برایم چووکەڵی
ئاوایی "کۆرکورە" گوندێکی ناوچەی سنەیە، گوندێکی سەرسەوز بە خەڵکێکی شۆڕشگێڕ کە زیاتر لە ١٠ شەهیدی لە ڕیزی کاروانی شەهیدانی حیزبی دێموکرات‌دا هەیە. شەهید شوکروڵڵا ئەڵاوەیسی یەک لەو شەهیدانەیە کە لە "هەگبەی شاخ و شۆڕش"ی ئەم ژمارەیەدا باس لە ژیان و بەسەرهاتی دەکەین.
شەهید شوکڕوڵڵا ئەڵڵاوەیسی ساڵی ١٣٣٨ چاوی بە دنیا هەڵێنا. هێشتا ساوا بوو کە بنەماڵەکەی هاتنە شاری سنە. شوکڕوڵڵا هەتا سه‌ركه‌وتنی شۆڕشی ١٣٥٧ی گەلانی ئێران شانبەشانی ئەندامانی دیکەی خێزانەکەی شانی وەبەر کار و بەرپرسایەتی بۆ دابینکردنی بژیوی ژیانیان دا. بەڵام لەگەڵ ئاشکرابوونی چالاکییەکانی حیزبی دێموکرات لەگەڵ چوار برای دیکەی بەناوەکانی حەبیبوڵڵا، فەتحوڵڵا، نەسروڵڵا و ئەسەدوڵڵا هاتنە ڕیزی پێشمەرگەکانی حیزبەوە و له "هێزی شه‌ریفزاده"دا سازمان دران. دواتر چارەنووس وابوو کە دواتر شوکڕوڵڵا و حەبیبووڵڵای برای لە ڕۆژێکدا پێکەوە شەهید بن.
شەهید شوکڕوڵڵا هەر لە سەرەتای پێشمەرگایەتییدا به‌هۆی ئازایه‌تی، لێزانی و لێوه‌شاوه‌یی له بواری نیزامی‌دا، وه‌ك سەرپەل له "لکی موبەسری" دیاری کرا. شوکڕوڵڵا لە ناوچەکانی سنە، کامیاران، دیواندەرە، ساڕاڵ، لەیلاخ، چەمشاری سنە و ژاوەرۆ و هەروەها کەڵاتەرزان و بەرپلەی مەریوان ئازایەتیی زۆری لە خۆی پێشان دا؛ ئەمەش بووە هۆی ئەوەی وەک جێگری لک و دواتر وەک فەرماندەری لکی شەهید موبەسری دیاری بکرێ. شوکڕوڵڵا کەسێکی قسەخۆش و ڕوح‌سووک بوو. بە وردی ئاگای لە دەرد و مەرگی گەلەکەی بوو، بۆیە بەباشی بۆی دەرکەوتبوو ژیانی سەربەستی زەحمەت و کوێرەوەریی زۆری پێویستە و ڕزگاریی خاک و نیشتمانیش خەبات و قوربانیدانی دەوێت. حەماسەخوڵقێنیی شوکڕوڵڵا و چیرۆکی نەبەردییەکانی کەوتبوونە سەر زاری خەڵک و سنووری ناوچەکانی سنە و مه‌ریوان بڕیبوو.
شوکڕوڵڵا ڕۆژ لەگەڵ ڕۆژ زیاتر لە حیزب‌دا گەشەی دەکرد و هەڵی دەدا. ئه‌و پێشمه‌رگه تێکۆشه‌ره، ئه‌و و فه‌رمانده به‌زیپک و لێوه‌شاوه‌یه جێی هیوا و هۆمێدی حێزبی دێموکرات بوو، چونکی به‌کرده‌وه سه‌لماندبووی که ئه‌وینداری حیزب و خه‌باتگێڕێکی ڕاسته‌قینه‌ی ڕێگای دیاریکردنی مافی چاره‌نووسی نه‌ته‌وه‌که‌یه‌تی. به‌ڵام مخابن ئه‌و ده‌رفه‌ته‌ی بۆ نه‌ڕه‌خسا بە دڵی خۆی خزمه‌ت به حیزب و گه‌له به‌شخوراوه‌که‌ی بکا و، ئەو ئه‌ستێره پڕشنگدارە زۆر زوو له ئاسمانی خه‌باتی ڕه‌وای نهتهوەکەی ئاوا بوو.
ناوچه‌ی له‌یلاخی سنه لە ڕۆژانی ٢٧ هەتا ٢٩ی گلاویژی ١٣٦٢دا گۆڕه‌پانی حه‌ماسه‌خوڵقێنی و ههڵمهتبەریی ده‌سته‌یه‌ک له پێشمه‌رگه فیداکاره‌کانی هێزی شه‌ریفزاده بوو. ئەوان ئازایانه له‌به‌رانبه‌ر هێرشی دڕندانه‌ی به‌کرێگیراوانی کۆماری ئیسلامی‌دا سه‌نگه‌ری دیفاع له بوون و مانی نه‌ته‌وه‌که‌یان گرت و تا دوا فیشه‌ک و دوا دڵۆپی خوێن و دوا هه‌ناسه‌ی ژیانیان، بەگژ داگیرکه‌راندا چوونەوە و وانەی کۆڵنه‌دان و بهچۆکدانههاتنیان تۆمار کرد، بۆ‌وی نەوەکانی دوای خۆیان بیکه‌نه سه‌رمه‌شقی ڕێگای خه‌باتیان.
