کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

هەلومەرجی هەنوکەیی و ئەرکی ڕێکخراوە کوردستانییەکان

22:03 - 18 بانەمەڕ 2723

مستەفا شەڵماشی

دوای زیاتر لە حەوت مانگ ڕاپەڕینی ژینا کە زۆر هێز و لایەن بە شۆڕشی ژینای ناو دەبەن، هێشتا گوڕوتین بە جووڵانەوەی دێموکڕاسیخوازی و مافخوازانەی نەتەوەکان و چین و توێژە کۆمەڵایەتییەکان، بەتایبەتی ژنانی ئێرانەوە هەر ماوە. لەگەڵ ئەوەی شەقام تا ڕاددەیەک ئارامە، بەڵام ژیلەمۆی بن خۆڵەمیشی شۆڕش لە بنەوە هەروا دەگەشێتەوە و جاروبار لێرولەوێ گڕکانێکی بچوک وەدەر دەخا. لەوەش گرنگتر ئەوەیە مەودای نێوان کۆمەڵانی خەڵک و نیزامی کۆماری ئیسلامی، کەلێنێکی ئەوەندە گەورەی تێ کەوتووە کە بە هیچ شێوەیەک شیمانەی ئەوە ناکرێ پڕ بێتەوە. لە ڕاستیدا ئەگەر سەرنجێک بدەینە ڕەفتاری کاربەدەستانی ڕێژیمیش ئەوە بەڕوونی دەردەکەوێ کە هیوابڕاو بوون لەوەی بتوانن کۆمەڵانی خەڵک ڕازی بکەن و بە هەموو توانایانەوە ڕێگای سەرکوت و تۆقاندنیان گرتوەتە بەر.

فاکتەرێکی گرینگی گۆڕانکارییەکان ئەوەیە پێش ئەم قۆناغە، واتە پێش سەرهەڵدانی ژینا جاروبار کۆمەڵە خەڵکێک لەلایەن خودی ڕێژیمەوە ئەرکدار دەکران لافی ئاڵوگۆڕ لێ بدەن و ئیسلاحی ڕێژیم وەک چارەسەر بۆ گرفتە کەڵەکەبووەکانی ئێران بێننە گۆڕێ. کە دیارە بۆ ماوەیەک لەنێو خەڵکیشدا کەسانێک دڵیان پێ خۆش دەکرد و بە ڕەوتی ڕێفۆڕمخوازییەوە پەیوەست دەبون. بەڵام دوای چەندین جار دووبارەبوونەوەی بەڵێنی بەناو ئیسڵاح‌تەڵەبان لە کاتی هەڵبژاردنەکاندا و بێ‌ئاکام مانەوەی قەول و بەڵێنەکانیان، ئیدی زۆرینەی ڕەهای ئەو خەڵکەش بەتەواوی دەستی هیوایان لە چاکسازی لەنێو کۆماری ئیسلامیدا بەردا و ئێستا هەموو لە بەرەی دژ بە کۆماری ئیسلامی‌دان.

لە کاتێکدا هەمووان دەزانن سازش لە نێوان کۆمەڵانی خەڵک و ڕێژیمدا ئیدی ئیمکانی نییە، مێژووش پێمان دەڵێ هەر ڕێژیمێک نەتوانێ لانی زۆری کۆمەڵگەی خۆی ڕازی بکا، شک لە ڕووخانیدا نییە. تەنیا پرسیارە سەرەکییەکە ئەوەیە سەرەڕای ئەو هەمووە قەیرانە جۆراوجۆرانەی کە ڕووبەڕووی ڕێژیم بونەتەوە، بۆچی تا ئێستا ڕێژیم نەڕووخاوە؟

