کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

ناڕەزایەتیی خەڵکی ئیلام سەبارەت بە تێکدانی ژینگەی "بانکوڵ"

12:15 - 17 بانەمەڕ 2723

سەدان کەس لە خەڵکی ئیلام بە مەبەستی دەربڕینی ناڕەزایەتی لەهەمبەر پرۆژەکانی شیرکەتی نەوت و گازی ڕێژیمی ئێران کە ژینگەی ئەو ناوچەیەی تێک داوە، کۆ بوونەوە.

ڕۆژی شەممە ١٦ی بانەمەڕ، سەدان کەس لە چالاکانی ژینگەپارێز، ئەندامانی یانەکانی وەرزشی و شاخەوانی، ڕێکخراوە مەدەنییەکان و خەڵکی پارێزگای ئیلام ، لە ناڕەزایەتی بە تێکدان و کاولکردنی ژینگەی ناوچەی ''بانکوڵ'' لەلایەن ڕێژیمەوە، کۆ بوونەوە.

بەشداربووان لەو کۆبوونەوە ناڕەزایەتییەدا بە دروستکردنی بازنەیەکی مرۆیی، سەبارەت بە تێکدانی ژینگەی ئەو ناوچەیە، کاردانەوەیان پیشان دا.

پرۆژی مەیدانی گاز لە ''بانکوڵ'' بە مەبەستی تێکردن و پاشەکەوتی گاز، بووەتە هۆی کاولکاریی بەربڵاوی ژینگە و لەنێوچوونی دار بەڕووەکان لەو ناوچەیە.

ڕێژیمی ئیسلامیی ئێران لە درێژەی سیاسەتە نەگریسەکانی خۆی بە دژی نەتەوەی کورد و خاکی کوردستان، بە بەتاڵانبردنی سەرچاوە سروشتییەکان، بڕینی داری دارستانەکانی کوردستان و وەگەڕخستنی پرۆژە نازانستییەکان کە بە شێوەیەکی پیلانداڕێژراو و دوور لە هەر یاسایەکی ئەندازیارین، ژینگەی کوردستان بەرەو وێرانی دەبات.