له‌شکری کۆماری ئیسلامی به هێزێکی لهئهژمارنههاتوو، و به پشتیوانیی تانک و تۆپ و خۆمپارە و کاتیوشا له هه‌موو لایه‌که‌وه په‌لاماری ناوچه‌ی "ڕمشت و میراوه"ی دابوو. دوژمن هه‌موو ڕێگاکانی له پێشمه‌رگه گرتبوو، و هیچ ڕێگایه‌کی ده‌ربازبوونی بۆ نه‌هێشتبوونه‌وه. پێشمه‌رگه‌ی دێموکرات تەنیا دوو ڕێگای له‌به‌ر بوو: یا شکان و خۆبەدەستەوەدان، یان مه‌رگی سه‌ربه‌رزانه. ئەوان وه‌ک هه‌میشه ڕێگای دووهه‌میان هه‌ڵبژارد و به‌ڵێنیان دا لەپێناو سەربەستیدا گیان دابنێن، به‌ڵام بۆ دوژمن سه‌ر نه‌وی نه‌که‌ن. بۆیە به بڕیاری فه‌رمانده‌ری کارلێهاتوو سه‌روان ئێقباڵ کهریمنهژاد هێزی پێشمەرگە بۆ شکاندنی گه‌مارۆی دوژمن کەوتنەخۆ، و شوکڕوڵڵا له پێشه‌وه‌ی هاوڕێیانیدا هەڵمەتی بردە سه‌ر سه‌نگه‌ره‌کانی پێشەوەی دوژمن و چه‌ندین کەلاکی لێ خستن.
ناوچه‌ی "ڕمشت و میراوه" ئاگر و ئاسنی به‌سه‌ردا ده‌باری و نوقمی گڕ و دووکه‌ڵ ببوو. له هه‌موو لایه‌ک گرمه‌ی تۆپ و قریشکه‌ی بیکەیسی و هاژه‌ی کاتیۆشا و لوره‌ی خۆمپاره ده‌نگی دەهات و شاخ و پێده‌شتی ده‌دڕی و به‌ره‌و سه‌نگه‌ری ڕۆڵه‌کانی دێموکرات ده‌چوو، به‌ڵام هێزی پێشمه‌رگه کە قه‌ت له ئاور و ئاسنی دوژمن نه‌ترساوه، هه‌ر به‌ره‌و سه‌نگه‌ری دوژمن پێشڕه‌وییان ده‌کرد و لە هەولی شکاندنی ئەو گەمارۆ قورسەدا بوون. هێزەکەی دێموکرات پاش سێ ڕۆژ شه‌ڕی ده‌سته‌ویه‌خه، سێ ڕۆژ شەڕی سه‌نگه‌ر به سه‌نگه‌ر و، سێ ڕۆژ حهماسهخوڵقاندن هەموویان شەهید بوون و چوونە ڕیزی کاروانی نەمرانەوە، بەڵام مێژوویەکیان لە ئازایەتی، گیانبەختکردن و سەروەری بۆ خاک و نیشتمان و گەلەکەیان تۆمار کرد. ئەو شازدە ئەستێرەیەی بوونە گەلەئەستێرەی ئاسمانی خەباتی نەتەوەکەیان بریتی بوون لە: شوکڕوڵڵا ئەڵڵاوەیسی (فەرماندەری لک)، سەروان ئیقباڵ کەریمنژاد (فەرماندەری هێز)، موزه‌فه‌ر تابیعی (جێگری فه‌رمانده‌ری هێز)، حه‌بیبوڵڵای ئەڵڵاوەیسی (برای شەهید شوکڕوڵڵا و فه‌رمانده‌ری ده‌سته)، عه‌باس شه‌ریعه‌تی (ئه‌ندامی کومیته‌ی ناوچه)، تۆفیق ئه‌سه‌دنژاد (جێگری لک)، عه‌بدوڵڵا ڕه‌زایی (فه‌رمانده‌ری ده‌سته)، ئه‌میر محه‌ممه‌دی، ناسر ڕۆسته‌می، محه‌ممه‌دی زیبایی، یه‌دوڵڵا هادی، ئه‌میر ئه‌نساری، هاشم سهلاحیان، زاهید عه‌لامی، حه‌مید یه‌حیه‌وی و عه‌لی حه‌بیب‌نژاد.
حیزبی دێموکرات لەو پەلامارەدا پۆلێک فەرماندە و پێشمەرگەی ئازای لەدەست دا، بەڵام هاوسەنگەرانی ئەو شەهیدانە کە قەتیان وره به‌ر نه‌دابوو، هەر پاش ئەو ڕووداوە چه‌ندین عه‌مه‌لیاتی سه‌رکه‌وتووانه‌یان به یادی ئه‌وان به‌ڕێوه برد.