کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

سەدان خوێندکار لە تەورێز خوازیاری هەڵوەشاندنەوەی سزا قورسەکانی کۆمیتەی ئینزباتی دژ بە خوێندکاران بوون

17:15 - 18 بانەمەڕ 2723

لە درێژەی ناڕەزایەتییەکان بەرامبەر بە سەرکوتکردنی خوێندکارانی زانکۆ و مامۆستایانی زانکۆ لەلایەن کۆماری ئیسلامییەوە، زیاتر لە دوو هەزار خوێندکاری زانکۆی زانستە پزیشکییەکانی تەورێز واژۆیان لەسەر دواکارییەک کۆ کردەوە و خوازیاری هەڵوەشاندنەوەی سزا قورسەکانی کۆمیتەی ئینزباتی دژ بە خوێندکاران بوون.

لەم داواکارییەدا، خوێندکارانی ناڕازی لەسەر مافی ئازادیی ڕادەربڕین و گردبوونەوە جەختیان کردەوە و ڕایانگەیاند: ''مافی ئەو خوێندکارانەی بەرامبەر بە ڕووداوەکانی ئێستای وڵات کەمترەخەم نەبوون، هەڕەشە، هەڵپەساردن و دوورخستنەوە نییە.''

ئەو دوو هەزار خوێندکارەی واژۆیان لەسەر ئەم داواکارییە کردووە، ڕوو بە بەرپرسانی زانکۆ و کۆمیتەی ئینزباتی وتوویانە: "ئێوە مافی ئەوەتان نییە زانکۆ بێدەنگ بکەن و بە ڕێکاری زۆرەملێ و حوکمی بەکۆمەڵ و بە سەیرکردنی یاسا وەک ئامرازێک، خوێندکاران بێدەنگ بکەن."

بڵاوبوونەوەی ئەم داواکارییە لە کاتێکدایە کە چەند ڕۆژێک لەمەوبەر خوێندکارانی شەش زانکۆ لە بەیاننامەیەکدا کەڵکاوەژووی ڕێژیم لە دەروونناسیی بۆ سەرکوتکردنی ناڕەزایەتییەکان مەحکووم کرد.

لە ڕەوتی ڕاپەڕینی گەلانی ئێران دژی ڕێژیمی ئێران، زانکۆکان لەگەڵ قوتابخانەکان، لە ناوەندەکانی ناڕەزایەتی دژی ڕێژیم بوون، ئێستاش ناڕەزایەتییەکان لە زانکۆکان هەروا بەردەوامە.

ئەوە لە حاڵێکدایە کە ڕێژیم بە دەسبەسەری و دەرکردنی حوکم قەزایی و ئینزباتی لە هەوڵی کۆنترۆڵ و بێ دەنگکردنی خوێندکارانن.