عومەر باڵەکی
قسەکانهی خامنەیی سەبارەت بە گشتپرسی لە ڕۆژی ٢٩ی خاکەلێوەی ١٤٠٢ی هەتاوی لە کۆبوونەوە لەگەڵ پۆلێک خوێندکاری بەسیجیی زانکۆ سەرەڕای ئەوەی باسوخواسێکی زۆری لەنێوان لایەنگران و دژبەرانی نیزامدا لێ کەوتەوە، خۆی دەرخەری ئەو ڕاستییە بوو کە نیزامی کۆماری ئیسلامی دوای سەرهەڵدانی ڕاپەرینی "ژینا" بەتەواوی پایەکانی دەسەڵاتدارەتیی لەق و هڵۆڵ بووە و دەسەڵاتدارانی ئەو نیزامە جگە لە سەرکوت و زەبروزەنگ هیچ شتێک شک نابەن بۆ بەرەوڕووبوونەوە لەگەڵ خەڵک. ترس لە گەڕانەوە بۆ دەنگ و ئیرادە و بڕیاری خەڵک نیشانەی ئەوپەڕی لەدەستدانی ڕەواییە لەلایەن ئەو خەڵکەوە.
لە سەردەمی ئێستادا و بە تایبەتی لە وڵاتانی دێموکراتیک و پێشکەوتوو بۆ پرسە چارەنووسسازەکان لەنێو خەڵکدا گشتپرسی دەکەن. ئامانج لە گشتپرسییش ئەوەیە دەسەڵات دوورەپەرێز بێ لە داڕشتن و جێبەجێکردنی قانوونێک کە لە زیانی کۆمەڵگە بشکێتەوە. لە وڵاتە دێموکراتیکەکاندا کە پێوەر ئیرادەی گەلە و دەسەڵات دەستاودەست دەکرێ، لە دوو بواری جیاوازدا لەلایەن دەوڵەتەوە گشتپرسی لەنێو خەڵکدا دەکرێت. یەکەم لەسەر پرسە سیاسییە هەستیارەکان و دووهەم لە بواری بنەما سەرەکییەکاندا.
لە بواری پرسە سیاسییەکاندا دەوڵەت بۆ ئەوەی پرۆژەیاسایەک لەنێو کۆمەڵگەدا بە باشترین شیوە بەڕێوە بچێ و لە کاتی جێبەجێکردندا تووشی کەمترین ئاستەنگ ببێت، پرۆژەیاسایەکە دەخاتە بەر دەنگدانی خەڵک و ئاکامەکەی هەرچی بێت، دەوڵەت و دەسەڵات لەسەریانە لە مەیدانی کردەوەدا جێبەجێی بکەن. لەو شێوە گشتپرسییەدا خەڵک سەرپشکن لەوەی بەشدار بن یان نا! بەڵام گشتپرسی لە بواری بنەما سەرەکییەکانی وەک گۆرینی سیستمی حوکمرانیی وڵات یا دەستوەردان لە قانوونی بنەڕەتیی وڵاتدا بەشداریی خەڵک هەم پێویستە و هەم ئەرک؛ چونکی پێوەندی بە چارەنووسی تاک بە تاکی کۆمەڵگەوە هەیە و لەسەر جومگەکانی ژیانی ئەوان و وڵاتیش لە هەموو بوارەکانی سیاسیی، ئابووری و شێوازی بەرێوەبردنی وڵاتدا کاریگەریی هەیە.
قسەکانی خامنەیی لەو کۆبوونەوەیەدا سەبارەت بە گشتپرسی لە دوو ڕوانگەوە جێگای سەرنج و هەڵوێستە لەسەر کردنن. یەکەم ناوبراو دەڵێ:"لە هیچ جێگایەکی ئەو دنیایەدا لەسەر پرسە سەرەکییەکان ڕێفراندۆم ناکەن." دووهەم ناوبراو لە درێژەی قسەکانیدا دەڵێ: " ... خەڵک توانای لێکدانەوەیان لەسەر پرسە سەرەکییەکان نییە." خامنەیی یان بە هەڵە لە گشتپرسی تێگەیشتووە یان دەیهەوێ بە چەواشەکاری لەو چەمکەدا نیاز و مەبەستە سیاسییەکانی خۆی حەشار بدات. چونکە لە هەموو کۆمەڵگەیەدا کاتێک گشپرسییەک دەکرێ کە قانوونێک یان دۆخێکی ئارایی نەتوانی وەڵامدەری ویست و داخوازییەکانی کۆمەڵگە بێت. هەروەها بە پێچەوانەی بۆچوونەکانی خامنەیی، لە سەردەمی ئیستا و لەنێو وڵاتانی دنیادا گشتپرسی بە یەكێک لە فاکتەر و ئامرازەکانی نهادینەبوونی دێموکراسی و دەوڵەتداری دادەنرێت. بۆ نموونە لەنێوان ساڵەکانی ١٩٩٠ هەتا ٢٠٢٠ی زایینی لە وڵاتی سویس ١٣٠ گشتپرسی، لە وڵاتی ئیتالیا ٦٠ گشتپرسی، لە ئیرلەند ٣٠ گشتپرسی، لە ئەمریکا، بریتانیا، فەرانسە و دانیمارک .... چەندین گشتپرسی بەڕێوە چوون کە زۆربەی زۆری ئەو گشتپرسییانە لەسەر پرسە سەرەکی وچارەنووسسازەکان بووە. هەمدیسان بەپێچەوانەی بۆچوونەکانی خامنەیی لە هەموو ئەو گشتپرسییانەدا خەڵکە بە تێگەیشتن و لێکدانەوەی خۆیان دەنگیان لەسەر پرسەکان داوە و چارەنووسی ئەو بابەتانەیان بۆ دەسەڵات یەکلا کردۆتەوە.
