کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

پشتیوانیی چەندین ڕێکخراوی سێنفی لە کۆبوونەوەی سەرانسەریی مامۆستایان لە ڕۆژی سێشەممەدا

11:49 - 18 بانەمەڕ 2723

چەندین دامەزراوە و ڕێکخراوی زانکۆ و سەندیکاکان، پشتیوانییان لە بانگەوازی شۆرای هاوئاهەنگیی مامۆستایانی ئێران بۆ کۆبوونەوەی سەرانسەری کرد و داوایان لە کرێکاران، خانەنشینکراوان، خوێندکاران و بنەماڵەکانیان کرد کە ڕۆژی سێشەممە ١٩ی بانەمەڕ لە کۆبوونەوەکاندا بەشداری بکەن.

شۆرای خانەنشینکراوانی ئێران لە بەیاننامەیەکدا ڕایگەیاند کە پشتیوانی لەم کۆبوونەوەیە دەکات و ڕایگەیاند: "بزووتنەوەی شۆڕشگێڕانەی ژن ژیان ئازادی کە بە کوشتنی ژینا ئەمینی دەستی پێ کردووە، بۆ دواوە ناگەڕێتەوە تا ئەو کاتەی چارەنووسی کۆمەڵگە بۆ ئازادی و خۆشگوزەرانی و یەکسانی دیاری دەکرێت.''

خوێندکارانی زانکۆی فێردەوسیی مەشهەدیش لە ڕاگەیەندراوێکدا ڕایانگەیاند کە ڕۆژی سێشەممە ١٩ی بانەمەڕ، بۆ پشتیوانی لە مامۆستایان کۆ دەبنەوە.

هەروەها چەندین دامەزراوە و ڕێکخراوی دیکە لە بەیاننامەیەکی هاوبەشدا پشتیوانییان لە گردبوونەوەکەی ڕۆژی سێشەممە کرد.

ئەم بەیاننامەیە بە واژۆی ڕێکخراوی خوێندکارانی پێشکەوتنخواز، ڕێکخراوی بیرمەندانی ئازادی جوندیشاپوور، ڕێکخراوی ئازادیخوازانی زانکۆی تاران- باکوور، یەکیەتیی خوێندکارانی زانکۆی ئەلزەهرا، یەکیەتیی خوێندکارانی زانکۆی سنە، یەکیەتیی زانکۆی تەکنەلۆژیای ئیسفەهان و خوێندکارانی ئازادی خوراسگان و هەروەها کۆمەڵێک لە خوێندکاران و چالاکانی زانکۆی ئیسفەهان، زانکۆی تەربییەت مودەڕیس و زانکۆی زانستە پزیشکییەکانی ئیسفەهان گەیشتوون.

لە چەند حەوتووی ڕابردوودا ناڕەزایەتییەکانی مامۆستایان لە ئێران دەستی پێ کردووەتەوە و ژەهراویکردنی زنجیرەیی قوتابییان لە قوتابخانەکانی ئێران، تووڕەیی مامۆستایانی بەرامبەر بە ڕێژیم زیاتر کردووە.