سمایل شەرەفی
ئاساییکردنەوەی دۆخی دڵخوازی دیکتاتۆر و عادەتدانی خەڵکی وڵات بە بارودۆخی مەوجوود و خۆبواردنی هاووڵاتی لە پرسیارکردن و ناڕەزایەتینواندن بەرانبەر بە کەموکوڕی و سەرکوت، هەوڵی هەمیشەیی سیستەمە سەرەڕۆ و دیکتاتۆرییەکانە. کۆماری ئیسلامیی ئێران بە کەڵکوەرگرتن لە مەزهەب و بنەما ئیدئۆلۆژیکەکانی خۆی و ترساندنی خەڵک بەرانبەر بە هەر سەرهەڵدان و دەنگهەڵبڕینێک، بەردەوام هەوڵی داوە خەڵک ملکەچی دۆخی ئارایی بکات و نادڵخوازترین هەلومەرج بە ئاسایی نیشان بدات. بەشێک لە ئامرازەکانی پرسی ئاساییکردنەوە کە کۆماری ئیسلامیی ئێران ٤٤ ساڵە کەڵکی لێ وەردەگرێ، گرتنەبەری سیاسەتی سەرکوت و داپلۆسینە. بە شێوەیەک کە خودی ئەمری "سەرکوت" لە کۆماری ئیسلامیدا بە شێوەیەکی سیستماتیک، هەوڵی ئاساییکردنەوەی بەردەوامی بۆ دراوە.
بەلاڕێدابردنی بیروڕای خەڵک کە بەشێکە لە سیاسەتی ئاساییکردنەوەی دۆخی دڵخوازی دیکتاتۆر لە ئێران، وەک هەنگاوی یەکەم بە مەبەستی ڕەخساندنی زەمینە بۆ بەئاساییوەرگرتنی دۆخی دڵخوازی دیکتاتۆر کەڵکی لێ وەرگیراوە و پرسی ئاساییکردنەوەی پێ پاساو دراوە. قەیرانخوڵقێنی پلانێکی دیکەی پرۆسەی ئاساییکردنەوەیە کە ئەلحەق ژوورە ڕەشە فکرییەکانی کۆماری ئیسلامیی ئێران تێیدا شارەزا و خیبرەن.
لە شۆڕشی ژینادا کۆماری ئیسلامیی ئێران کە ڕووبەڕووی گۆڕانکارییەکی قوڵی سیاسی و کۆمەڵایەتی بوویەوە، هەر لە حەوتووەکانی سەرەتای شۆڕشەکەوە هەوڵی ئەوە بوو کە بەناولێنانی شۆڕشی ژینا بە "اختشاش"، هەڵسوکەوتی سەرکوتکارانەی خۆی بەرانبەر بە شۆڕشگێڕەکانی سەر شەقامەکانی وڵات، ئاسایی و یاسایی پێناسە بکات. هەر لە درێژەی ئەم پیلانەدا و لە مەرحەلەی بەلاڕێدابردنی بیروڕای گشتیدا، بەهێرشی موشەکی بۆ سەر حیزبە کوردییەکان و بەستنەوەی ناڕەزایەتییەکانی کوردستان بە ئامریکا و ئیسرائیل و دەستوپێوەندیی دەرەکی و بیانی، هەموو هەوڵی ئەوە بوو کە زەمینەی ئاساییبوونی هێرش و پەلامار بۆ سەر کوردستان، بڕەخسێنێ.
لە درێژەی ئەم شۆڕشەدا ڕێژیم بە شێوەی جواروجۆر لە چەند مەرحەلەی جیاوازدا بە گرتنەپێشی کۆمەڵێک سیاسەتی سەرکوتکارانەی وەک هێرشی کیمیایی بۆ سەر قوتابخانەکانی کچان و توندوتۆڵکردنەوەی ڕێگارەکانی پاراستنی حیجاب و پەلاماردانی ژنانی بێحیجاب، لە فازێکی دیکەی سیاسەتی ئاساییکردنەوەدا هەوڵی ئەوە بووە کە وا بنوێنی کە شۆڕشی ژینا کۆتایی پێ هاتووە و ئەوەی هەیە کۆمەڵێک ناهەنجاریی کۆمەڵایەتییە کە بەپێی ڕەوتی ئاسایی ساڵانی پێشوو، بەرخوردیان لەگەڵ دەکرێ.
