کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

ژنانی کورد ئەو هێزەیان هەبووە شەقامەکانی شار بجووڵێنن

21:56 - 17 بانەمەڕ 2723

(دەقی قسەکانی د. کوێستان گادانی، بەرپرسی هەیئەتی بەڕێوەبەریی حیزب لە دەرەوەی وڵات لە کۆنفڕانسی "ژن، ژیان، ئازادی" لە پاڕلمانی ئورووپا)

ئامادەبووانی بەڕێز!

خاتوون و ئاغایانی ڕێزدار!

سڵاو و ڕێزی من وەک نوێنەری بەشێک لە بزووتنەوەیەکی مافخواز و ڕزگاریخواز قەبووڵ بفەرموون.

پێم‌ خۆشە سەرەتای قسەکانم بە گێڕانەوەی چەند ڕستە لە دوایین قسەکانی فیلسووفی هاوچەرخ "سلاڤۆی ژیژەک" دەست پێ بکەم، کە لەمەڕ بزووتنەوەی "ژن، ژیان، ئازادی"یەوە، کردوویەتی. هەڵبەت ئەو بزووتنەوەیە و کۆی ڕووداوە سیاسییەکانی ساڵی ڕابردووی ئێران، سەرنجی زۆربەی هەرەزۆری بیرمەند و سیاستوانانی جیهانی بۆ لای خۆی ڕاکێشابوو. بەڵام ژیژەک ئاماژە بە خاڵیکی گرینگ دەکا و دەڵێ: "ئەمن بیستبووم کە بزووتنەەیەک دژ بە دەسەڵات لە ئێران لە ئارادایە، بەڵام دروشمەکانیانم پێ سەرنجڕاکێش نەبوو، بەیانییەک کە لەخەو هەستام و چاوم لە هەواڵەکان کرد، دروشمێکی تازە ڕایچڵەکاندم، ئەویش دروشمی "ژن، ژیان، ئازادی" بوو. ئەو دروشمەم پێ دروشمێکی پێشڕەو بوو. پێم سەیر بوو چۆنە گۆڕانێکی وا بنەڕەتی ڕووی داوە و دواتر کە سەر و سۆراغم کرد، دیتم ئەو دروشمە لە کورستانەوە سەری هەڵداوە و ئەو جار هۆکارەکەیم زانی."

 ئەگەر ئەو هۆکارانەی لە زەینی "ژیژەک"دا بوون وەلا بنێین و ئەو هۆکارانە بخەینە بەرباس کە لە ئەزموونی ژیاوی خەڵکی کورددان، بەو ئاکامە دەگەین کە چالاکیی ژنان و ڕۆڵی ژنان لە کۆمەڵگەی کوردستان لە ١٠٠ ساڵی ڕابردوودا، ڕۆڵێکی پێشڕەوە بووە. ئەدەبیاتی مودێڕنی کورد لە ١٠٠ ساڵی ڕابردوودا، پڕە لە وێنەیەکی ڕاستەقینەی ژن. وێنەیەک کە تێیدا ژن نە ئامرازە و نە تەنیا مەعشووق و خۆشەویست و دەستەوەستان، بەڵکوو وێنەی ژنی کورد لە ئەدەبیات و هونەردا وێنەیەکی بەرانبەرە لەگەڵ پیاوان. جودا لەوەی کە لە بنکە و بنیاتە کۆمەڵایەتی و سیاسییەکاندا، ژنی کورد زیاتر لە حەوت دەیەیە کە ڕۆڵی کارای هەیە.

بەڕیزان!

