کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

داخرانی "تەنگەی کافرینـ"ـی ئیلام بە بیانووی لەبەرچاونەگرتنی حیجابی زۆرەملێ

12:20 - 18 بانەمەڕ 2723

لە درێژەی سیاسەتی حیجابی زۆرەملێ و گوشارەکانی ڕێژیم لەسەر خەڵک و دوابەدوای داخستنی زەریاچەی شوورمەست لە مازەندەران، تەنگەی کافرینی شاری بەدرەی سەر بە پارێزگای ئیلامیش لەلایەن فەرمانداریی ڕێژیم لەو شارە، بە بیانووی نەپاراستنی حیجابەوە داخرا.

ڕۆژی یەکشەممە ١٧ی بانەمەڕی ١٤٠٢ی هەتاوی، یاسر عەلیزادە، فەرمانداری ڕێژیم لە شاری بەدرە سەر بە پارێزگای ئیلام، لە وتووێژ لەگەڵ هەواڵدەریی حکوومەتیی "فارس" ڕایگەیاند: بەهۆی نەپاراستنی حیجابی ئیسلامی لەلایەن هەندێک لە ژنان و کچانەوە، ناوچەی گەشتیاریی کافرین تا کاتێکی نادیار داخراوە و هاتوچۆی گەشتیاران لەو ناوچەیە قەدەغەیە.

ناوبراو هەر لە درێژەی سیاسەتی ڕێژیم بۆ حیجابی زۆرەملێ ئەوەشی زیاد کرد کە بۆ کۆنترۆڵی بەڕێوەبردنی حیجاب کەسانێک لەوێ دیاری دەکرێن و ئیدیعای کردووە کە نەپاراستنی حیجابی زۆرەملێ دژ بە فەرهەنگی ئەو ناوچەیەیە.

داخرانی ناوچەی گەشتیاریی تەنگەی کافرین کە بە بووکی زاگرۆسیش ناسراوە، هاوکاتە لەگەڵ دژایەتی و سەرکوتی لەڕادەبەدەر لەلایەن کۆماری ئیسلامییەوە بۆ سەپاندنی حیجابی زۆرەملێ بەسەر خەڵکی ئێراندا.