دایکان و بنەماڵەی شەهیدانی ڕاپەڕین لە سنه و دێولان، سەردانی گڵکۆی شەهیدانی ڕاپەڕینی ژینا له شارەکانی دیواندەره و ئاواییەکانی دەوروبەریان کرد و یادی شەهیدانیان بەرز ڕاگرت.
ڕۆژی هەینی ١٥ی بانەمەڕ، دایکانی شەهیدان و بنەماڵەی شەهیدانی ڕاپەڕین لە سنە و دێولان، سەردانی گڵکۆی شەهیدانی ڕاپەڕینی ژینا له شارەکانی دیواندەره و ئاواییەکانی دەوروبەریان کرد و بە بەدەستەوەگرتنی وێنەی کۆمەڵێک شەهید و دانانی گوڵ لەسەر گڵکۆکانیان، یادی ئەو شەهیدانەیان بەرز نرخاند و پەیمانی وەفادارییان لەگەڵ ڕێبازی شەهیدان نوێ کردەوە.
دایکانی شەهیدان لەو سەردانەدا بە بەدەستەوەگرتنی پلاکارد ڕوو بە ڕێژیمی کۆماری ئیسلامیی ئێران ڕایانگەیاند: ''ئیمە بنەماڵەی شەهیدانی کوردستان، مامەڵە بە خوینی شەهیدەکانمان ناکەین.''
بە دوای دەستپێکی شۆڕشی ژینا لە کوردستان، بە دەیان ڕۆڵەی تێکۆشەر و تینووی ئازادی لەلایەن هێزە سەرکوتکەرەکانی ڕێژیمی ئێرانەوە بە تەقەی ڕاستەوخۆ یان لە زیندانەکانی ڕێژیم لەژێر ئەشکەنجەدا، شەهید کران.
لەو کاتەوە خەڵكی نیشتمانپەروەر و بەتایبەتی بنەماڵەی شەهیدان بۆ پەیمان نوێ کردنەوە و بەرزڕاگرتنی یادی شەهیدان، لە هەموو بۆنە و ڕۆژانی تایبەت کەڵک وەردەگرن.