بە باوەڕی من بۆ وەڵامی ئەو پرسیارە پێویستە لە نێوخۆی ڕێژیم نا، بەڵکوو لە دەرەوەی ڕێژیمدا بگەڕێین. ڕێژیم لە نێوخۆیدا ئەوەندە دەستەویەخەی قەیرانە کە ئەگەر دەرەوە، بەتایبەتی ئوپۆزیسیۆن بچووکترین ئامادەیی هەبێ و بتوانێ ئاڵتەرناتیڤ‌سازی بکا، زەمینەی نێوخۆیی بەتەواوی بۆ ڕووخان ئامادەیە. ڕێژیم تا ئێستا بە دوو هۆ توانیویەتی خۆی ڕابگرێ. هۆی یەکەم نەبوونی ئاڵتەرناتیڤێکی دێموکرات پێکهاتوو لە هەموو هێزەکانی دژبەری ڕێژیم کە توانیبێتی هەموو هێزی نەتەوە بندەستەکان و چین و توێژە کۆمەڵایەتییە جیاوازەکان لە دەوری خۆی کۆ بکاتەوە. هۆی دووەمیش دامودەزگای سەرکوتکەری ڕێژیمە کە بێبەزەییانە ڕوو بەڕووی کۆمەڵانی خەڵک دەبنەوە کە دیارە هەواڵە دزەپێکراوەکان باس لەوە دەکەن هەڵوەرینێکی زۆر لەنێو ئەوانیشدا هەیە و ئەوانەش کە ماون بێتوو ئاڵتەرناتیڤێکی بەهێز بۆ ڕێژیمی کۆماری ئیسلامی ببینن، ‌هەڵوەرینەکە زیاتر دەبێت و ڕێژیم بۆ پاراستنی خۆی ئەو هێزەشی بە دەستەوە نامێنێ و ڕێژیم لە ماوەیەکی کورتدا بەسەر تیۆریسیێنەکانیدا دەڕووخێ.

مادام وایە بە بوونی ئەو هەمووە دژبەرەی کۆماری ئیسلامی کە ساڵەهایە لە مەیدانی سیاسەتدا خۆ دەنوێنن، ئەدی ئاڵتەرناتیڤ بۆ دروست نابێ؟ ئەم باسە کلیلی سەرەکیی کردنەوەی دەرگاکەیە بە ڕووی ئاڵتەرناتیڤ‌سازیدا. بۆ دیتنەوەی ئەو کلیلە پێویستە شیکارییەک و هەڵسەنگاندنێک بۆ ئۆپۆزیسیۆنی کۆماری ئیسلامی بکەین. ئۆپۆزیسیۆن بەپێی شوێنی چالاکبوون و ئیمکاناتی مانۆڕدانی دابەش دەبێ بە سەر ئۆپۆزیسیونی نێوخۆ و ئۆپۆزیسیۆنی دەرەوە. ئۆپۆزیسیۆنی نێوخۆ سەرەڕای ئەوەی قوربانیی زۆر دەدا، بەڵام ئیمکانی خۆڕێکخستنی کەمە و زۆریش دەستەویەخەیە لەگەڵ دژوارییەکانی ژیان بەتایبەت لەژێر سێبەری کۆماری ئیسلامیدا کە خەریکە بەتەواوی شیرازەی تێک دەچێ و خەڵک لەبن باری نەداری و بێکاری و گرانیدا بەتەواوی دەچەمێتەوە. سەرەڕای هەمووی ئەوانەش زۆر بە ورەوە لە قۆناغی جۆراوجۆردا سەر وەدەر دەنێ و ڕێژیم دەستەوەستان دەکا. بەڵام هێزەکانی پرش‌وبڵاوە و نەیتوانیوە بە جۆرێک خۆ ڕێک بخا کە بتوانێ پاڵێک بە دیواری بن‌هەڵۆڵی ڕێژیمەوە بنێ و بە لای دابێنێ. ئەوان هەرچەند لەڕووی مەعنەوی و ئەوەی بە درووشمەکانیانەوە دیارە یەکگرتنێکی تا ڕاددەیەک باشیان پێشان دا، بەتایبەت بە هەڵگرتنی دروشمی (ژن، ژیان،ئازادی) کە لە کوردستانەوە سەری هەڵدا و بە پشتیوانی لە ڕاپەڕینەکانی کوردستان و بلوچستان کە بە توندی لەلایەن ڕێژیمەوە سەرکوت دەکران، یەکگرتنێکی جوانیان ڕاگەیاند. بەڵام تا ئێستا نەیانتوانیوە ڕێبەریەکی یەکگرتوو پێک بێنن و پلاتفۆڕمێک کە داخوازییەکانی نەتەوەکان و چین و توێژە جیاوازەکانی تێدابێ بەرهەم بێنن. ئەوەی کە زۆریش دیارە ئەوەیە کە بۆ ئەو ئەرکە زۆرتر چاویان لە ئۆپۆزیسیۆنی دەرەوەی وڵاتە.