ئەگەر خامنەیی وەک ڕێبەری نیزامی کۆماری ئیسلامی لەسەر گشتپرسی باوەڕی بەو بۆچوونەی خۆی هەبێ کە دەڵێ "خەڵک توانای تێگەیشتن و لێکدانەوەیان لەسەر پرسە سەرەکییەکان نییە"، دەبێ قەبووڵی بێ کە ئەو سێ بەناو گشتپرسییە کە لە ماوەی تەمەنی ٤٣ ساڵەی کۆماری ئیسلامیدا بۆ دیاریکردنی شێوازی حکومەت (١٣٥٨)، پەسندی یاسای بنەڕەتی (١٣٥٨) و پێداچوونەوە بە یاسای بنەڕەتی (١٣٦٨) هیچ شەرعییەتیان نییە و ئەگەر ئەوانە شەرعییەتیان نەبێ، نیزامی کۆماری ئیسلامی هەر لەجێدا و لە تەواوەتی خۆیشیدا شەرعییەتی نییە. چونکە لە ڕوانگەی دەسەڵاتدارانی کۆماری ئیسلامییەوە بنەمای ئەو سێ گشتپرسییە لەسەر ئەساسی دەنگ و ئیرادەی خەڵک داندراوە ولە ماوەی ٤٣ ساڵی ڕابردوودا بەرپرسانی نیزامی کۆماری ئیسلامی هەر کاتێک ویستبێتیان ئیدیعا بۆ شەرعییەتی سیاسیی خۆیان بکەن، ئەو سێ بەناو گشتپرسییەیان بە ڕووی گەڵانی ئێران لە نێوخۆ و خەڵکی دنیا داداوەتەوە و باسیان لەوە کردووە کە لە نیزامی کۆماری ئیسلامیدا قانوون و دەسەڵات بناخەکەی لەسەر دەنگی خەڵک داندراوە و خۆیان گوتەنی "میزان رای ملت است". بەڵام لە کردەوەدا ڕوانگەی دەسەڵاتدارانی ڕێژیم پێچەوانەی ئەو دروشمە بووە و دەنگی خەڵک لە پرسە چارەنووسسازەکان تەنیا ڕواڵەتی بووە و دەسەڵاتدارانی نیزام بەتایبەتی خودی ڕێبەر بڕیار و کرداری خۆیان لە سەرەوەی ویست و ئیرادەی خەڵک داناوە. ئەوەش زۆر بەڕوونی لە ئەسل و بڕگەکانی قانوونی بنەڕەتیی ڕێژیمدا ڕەنگی داوەتەوە.
بە بوونی ئەسلی ویلاتی فەقیهـ لە پێکهاتەی ئەو نیزامەدا مرۆڤی ئازاد کە خۆی لە ڕێگای هەڵبژیران و هەڵبژاردنەوە بڕیار لەسەر چارەنوسی خۆی بدا، بوونی نییە. چونکە بنەمای فکری و ئایدۆلۆژیای ویلایەتی فەقیهـ لەسەر ئەو ئەساسە دامەزراوە کە خەڵک (ئۆممەت) سەغیرە و توانای بریاڕدان و هەڵسەنگاندنی بابەتەکانی نییە و دەبێ هەتا هاتنەوەی ئیمامی مێهدی "زمان"، ڕێبەر سەرپەرستیی ئەو ئۆممەتە بکا و لەجیاتی ئەوان بڕیار لەسەر چارەنووسیان بدا. بە واتایەکی دی لە پاشخانی فکریی ڕێبەری کۆماری ئیسلامیدا حوکمڕانی ئاوا وێنا کراوە کە بەڕێوەبردنی وڵات و دەسەڵاتداری تایبەتە بە دەستەیەکی دیاریکراو، و خەڵک کە توانای لێک انەوەی پرسە سیاسیی و ئابووری و پێوەندییە دەرەکییەکانیان نییە، دەبێ گوێڕایەڵی دەستەی حوکمڕان بن! ئەوەیە واقعی سیاسی لە ئێرانی بندەستی کۆماری ئیسلامیدا.
