کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

مانگرتنی فەرمانبەرانی موخابرات لە چەند شارێکی کوردستان و ئێران

16:55 - 18 بانەمەڕ 2723

لە درێژەی ناڕەزایەتی دەربڕینەکانی ڕۆژانەی خەڵک لە شارەکانی ئێران بەهۆی دۆخی خراپی کار و گرانی و وڵامنەدانەوەی کاربەدەستانی کۆماری ئیسلامی لەهەمبەر داواکارییەکانیان، لە چەندین شاری ئێران کۆبوونەوەی ناڕەزایەتی دەربڕین و مانگرتنی فەرمانبەرانی موخابرات بەڕێوە چوو.

ڕۆژی دووشەممە ١٨ی بانەمەڕی ١٤٠٢ی هەتاوی، لە درێژەی ناڕەزایەتی دەربڕینەکاندا، فەرمانبەرانی موخابرات لە شارە جیاجیاکانی وەک سنە، چوارمەحاڵ و بەختیاری، لوڕستان، ئیلام، خووزستان، کرماشان، ئیسفەهان و چەند پارێزگایەکی دیکە، لە پێش بینای ئیدارەی موخابرات لەو شارانە کۆ بوونەوە و ناڕەزایەتیان دەربڕی.

ئەو ناڕازییانە ڕایانگەیاندووە: "هۆکاری کۆبوونەوە و ناڕەزایەتی دەربڕین و مانگرتنی ئێمە بۆ بەڵێنە درۆکانی بەرپرسانی ڕێژیم دەگەڕێتەوە کە ١٣ ساڵە وڵامی داواکارییەکانی ئێمەیان نەداوەتەوە و ئێمە بە مافی خۆمان دەزانین کە قەرەبووکردنەوەمان بۆ بکرێت."

بەشێکی زۆر لە کێشەکانی فەرمانبەرانی ئیدارەی موخابرات بۆ ئەوە دەگەڕێتەوە کە لە دابینکردنی بیمە، پێدانی مووچە و حەقدەست، شێوازی دامەزراندن و لەبەرچاوگرتنی دۆخی کاردا وەکوو پێویست مافەکانیان پێ نەدراوە و ئەوانیش بە نیشانەی ناڕەزایەتی دەربڕین بەو دۆخە، لە زۆربەی شارەکانی ئێران بە کۆبوونەوە و ناڕەزایەتی دەربڕین و مانگرتن و ڕێپێوان خوازیاری وڵامدانەوەی کاربەدەستانی ڕێژیمن.

شایانی باسە کە پارێزگاکانی سنە، چوارمەحاڵ و بەختیاری، ئیلام، لوڕستان، خووزستان، کرماشان، مەرکەزی، ئیسفەهان، ئەردەبێڵ، ئەهواز و گیلان، زۆرترین ڕێژەی ناڕەزایەتی دەربڕینی فەرمانبەرانی موخابراتی تێدا بەڕێوە چووە.