 ٧٧ ساڵ لەوە پیش لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان "یەکیەتیی ژنانی کورد" دامەزراوە و لەو حەفتا و حەوت ساڵەدا، ئەو یەکیەتیی ژنانە تا ئێستاش هەر چالاکە و بەرنامە و پڕۆگڕامەکانی خۆی بەڕێوە بردووە و لە سیاسەت و باری کۆمەڵایەتیی کورددا ڕۆڵی گێراوە. هەروەها ژنان لەنێو حیزبەکانیشدا قسەیان بۆ گوتن پێ بووە. لە چل ساڵ لەمەوبەرەوە، لە کاتێکدا زۆرینەی خەڵکی ئێران و ژنانی ئێرانی دەنگیان بە یاساکانی کۆماری ئیسلامی دا و لە ڕێفڕاندۆمێکدا وەڵامی ئەرێیان پێ دا، ژنانی کورد وێڕای پیاوان، تەنیا ناوچەیەکی ئێران بوون کە بە تێکڕایی بەشدارییان لە ڕێفڕاندۆمی  کۆماری ئیسلامیدا نەکرد و نەچوونە ژێر باری یاسا و ڕێساکانی ئەو سیستەمە داپڵۆسێنەر و دژە ئینسانییەوە.

جودا لەوە، هەر لە سەرەتای هاتنەسەرکاری کۆماری ئیسلامییەوە، لە کاتێکدا زۆربەی وڵاتان خەریکی ساتوسەدای ئابووری و سیاسی بوون لەگەڵ ئەو ڕێژیمە، خەڵکی کورد و حیزبی دێموکرات بە نوێنەرایەتیی ئەو خەڵکە، لە یەکەم ساڵی هاتنەسەرکاریەوە، دژی وەستان و پاش هێرشی کۆماری ئیسلامی بۆ سەر کوردستان و کۆمەڵکوژیی خەڵکی کورد، حیزبی دێموکرات بۆ پاراستنی کەرامەتی ئینسانی و بۆ بەرگری لە خەڵکی مەدەنی و وەدەستهێنانی ئازادی و بەربەرەکانی لەدژی کۆماری ئیسلامی، هاتە مەیدانی خەباتەوە و دژی ئەو ڕێژیمە شەڕی کرد و لە بەرانبەریدا ڕاوەستا. لە هەموو ئەو ڕەوتەدا ژنانی کوردیش وێڕای پیاوان لە هێزەکانی پێشمەرگە و بەرگریدا خۆیان سازمان دا و دژبە سیستەمی گەندەڵی سیاسیی ئاخوندی شەڕیان کرد.

 لە دەیەکانی دواتردا، هەموو بۆنە و ڕێ‌وڕەسمەکانی کۆمەڵایەتی کە لە کوردستان بەڕێوە چوون، نیشانیان داوە، ژنانی کورد لە هیچ کاتێکدا نەچوونەتە ژێر باری یاساکانی مەزهەبی ڕێژیمەوە و بە هەڵبژاردنی جلوبەرگ و جۆری پۆشەمەنیی و دەربڕینی بیروڕای خۆیان، دژبە ڕێژیم وەستاونەتەوە و تێچووی ئەو خەبات و خۆڕاگرییەیان داوە. لەو ڕێیەدا ئاماری ژنانی زیندانی و کووژراوی کورد بە دەست ڕێژیم ڕاستییەکان دەردەخا.

لە تازەترین وێستگەی خەباتی ژنانی کورد لە ئێران دژبە سیستەمی کۆماری ئیسلامییش، هەموو ڕاگەیەن و میدیاکان و ویژدانە ئاگاکانی جیهان دەزانن، ئەوە ژنانی کورد بوون کە پاش مەرگی "ژینا ئەمینی"، کچەلاوی کوردی سەقزی، بە جێگای شیوەن و گریان و دۆشدامان، دروشمی "ژن، ژیان ئازادی"یان بەرز کردەوە و ئەو دروشمە بەرە بەرە هەموو ئێران و جیهانی تەنییەوە.

