان ناکەم، بەڵکوو دەمەوێت قامک بخەمە سەر خاڵێکی زۆر گرینگ، ئەویش "بڵاوبوونەوەی خێرای داتا و زانیارییەکانە لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکاندا". لەم پێوەندییەدا، دەسەڵاتەکان هەمیشە بۆ بەرژەوەندیی خۆیان و بۆ پەرەدان بە ئایدیۆلۆژیی خۆیان لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان کەڵکیان وەرگرتووە و ئەمە شتێکی سەیر نییە، بەڵکوو ئەوە سەیرە کە کەسانێک وا بزانن کە بەو جۆرە نییە! کۆماری ئیسلامیش بە هەمان شێوە، گرینگییەکی زۆری بەم بابەتە داوە و بە هەزار سایبێریی ڕێژیم لەم بوارەدا چالاکن.

لەم بوارەش کە ئێستا من باسم لێوە کرد، کۆماری ئیسلامی لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان زۆر کاری کردووە. سایبێرییەکانی ڕێژیم لە پشت پەیجگەلێکی سەیروسەمەرەوە (کە قەت بیریشی لێ ناکەنەوە سەر بە کۆماری ئیسلامی بن)، خەریکی کارکردن لەسەر ئەم بابەتەن. بۆ نموونە وەها ڕۆژی مامۆستا لە ئێران (کە باسمان کرد چ ڕۆژێکە و چ مەبەستێکی لە پشتە) زەق دەکەنەوە کە لەناکاو دەبینیت، تەواوی تۆڕە کۆمەڵایەتییەکانی تەنیوە. "چاولێگەریـ"ـش یەکێک لە ئامرازەکانی یارمەتیدان بەم هەوڵەی ڕێژیمە: منی کورد لە یەکێک لەو پەیجانەدا پیرۆزبایی ڕۆژی مامۆستا دەبینم و خێرا ئەو بابەتە بەرهەم دەهێنمەوە، بۆ نموونە ڕۆژی مامۆستا لە ئێرانە و ئەمە دەکەمە بیانوویەک تاکوو پیرۆزبایی لە مامۆستاکانم بکەم!

بەڵام ڕۆژی مامۆستا لە ئێران ناتوانێت ڕۆژێک بێت بۆ ڕێزگرتن لە مامۆستایەکی کورد لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان، چونکە ڕۆژێکی حکوومەتییە (حکوومەتێک کە لە کوردستان داگیرکەرە) و تەنیا نوێنەرایەتیی تاقمێک لە کۆمەڵگە دەکات. بەڵام کۆمەڵێک کورد، لەژێر کاریگەریی تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان و بەهۆی چاولێگەرییەوە، بێ ئەوەی خوێندنەوەی بۆ بابەتەکە و سیاسەتی پشت بابەتەکە هەبێت، بێ ئەوەی ئاگادار بێت، دەبێت بە ئامرازێک بۆ پەرەسەندنی زیاتری ئەو ئایدیۆلۆژی و سیاسەتەی کە ڕێژیم دایڕشتووە.

دروستە ئێمە وەک کورد، خاوەن کیانی خۆمان نین، دەوڵەت یان حکوومەتێکی نیوەسەربەخۆشمان نییە، ئەم نموونەیەش کە باسمان لێوە کرد (ناودێرکردنی ڕۆژەکان) بە دەسەڵات دەکرێت تاکوو گشتگیر بێت، هەروەها پێویستیشمان بە وەها ڕۆژگەلێکە تاکوو بۆ نموونە ڕێز لە مامۆستاکانمان بگرین، بەڵام ئەگەر ڕۆژێکیشمان نەبێت، نابێ بکەوینە بازنەی ئەو سیاسەتەی کە داگیرکەر بۆمانی داڕشتووە. بۆچی دەبێ لە ڕۆژی لەدایکبوونی "مورتەزا موتەهەری" کە ئیدئۆلۆگێکی کۆماری ئیسلامی بوو (ڕێژیمێک کە داگیرکەری ئاو و خاکمانە) پیرۆزبایی لە مامۆستایەکی کورد بکەین کە شوناسی و جیهانبینییەکەی لەگەڵ "موتەهەری"، ئاسمان تا عەرز جیاوازە؟!

بەڵام لە بەرامبەردا حیزبە کوردستانییەکانیش لەم بوارەدا هەندێک کاریان کردووە (هەر چەند گشتگیر و فەرمی نین، بەڵام هەر باشن و دەتوانن بنەمایەک بن بۆ داهاتوو کە حکوومەتێک کوردی پێک بێت)، بۆ نموونە ۱۲ی بانەمەڕ لەلایەن یەکیەتیی خوێندکارانی دێموکراتی کوردستانەوە وەک ڕۆژی خوێندکاری کورد دیاری کراوە (کە بەرابەرە لەگەڵ ساڵڕۆژی شەهیدکرانی سمایل شەریفزادە. هەرچەند بە بۆچوونی من باشتر وابوو ڕۆژی لەدایکبوونی سمایل شەریفزادە وەک ڕۆژی خوێندکار دیاری بکرێت نەک ڕۆژی شەهیدبوونی) و ئەمە ڕێک دەتوانێت دانانی سنوور بێت لەنێوان ئێمە و "ئەویدیـ"ـدا، دەتوانێت ئاماژەیەک بێت بۆ ئەوەی کە ئێمەیش بڵێین ئێمەیش هەین و ئەوەی ئێوە باسی لێوە دەکەن، تەنیا نوێنەرایەتیی خۆتان دەکات، بەڵام ئێمە خاوەن شوناسێکی جیاوازین. ئەمە بۆ خۆی ڕاوەستان لە بەرامبەر سیاسەتە کۆلۆنیاڵیستییەکانی کۆماری ئیسلامییە. نموونەیەکی تر: با لە ڕۆژی لەدایکبوونی "فەرزاد کەمانگەر"دا پیرۆزبایی ڕۆژی مامۆستا لە مامۆستایانی کورد بکەین (زۆر کەس ڕۆژی لەسێدارەدانی فەرزاد کەمانگەر بە ڕۆژی مامۆستای کورد دەزانن، کە پێم وایە باشتر وایە ئەو ڕۆژە بۆ ڕۆژی لەدایکبوونی بگۆڕدرێت کە لێرەدا مەجالی شیکردنەوەی ئەو بۆچوونەم نییە).

ئاکام

وەک تاکێکی کورد، دەبێ هەموو کات وریا بین، بۆ نموونە لە بابەتێکی وەک ئەمەی من باسم کرد کە ڕەنگە ئاسایی چاوی لێ بکەن، بەڵام ئاسایی نییە و زۆر گرینگە و دەبێ هەستیار بین، تا بابەتگەلی هاوشێوە. بە ڕای من هەموو بابەتێک بۆ ئێمەی کوردستانی لەم دۆخەدا سیاسییە و دەبێ زۆر وردبین بین. داگیرکەرانی کوردستان لە هەموو بوارێکەوە بەپێی سیاسەت و ئایدیۆلۆژیی خۆیان لەگەڵ ئێمە هەڵسوکەوت دەکەن و ئەگەر ئێمە لەو بوارانەوە زانیاری و خوێندنەوەمان نەبێت، ئۆتوماتیک دەبینە ئامرازێک بۆ پەرەدان بەو سیاسەتانەی کە بۆ تواندنەوە و دژایەتی لەگەڵ خۆمان و شوناسمان داڕێژراوە.