کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

بەیاننامەی مامۆستایانی ئایینی و خەڵکی سەقز بۆ پشتیوانی لە مامۆستا خودامورادی

11:58 - 18 بانەمەڕ 2723

مامۆستایانی ئایینی، شۆرای مەدەنی و خەڵکی شاری سەقز لە ناڕەزایەتی دەربڕین بەرامبەر بە حوکمی دڕندانە و نایاسایی بۆ مامۆستا سابیر خودامورادی، بەیاننامەیەکیان بڵاو کردەوە.

لە بەشگەلێک لەو بەیاننامەیەدا هاتووە:

سەرەڕای هەموو هۆشداری و هاوارە مافخوازانەکانی خەڵک، هێشتا دەسەڵاتدارانی ئەو وڵاتە پێیان وایە کە بە درێژەدان بە سەرکوتکردنی خۆپیشاندەران و دروستکردنی ترس، دەتوانن دۆخەکە کۆنترۆڵ بکەن، بەڵام ئەم سیاسەتە ناتوانێت بۆ هەمیشە بەردەوام بێت.

دیارە زیندانیکردنی سەدان نووسەر و ڕۆژنامەنووس و چالاکوانی سێنفی و مەدەنی و کەسایەتییە ناڕازییەکان ئاماژەیە بۆ ئەوەی کە کاربەدەستانی ڕێژیم لە درێژەی چەوساندنەوە و سەرکوتی خەڵک بە دوای مانەوەی خۆیانەوەن.

سەبارەت بە دەرکردنی حوکم بۆ مامۆستایانی ئایینی، هۆشداری بە دەزگای دادوەری دەدەین کە وەها حوکمێک ئاکامێکی جگە لە تووڕەیی زیاتری کۆمەڵگەی بەدواوە نابێت. بۆیە داوا دەکەین بە زووترین کات بەبێ مەرج ئەو دوو مامۆستایە ئازاد بکرێن.

هەروەها دەرکردنی سزای قامچی بۆ مامۆستایان خودامورای و سادقی، پێشێلکردنی کەرامەتی مرۆیی و سووکایەتی بە هەموو سوننە مەزهەبەکانی ئێرانە.

شایانی باسە کە مامۆستا سابیر خودامورادی خەڵکی سەقز و مامۆستا ئارمان سادقی خەڵکی دێولان لەلایەن دەزگای قەزایی ڕێژیمەوە تۆمەتی ''تێکدانی بیروڕای گشتیـ''ـیان دراوەتە پاڵ و بە زیندانی و لێدانی قامچی حوکم دراون.