ئەگەر سەرنجێکی وردتر و بەئینسافانە بدەین، دەزانین ئاخێزگەی ئەو دروشمە هەر پێشتریش کوردستان بووە و ئەوە ژنانی زوڵم‌چەشتووی کورد بوون کە هەم ستەمی نەتەوەیی و هەم ستەمی جینسی و هەم ستەمی مەزهەبییان دەرک کردبوو. هەر بۆیە لە ماوەی چوار دەیە لە تەمەنی ڕێژیمی ئیسلامیدا، قەت ملیان بۆ ویستەکانی ئەو سیستەمە ڕانەکێشا و هەمیشە دژ بە نابەرانبەری و نەبوونی ئازادی جووڵاونەتەوە و بۆ ماڤی ژنان و بە گشتی مافەکانی مرۆڤی پەسەندکراو لە چوارچێوەی "جاڕنامەی جیهانی مافی مرۆڤ" دا تێکۆشاون.

ئامادەبووانی هێژا!

تاڵە ئەو قسەیەی دەیکەم، بەڵام لە زۆر سەردەمی تاریکی ئەو سیستەمە حکوومەتییەدا، ژنانی کورد بەتەنیا ماونەتەوە، هەر وەک بزووتنەوە سیاسی و پێشکەوتنخوازانەکەی ئەو نەتەوەیە کە بەردەوام سەرکوت کراوە و ڕێژیمی کۆماری ئیسلامی بە گرتن و زەبروزەنگ، کوشتن، تێرۆر و ئێعدام ویستوویەتی بەچۆکی دابێنیت. بۆیە ئەگەر ئێستا بە یارمەتی ڕاگەیەنە گشتییەکان و دوای ئەزموونێکی تاڵی چل و چەند ساڵە، خەڵکی گەلانی دیکەی ئێران و ژنانی بەشەکانی دیکەی ئێران، دەنگیان هەڵبڕیوە، ژنانی کورد هەر لە سەرەتاوە پێشەنگی ئازادیخوازی بوون و وەک باسم کرد زیاتر لە ٧٧ ساڵە بەردەوام و بەڕێکخراو، بۆ وەدەستهێنانی مافەکانیان شەڕ دەکەن.

هەڵبەت دەبێ ئەوەش بڵێین کە نەک هەر لە کوردستانی ئێران، بەڵکوو لە بەشەکانی دیکەی کوردستانیش ژنان ڕۆڵی پێشەنگیان بۆ بەربەرەکانی لەگەڵ هێزە ئیڕتجاعی و دواکەوتووەکان هەبووە. جیهان لە خۆبوردوویی ژنانی "ڕۆژئاوای کوردستان"ی لە بەرانبەر "داعیش"دا لە بیر ناچێتەوە. لە کاتێکدا کە هێزی ڕەشی داعیش، هەڕەشەیەکی جیهانی ساز کردبوو، و هەموو ناوچەی ڕۆژهەڵاتی ناوینی لە خوێن  و کوشتاردا نوقم کردبوو، ژنانی جەنگاوەری ڕۆژئاوای کوردستان بە توانا و ئیمانێکی ئینسانییەوە، لە بەرانبەریاندا ڕاوەستان و شکستیان بە داعیش و هێزە داپڵۆسێنەرەکەی هێنا و لەو ڕێیەدا هەزاران ژنی جەنگاوەری کورد شەهید بوون.