لە دوای قسەکانی خامنەیی سەبارەت بە گشتپرسی هیندێک کەس و لایەن باس لەوە دەکەن خامنەیی بزماری لە تابووتی چەند ئەسلێکی قانوونی بنەڕەتی (٦، ٥٩، ١٧٧) داوە کە لەو چەند ئەسڵەدا باس لە پشتبەستن بە دەنگی خەڵک و ڕێفراندۆم کراوە. بەڵام لە ئەساسدا هیچ کام لەو ئەسڵانەی قانوونی بنەڕەتیی کۆماری ئیسلامی مەبەستیان ئەو ڕیفراندۆمە نییە کە دوای ڕاپەرینی "ژینا" ویستی خەڵکی وەزاڵەهاتووی ئێران لە دەست دەسەڵاتدارەتیی کۆماری ئیسلامییە و خامنەیی ڕێبەری کۆماری ئیسلامی بەباشی هەستی بە ئامانجی کۆمەڵگەی ئێران کردووە. بەڵام بۆ دڵگەرمیی لایەنگرانی نیزام خۆی لە ئاستی ئەو ڕاستییە گێل کردووە، بۆیە پەنای بۆ ئەو قسەیە بردووە و دەڵی خەڵک توانای لێکدانەوەی پرسە چارەنووسسازەکانیان نییە. بەڵام بەپێچەوانەی ڕوانگەی دوور لە ڕاستیی ڕێبەری ڕێژیم، خەڵکی ئێران لە ماوەی ڕاپەرینی "ژینا"دا سەڵماندیان کە چەندە وریا و پێگەیشتوون. کە خەڵک داوای بەڕێوەچوونی گشتپرسییش دەکەن، مەبەستیانە بە شێوازیەکی سەردەمیانە و بەبێ خوێڕشتن و بە چاوەدێری کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی و لە ڕێگای سندووقی دەنگدانەوە شێوازی حوکمڕانی لە ئێران بگۆرن و کۆتایی بەو نیزامە سیاسییە لە ئێران بێنن کە ٤٤ ساڵە خوێنی ئەوانی لە شووشە کردووە.
لەگەڵ هەموو ئەوانەدا ڕاستییەکی دیکەش هەیە، ئەویش ئەوە کە لە سیستمی کۆماری ئیسلامیودا بەڕێوچوونی گشتپرسی بۆ ئەو ئامانجە مەحاڵە. ڕاستە لە چوارچێوەی ئەسلی (٥٩ و١٧٧)ی یاسای بنەڕەتیدا ڕێکاری گشتپرسی دیاری کراوە و و بەپێی ئەسڵی ١٧٧ نێوەرۆکی نیزامی کۆماری ئیسلامی ناتوانرێ دەستکاری بکرێ. بەڵام ئەوە هەتا ئەوکاتە دروستە کە زۆرینەی خەڵکی ئێران پشتیوانی لە نیزامی کۆماری ئیسلامی بکەن. بەڵام ڕاپەرێنی "ژینا"ئەو ڕاستییەی دەرخست کە خەڵکی ئێران ئەو نیزامەیان ناوێ و، کاتێک زۆرینەی خەڵکی وڵاتێک دەسەڵات و نیزامی سیاسیی حاکمیان ناوێ، ئەو نیزامە شەرعییەتی خۆی لەدەست دەدا و قانوونی ئەساسییش کاری پێ ناکرێ. چونکە قانوونی بنەڕەتیی هەر وڵاتێک کاتێک شەرعییەت پەیدا دەکا کە لە گشتپرسییەکی سەرانسەریدا زۆرینەی خەڵک دەنگی پێ دابێ کە لە ئەساسدا ئەوە پێ دەگوترێ گرێبەستی کۆمەڵایەتی لەنێوان خەڵک و دەسەڵاتدا. بۆیە هەرکاتێک زۆرینەی خەڵکی ئەو وڵاتە خوازیاری گۆڕینی ئەو گرێبەست و ڕێککەوتنە بوون دەتوانن بیگۆڕن.
قانوون دەستکردی مرۆڤە بۆ ڕاییکردنی کار و ڕێکخستنی پێوەندییەکانی تاکی کۆمەڵگە و دەستنیشانکردنی ڕێکاری پێوەندیەکانی کۆمەڵگە ودەوڵەت، واتا رێککەوتنێکی کۆمەڵایەتییە لەنێوان خەڵک و دەسەڵات، بۆیە هیچ قانوونێک ناچێتە خانەی پیرۆزی کە مرۆڤ نەتوانێ دەستی بۆ بەرێ.