ئۆپۆزیسیۆنی دەرەوەی وڵاتیش بە سەر چوار گرووپی جیاوازدا دابەش بووە:

- حیزب و ڕێکخراوەکانی سەر بە نەتەوە مافخوراوەکان

- سەڵتەنەتخوازەکان

- حیزب وڕێکخراوە ئێرانییە کۆماریخواز و چەپەکان

- ڕێکخراوی موجاهیدینی خەڵق.

ئەوەی ڕوونە هیچ کام لەم چوار گرووپە بەتەنیا ناتوانن ببنە ئاڵتەرناتیڤ. باس ئەوەیە کامیان دەتوانن بە بیرێکی کراوە و بەرنامەیەکی هەمەگیر ببنە مۆتۆڕی وەڕێخستنی یەکگرتنێک لەدژی کۆماری ئیسلامی کە لانی زۆری ئەو گرووپانە لە دەوری خۆی کۆ بکاتەوە. دوای بەرفراوان بوونی شۆڕشی ژینا و ڕاکێشانی سەرنجنی کۆمەڵگەی نێونەتەوەیی، سەڵتەنەت‌خوازەکان و لە سەرویانەوە ڕەزا پەهلەوی زۆریان هەوڵ دا ئەو هەلە بقۆزنەوە بۆ ئەوەی خۆیان وەک ئاڵتەرناتیڤی کۆماری ئیسلامی پێشان بدەن. ئەوان بە سپۆنسەری‌کردنی مێدیا زەبەلاحەکان و دامەزراندنی چەند ڕێکخراوی یەک لە دوای یەکی وەک "شورای ملی ایرانیان"، "فرشگرد"، "ققنوس"، "شورای تصمیم"، "پیام نوین" هەتا "بەزمی وەکالەت" کە هیچ‌کامیان ماوەی تەمەنیان لە مانگ تێ‌نەپەڕی، هەوڵیان دا ئادرەسێک لە خۆیان دروست بکەن. دواجار ئەو ڕەوتە لەگەڵ چەند کاراکتەرێک لە زانکۆی جۆرج تاون کۆ بوونەوە و هەشت کەس پێکەوە مەنشوورێکیان ڕاگەیاند. بوونی کەسی یەکەمی ڕێکخراوێکی سیاسیی کورد وەک تەنیا هێزێک بو کە پێی لە نێوخۆی وڵات و خاوەنی مێژوویەکی خەبات بوو، بووە هۆی ئەوەی ئەو مەنشوورە هەم لەنێو کۆمەڵانی خەڵکی کوردستان و هەم لەنێو حیزب و ڕیکخراوەکان لە کوردستان و ئێران بەتابیەت لە سۆشیال‌مێدیادا کاردانەوەی زۆری لێ کەوتەوە. بەتایبەت کە دەرکەوت مەنشوری "مهسا" هیچی بۆ چارەسەری مەسەلەی نەتەوەکان لە ئیراندا تێدا نییە و زۆرتر پەیمان و گەرەنتی وەرگرتنە بۆ پاراستنی خاکی ئێران و پتر لەوەش وەدەرخستنی ڕەزا پەهلەوی. بەمجۆرە شەپۆلێک لە ناڕەزایەتی بەو مەنشورە، سۆشیال مێدیای داگرت.