ئەگەر بگەڕێینەوە سەر بزووتنەوەی "ژن، ژیان، ئازادی" دەبێ ئەو ڕاستییە باس بکرێ؛ کە لە کۆڕ و کۆبوونەوە جیهانییەکان بە ڕادەی قورساییەک کە ژنانی کورد لەو بزووتنەوەیەدا بوویانە، بایەخیان پێ نەدراوە و پرس و ڕایان پێ نەکراوە. سیاسییەکانی جیهان دەبوو و دەبێ، ئەو ڕاستییە بزانن پتر لە چل ساڵە ژنی کورد سینگی کردووەتە قەڵغانی هەموو ژنانی ئێرانی و لە بزووتنەوەی نوێشدا، ڕۆڵی ڕادیکاڵ و کارای هەبووە و هەیەتی. ئێستاش شێوەی ڕووبەڕووبوونەوە و ئامادەیی ژنانی کورد و حوزووریان لە شەقامەکان لەگەڵ باقی ژنانی ناوچەکانی دیکەی ئێران بەڕاستی بۆ بەراورد نابن. ئێوە بە چاوی خۆتان و لە ڕێگەی وێنە و دیمەنەکانی نێو سۆسیال‌مێدیاوە دەبینن کە بە سەدان و هەزارن ژن دەڕژێنە سەر شەقامەکان و لە بەرانبەر هێزە سەرکوتکەرەکاندا، داوای مافی ژنان دەکەن. لێرەدا دەمەوێ سەرنجتان بۆ خاڵێکی تایبەت ڕابكێشم. ژنانی کورد تەنیا بە دروشمدان لە سەر باڵەخانە و دروشم نووسین لەسەر دیوارەکان و کۆبوونەوەی چەند کەسی، دەست هەڵناگرن و ئەو هێزەیان هەبووە و هەیە کە شەقام بجووڵێنن. ڕاپەڕینەکانی ژنان لە چەند مانگی ڕابردوو لە شارەکانی سنە، مەهاباد ، بۆکان، جوانڕۆ، سەقز، دیواندەرە، مەریوان، شنۆ، پیرانشار و زۆر شاری دیکەی ڕۆژهەڵاتی کوردستان، سەلمێنەری ئەو ڕاستییەن. ئەگەرچی بەداخەوە ڕاگەیەن و تەلەویزیۆنە فارسی‌زمانەکانی دەرەوەی ئێران، کەمترین گرینگییان بەو بابەتە داوە و لە پەراوێزدا ئاوڕیان لێ داوەتەوە، هەر وەک چۆن، ئاوڕێکی کەمیشیان وەسەر سەدان لاوی شەهید و سەدان زیندانی دراوەتەوە کە لە شارە کوردەکان لەو ماوەیەدا بە دەست ڕێژێمی ئیڕان کووژراون و بەند کراون.

بەڕێزان!

دەسەڵاتی کۆماری ئیسلامی لەسەر بناغەی سڕینەوە و هەڵاواردن داندراوە. لە حاڵێکدا کە ئازادیی ئایین و ئایینزا وەک یەکێک لە بنەماکانی مافی مرۆڤ لە چەمکی جیهانداگریی مافی مرۆڤدا دانی پێدا نراوە و لەلایەن کۆمەڵگەی نێونەتەوەییەوە بەڕەسمی ناسراوە؛ بەڵام ئیدئۆلۆژیی دەسەڵاتی حاکم بەسەر ئێراندا نەک هەر مافی کەمینە ئایینییەکان بەڕەسمی ناناسێ، بەڵکوو لە هەموو ڕێگەیەکی سەرکوت و پشتگوێ‌خستن و ڕێگرییەوە ماف و ئازادییەکانیان پێشێل دەکات. کۆماری ئیسلامیی ئێران لە تەنیشت سیاسەتی ڕەسمیی پێشێلکردنی مافی کەمە ئایینییەکان، ئایین وەک ئامرازێک بۆ سەرکوتی ژنان و بێبەشکردنی ئەوان لە ئازادیی ئایین و بڕوامەندی بەکار دێنێت کە ئەو پێشێلکردنی مافە لە دیاردەکانی وەک کوشتن لەسەر نامووس و پارێزراوبوون لە سزادا دەگاتە لوتکە. دەسەڵاتی کۆماری ئیسلامی هەروەها بە گەڕانەوە بۆ ئایینزای ڕەسمیی خۆی کۆمەڵگەی ئێل جی بی تی (LGBT) بەتوندی سەرکوت و تەنانەت ئێعدامیان دەکات. بۆیە پشتگرتنی خەباتی خەڵکی ئێران بەدژی دەسەڵاتی کۆماری ئیسلامی ئەرکێکی ئەخلاقی و مرۆیی و لەپێناو چێ‌کردنی کۆمەڵگەیەکی یەکسانترە.