لە درێژەی ئەم قۆناغە لە ئاسایینیشاندانی دۆخەکە و بە خەیاڵی خاوی خۆیان خۆدزینەوە و ڕزگاربوونیان لە شۆڕشی ژینا و بزووتنەوەی ناڕەزایەتیی خەڵک دژ بە دیکتاتۆرییەت، لە کوردستان کە شۆڕشەکە تێیدا سەری هەڵدا و بۆ شوێنەکانی دیکەی ئێران پەلی هاویشت، سەرقاڵی ئاسایینیشاندانی دۆخەکەن. لە ماوەی یەک دوو حەوتووی ڕابردوودا ڕیژیم لە کوردستان بە وەڕێخستنی کۆمەڵێک فستیڤاڵ و کەڕنەڤاڵی فەرهەنگی و هونەری دەیهەوێ وا نیشان بدات کە ئەو خەڵکەی کە چەند مانگ پێش هاتنە سەر شەقامەکان و دروشمی نەمانی ڕێژیمیان دا و لە درێژەی سەرکوتێکی سیستماتیکی ڕەشدا بە دەیان کەسیان لێ کوژراو و بە سەدان و هەزارانیان لێ بریندار و زیندانی کران، هیچ کێشەیەکیان نەماوە و لە سەر شەقامەکان – هەر ئەو شوێنەی کە تێیدا خەباتیان کرد و خوێنیان دا – سەرقاڵی ژیانی ئاسایی خۆیانن و گوێ لە موزیک ڕادەگرن و دادەپەڕن!! ئەوە لە حاڵێکدایە کە خەڵکی بنەماڵەی قوربانییانی شۆڕشی ژینا لەسەر گڵکۆی شەهیدەکانیان سروودی شۆڕشگێڕانە دەڵێنەوە و بە کۆبوونەوەی سەدان کەس لە خەڵکی شارەکان لەسەر مەزاری شەهیدان، بەردەوامیی شۆڕشەکە بە گوێی دیکتاتۆریی کۆماری ئیسلامیدا دەدەنەوە.
ئەوەی ڕێژیم لەم پێوەندییەدا لە کوردستان دەیکات نەتەنیا هەوڵێکی سیستماتیکی پلان بۆدانراوە بۆ ئاساییکردنەوە و نیشاندانی دۆخەکە بە دڵخوازی خۆی، بەڵکوو تەحقیرکردنی کۆمەڵگەی کوردستان و شەقامە پڕ لە خەبات و خوێنەکانیەتی. وەک ئەوەی لە کوردستان "نە ی هاتبێ و نە بۆران".
لەم پێوەندییەدا کەم نین ئەو کەسانەش کە نائاگایانە یان بە پیلان و نەفسنزمییەوە کەوتنە داوی ئەم سیاسەتەی کۆماری ئیسلامیی ئێران. کاتێک کە لە شارێکی خاوەن شناسنامەی پڕ لە شانازی و شکۆ کە تێیدا لە شۆڕشی ژینادا بە دەیان کەس لە لاوەکانی بە دەستی هێزە سەرکوتکار و بەکرێگیراوەکانی کۆماری ئیسلامییەوە خەڵتانی خوێن کران، کۆمەڵە کەسێکی دیاری فەرهەنگی بەبێ لەبەرچاوگرتنی دۆخی سیاسیی کوردستان و باری دەروونیی کۆمەڵگە، بە پێکهێنانی کۆڕی هونەری، هاوتەریب لەگەڵ سیاسەتی ڕێژیم بۆ ئاسایینیشاندانی دۆخی کوردستان، ڕەفتار دەکەن، پێویستە بە جیددی ڕەخنەیان لێ بگیردرێ و لۆمە بکرێن. ئەوان ئەگەر بە هەر هۆکارێک نەیانتوانیوە لەپاڵ خەڵک بن و بەشداری شۆڕشەکە بن، بۆیان نییە خوێ بە زام و برینی بنەماڵەی شەهیدان، زیانلێکەوتووان و زیندانییانی سیاسیدا بکەن و دۆخەکە بە دڵخوازی دیکتاتۆرییەت ئاسایی نیشان بدەن.
ڕێژیمی کۆماری ئیسلامیی ئێران لە ئاستی سیاسەتی ناوچەیی و نێودەوڵەتیشدا هێندێک ئاوانس و چراسەوزی نیشان داوە کە ئەگەر لە لایەک بۆ خۆدەربازکردن لەژێر تەوژمی بارودۆخی نێوخۆی وڵات و شۆڕشی ژینادایە، لە لایەکی دیکەشەوە ڕاست لەپیناو ئاسایینیشاندانی دۆخی نێوخۆ و خۆگێلکردنی لە داخوازییەکانی خەڵکی سەرشەقامەکانی وڵاتە.
هیچ گومانی تێدا نییە کە ڕەوتی ناڕەزایەتییەکانی خەڵک دژ بە ڕێژیم و خەبات بۆ ئازادی و سەربەستی و گەیشتن بە وڵاتێکی دڵخواز، بەم سیاسەتانەی ڕیژیم – لەوانەیە تووشی نووشست و خاوبوونەوە بێت – لە ڕاوەستان و بەرەوپێشچوون ناکەوێ. بەڵام نابێ هێندێک کەس – جا چ بەشێک بن لە پیلانەکە و خۆشخزمەتی بکەن و چ ئاگایان لە پیلانەکان نەبووبێ و تێکەوتبێتن – ببن بە بەشێک لە سیاسەتی پیلانگێڕی و شەقامەکانی تەژی لە شۆڕش و ئیرادەی کۆتاییهێنان بە دیکتاتۆرییەت، بە چوون بەرەو ئاساییبوونەوە نیشان بدەن.