کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

ناوەندی ئاماری ڕێژیمی ئێران: نرخی هەڵاوسانی ساڵانە گەیشتووەتە نزیک ٤٦ لەسەد

11:37 - 18 بانەمەڕ 2723

ناوەندی ئاماری ڕێژیمی ئێران، ڕۆژی یەکشەممە ١٧ی بانەمەڕ، ڕایگەیاند کە ڕێژەی هەڵاوسانی ساڵانەی کاڵا و خزمەتگوزارییەکانی ماڵان بەپێی ساڵی ١٤٠٠، لە مانگی ڕەشەمەی ساڵی ١٤٠١دا گەیشتووەتە ٤٥.٨ لەسەد.

بەپێی ڕاپۆرتی ناوەندی ئامار، هەڵاوسان لە مانگی خاکەلێوەی ئەمساڵیشدا ڕەوتی بەرزبوونەوەی هەبووە، بە جۆرێک لەم مانگەدا "میوە و وشکەبەر" بە ڕێژەی ١٥.٣، زۆرترین هەڵاوسانی مانگانەیان هەبووە، "گواستنەوە" بە ڕێژەی ٨.٦ لەسەد و  کاڵا و خزمەتگوزارییەکانی دیکە بە ڕێژەی ٧ لەسە،د لە پلەبنەدییەکانی دیکەی هەڵاوساندان.

لە هەمان کاتدا هەواڵدەریی "مێهر" سەر بە ڕێژیم بە چاودێریی بازاڕی کاڵا سەرەتاییەکان، لە حەوتووی سێیەمی مانگی بانەمەڕی ساڵی ١٤٠٢دا، گرانبوونی نرخی شەکر و گۆشتی مریشکی بڵاو کردەوە.

ئەم هەواڵدەرییە نووسیویەتی: "کەمتر لە ٥٠ ڕۆژ بەسەر ساڵی ١٤٠٢دا تێپەڕیوە و لە بازاڕی قەند و هێلکە و مریشک و خۆراکیی دیکە هەڵاوسانی نرخەکان بەردەوامە، بە جۆرێک کە ئێستا لە بازاڕدا نرخی هەر کیلۆیەک قەند بە ٣٨ هەزار تمەنە، شەکر ٣٣ هەزار تمەن و مریشک بە زیاتر لە ٨٧ هەزار تمەن بە کڕیاران دەفرۆشرێت."

بەرزبوونەوەی نرخی هەڵاوسان لە ئێران لە حاڵێکدایە کە ڕێژیمی ئێران ساڵی نوێی هەتاویی بە دروشمی کۆنترۆڵی هەڵاوسان دەست پێ کرد، بەڵام ئەوەی لە بازاڕدا دەبینرێت بەرزبوونەوەی ڕۆژبەڕۆژی نرخی شتومەک و هەڵاوسانی زیاترە.

جێگەی ئاماژەیە کە لە سەرەتای ئەمساڵەوە زۆرێک لە چین و توێژەکانی کۆمەڵگە بەهۆی ئەو دۆخەوە مانگرتن و کۆبوونەوەی ناڕەزایەتییان دەربڕیوە و پێشبینیش دەکرێت ناڕەزایەتییەکان زیاتر پەرە بەستێنت.