هێشتا جەوهەری مەنشوورەکە ویشک نەببۆوە کە دوو کەس لە گرووپەکە -عەلی کەریمی و گوڵشیفتە فەراهانی- لێی چوونە دەر و شەش کەسیان مانەوە. تا لەم دواییانەدا "حامید ئیسماعیلیون" و "ڕەزا پەهلەوی"یش لێی هاتنە دەر و هەریەک بە جۆرێک و بە هۆی جیاوازەوە مەنشوور و گرووپیان بەجێ هێشت. بەمجۆرە یەکەم لێکەوتەکانی ئەو مەنشوورە ئەوە بوو کە ئاڵتەرناتیڤ‌سازی بە بەشداریی سەڵتەنەت‌تەڵەبەکان بۆ هەمیشە لە مەیدان دەرچوو.

 گرووپی کۆماریخوازان و چەپەکانیش هەر لە بنەڕەت‌ڕا توانای ئەوەیان نەبووە و نییە کە ببنە مۆتۆڕی پێکهێنانی بەرەیەکی هەمەلایەنە و بەهێز بۆ ئاڵتەرناتیڤ‌سازی، هەرچەند دەتوانن بەشێک بن لە بەرەیەکی بەربڵاوتر. موجاهیدینی خەڵقیش کە ڕێکخراوێکی بەهێز لە دەرەوەی وڵاتن، بەڵام تا ئێستاشی لەگەڵ بێ کرانەوەیەکی ئەوتۆیان نەبووە بەرەو ڕووی حیزب و ڕێکخراوەکانی دیکە و ئاستەمە بتوانن سەرنجی باقی ئۆپۆزیسیۆن ڕاکێشن و ببنە بناغە بۆ پێکهێنانی بەرەیەکی گەورە. ئەگەرچی ئەم ڕەوتە لە باری مەسەلەی نەتەوەکانەوە هەنگاوێکیان هەڵێناوە و لانی‌کەم قەبوڵیان کردوە کە ئێران وڵاتێکی فرەنەتەوەیە و ئەوەش دیارە هۆی مێژوویی هەیە و زۆرتر بۆ هەوڵ و تێکۆشانی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران دەگەڕێتەوە کە لە ساڵی ١٣٦٢دا و کاتێک لە شوڕای مللیی بەرگریدا بوو، گەڵاڵەی خودموختاریی بردە شوڕا و لەوێدا پەسند کرا و موجاهیدینیش تا ئێستا بەو بڕیارە وەفادار ماوەتەوە.

ئەوەی دەمێنێتەوە و بە باوەڕی من دەتوانێ ببێتە مۆتۆری بەرەیەکی بەهێز لەدژی کۆماری ئیسلامی و دەتوانێ بەشێکی بەرچاو لە هێزەکانی دیکەش بۆ لای خۆی ڕابکێشێ، "بەرەی نەتەوە بندەستەکانی ئێران"ە. ئەوان هەم لە نێوخۆی وڵات زۆرترین قوربانییان داوە و گەورەترین بەشدارییان لە شۆڕشی ژینادا هەبووە، بەتایبەت کورد و بلوچ، کە دەتوانن و حەقی خۆیانە ببنە خاوەنداری سەرەکیی شۆڕشی ژینا و ببنە کاتالیزاتۆر بۆ وەڕیخستنی بەرەیەکی هەمەلایەنە و بەربڵاو کە بتوانێ ببێتە ئاڵتەرناتیڤ بۆ کۆماری ئیسلامی. هەم بەرەیەکی ئەوتۆ دەتوانێ پلاتفۆڕمێک پێشکەش بکا کە مافی هەموو نەتەوەکانی، بە "نەتەوەی فارسیش"ەوە دەستەبەر کردبێ، گەرەنتیی پێکەوەژیانی بەئاشتیانەی هەموو نەتەوەکان بێ لە ئێرانی داهاتوودا، نیزامێکی سێکولار و دێموکڕات دامەزرێنێ و مافی چین وتوێژە جۆراوجۆرەکانی کۆمەڵگە بە تایبەت ئازادی و یەکسانی بۆ ژن و پیاو بەرهەم بێنێ.