لێرەوە دیسان ئێمە وەک بەشێک لە بزووتنەوەی سەرانسەریی ئازادیخواز و، وەک نوێنەرانی خەڵکی کورد، دەنگمان بەرز دەکەینەوە بۆ گەیشتن بە ئازادی و بەرابەری و یەکسانی. دەنگمان بەرز دەکەینەوە بۆ وەدەستهێنانی مافی وەک‌یەک و بەرابەر و پێکهێنانی دەوڵەتێکی سێکۆلاری دێموکڕات و فیدڕاڵ، کە تێیدا هەم مافی ژن و پیاو پارێزراو بێت و هەم مافی هەموو نەتەوەکانی نێو جواغڕافیای ئێران.

لەو پێوەندییەشدا چەند داخوازییەکتان بەرەوڕوو دەکەین:

١) هەروەک دەزانن لە ڕەوتی شۆڕشی ژینادا ژمارەیەکی زۆر لە ژنان دەسبەسەر کران کە بەشێکی زۆریان ئێستاش لە گرتووخانەکاندان و ئەشکەنجە دەکرێن و دەستدرێژییان دەکرێتە سەر. ئەوان لە ڕووی داراییەوە توانای گرتنی پارێزەر یان دابینکردنی پێداویستییەکانی بێهداشت و سڵامەتییان نییە. بۆیە داواتان لێ دەکەین یارمەتییان بدەن بۆوەی بتوانن بۆ داکۆکی لە خۆیان پارێزەریان هەبێ و دەرەقەتی تێچووە پزیشکی و دەرمانییەکان بێن.

٢) ژنانی کورد سەرەڕای پاشخانی زۆریان لە خەبات و داکۆکی لە مافی مرۆڤ تا ئاستێکی زۆر لە کۆمەڵگەی جیهانیدا پەراوێز خراون. داوا دەکەین لە کۆڕ و کۆمەڵە نێونەتەوەییەکان بۆ باس لەسەر پرسی ئێران بایەخی پتر بە دەور و چالاکیی ژنانی کورد بدرێ، بەتایبەت کە ژنانی کورد ئەزموونێکی دەوڵەمەندیان لە کاری ڕێکخراوەییدا هەیە و دەتوانن لە ڕەوتی خەبات دژی کۆماری ئیسلامیدا یارمەتیدەرێکی باش بن.

٣) زۆر لە ژنانی چالاکی کورد ناچار بە جێهێشتنی وڵات دەبن و پەنا بۆ وڵاتانی دراوسێ یان ئورووپا دێنن و دەکەونە بەردەم داهاتوویەکی ناڕوون. ئێمە داوا لە یەکیەتیی ئورووپا، بەتایبەت بەڕێز پینا پجرنوو جێگری سەرۆکی پاڕلمانی ئورووپا دەکەین لەپێناو دەستەبەری داهاتوویەکی ڕوون بۆ ئەوان تێ‌بکۆشن.

٤) زۆر لە ژنانی چالاکی سیاسیی کوردی ئێران بە منداڵ و بنەماڵەوە لە هەرێمی کوردستانی عێڕاق لە چەند بنکەیەکدا نیشتەجێن. ئەوان لەڕووی ئابووری و بژیوی ژیانەوە دۆخی شیاوی کەسێتیی سیاسیی خۆیانیان نییە و تا سەرباقی ئەوەش تا ئێستا لەلایەن ئێرانەوە چەند جار هێرشی مووشەکییان کراوتە سەر کە کوژران و برینداربوونی چەند کەس لەوانی لێ کەوتۆتەوە. ئێمە داوا لە یەکیەتیی ئورووپا و کۆمەڵگەی جیهانی دەکەین لە ڕێگەی ڕێوشوێنەکانی خۆیەوە گوشار بۆ کۆماری ئیسلامی بێین بۆوەی ئەمنییەتی گیانیی ئەو ژن و منداڵ و کۆمەڵە خەڵکە دابین ببێت.

بۆ گەیشتن  بەو ئامانجە ئینسانییە و بۆ ڕزگاری لە دەست سیستەمی دژە ئینسانی کۆماری ئیسلامی، دەستی هاوکاری بۆ هەموو ئێوەش درێژ دەکەین.

بژین و سەرکەتوو بن.

"ژن، ژیان، ئازادی".