هەڵبەت لەنێو نەتەوەکانیشدا نەتەوەی کورد لە هەمووان زیاتر لە شۆڕشی ژینادا پشکی بەر دەکەوێ. هەم بەهۆی ئەوەی لە باری سیاسی و کۆمەڵایەتییەوە ڕیکخراوترین نەتەوەیە، زۆرترین قوربانیی داوە و هەر لە سەرەتای هاتنەسەرکاری ڕێژیمی کۆماری ئیسلامییەوە بەرەبەرەکانێی ئەو ڕێژیمەی کردووە، هەم شۆڕشی ژینا بە هۆی شەهیدکرانی کچە کوردێکەوە لە کوردستان سەری هەڵدا و دروشمی سەرەکییەکەی -ژن، ژیان، ئازادی- هەر لە کوردستانەوە هات و مانگرتن و خۆپیشاندانیش هەر لەوێوە دەستی پێ کرد. جگە لەوەش هیچ نەتەوەیەکی دیکە لە ئێراندا وەک کورد ڕێکخراو نییە، حیزب و ڕێکخراوە کوردستانییەکان دەیان ساڵ مێژووی خەبات و بەرخۆدانیان هەیە و لەنێو کۆمەڵانی خەڵکی کوردستاندا خاوەن پرەستیژ و نفووزن.

لە ئێستادا پێویستە حیزب و ڕێکخراوە کوردستانییەکان، بە هاوکاری حیزب و ڕێکخراوەکانی نەتەوە مافخوراوەکانی دیکەی ئێران، پێشنیارەکانی خۆیان سەبارەت بە داهاتووی ئێران و ئاڵتەرناتیڤی ڕێژیمی کۆماری ئیسلامی بخەنە بەردەم بیروڕای گشتی و داوا لە حیزب و ڕێکخراوە پێشکەوتووەکانی نەتەوەی فەرمانڕەوا بکەن، کە پێشنیارەکانیان پەسند بکەن و بەم جۆرە ئاسایشی داهاتووی ئێران و مافی هەموو پێکهاتەکانی ئێران دەستەبەر بکەن. لەو نێوەدا چاوەڕوانییەکان لە حیزبی دێموکڕاتی کوردستانی ئێران، وەک گەورەترین و خاوەن ڕابردووترین حیزب زیاترە کە بتوانێ تەوەری سەرەکیی ئەو هاوپەیمانییە بەرینە بێت و بتوانێ دەستپێشخەری گرتنی کۆنفڕانسێک لە نوێنەرانی حیزب و ڕێکخراوەکانی نەتەوەکانی دیکەی ئێران بێت و لەوێدا لایەنەکان پێشنیارەکان خۆیان بێنێتە گۆڕێ و هەوڵ بدەن هاودەنگیی پێویست دەستەبەر بکەن.

با چیدی ڕێگا نەدرێ لێرەولەوێ کەسانێک خۆیان بکەنە پاڵەوانی مەیدانەکە و لەسەر حیسابی شۆڕشی ژینا خۆیان بێننە گۆڕێ، ئەوە تەنیا حیزب و ڕێکخراوە خاوەن‌پێگەکان دەتوانن ببنە ئاڵتەر ناتیڤ. بەبێ بەشداری و ڕازیبوونی نەتەوە مافخوراوەکانی ئێرانیش هیچ ئاڵتەرناتیڤێک ناتوانێ ڕێژیم بە چۆک دابێنێ و داهاتویەکی گەش بۆ هەموو نەتەوەکان لە ئێراندا دەستەبەر بکا. تەنانەت ئەگەر ڕێژیمیش بڕووخێ، بەبێ دەسبەرکردنی مافی هەموو نەتەوەکان، ئێران هیچ کاتێک ئاسایش بە خۆیەوە نابینێ و ڕێگای پێشکەوتنیشی هەموار نابێ.