کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

هاوپەیمانیەتی لەپێناوی چیدا؟

22:15 - 18 بانەمەڕ 2723

د. کامڕان ئەمین‌ئاوە

لەو خاڵانەی بەردەوام لەلایەن دڵسۆزانی بزووتنەوەی کورد وەکو پێداویستییەکی مێژوویی ئاماژەیان پێ کراوە، ڕێکخستنی ماڵی کورد، یەکیەتی و هاوپەیمانیی حیزبەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان ‌و، ڕۆیشتن وەکوو یەکەیەکی بەهێز و هاودەنگ بەرەو هاوپەیمانییەتی گەورەتر لەگەڵ هێزەکانی ئێرانی بۆ ڕووخاندنی کۆماری ئیسلامی و دابینکردنی مافی نەتەوەیی کورد لە ئێرانێکی دێموکراتیک‌دایه.

لە‌ ساڵی ٢٠٢٢ی ز. یەکگرتنەوەی دێموکراتەکان (حدک و حدکا) و دوو باڵی کۆمەڵەی شۆڕشگێری زەحمەتکێشانی کوردستانی ئێران و کۆمەڵەی زەحمەتکێشانی کوردستان یەکێک لە ڕووداوە سەرنجڕاکێش و دڵخۆشکەرەکان بۆ ئەو کەسانە بوو که دڵیان بۆ سەرکەوتنی بزووتنەوەی کورد و تەبایی زۆرتر لە نێوخۆی حیزبەکان ‌و، هاوکات لەنێوان هێزە کوردستانییەکانی لێ دەدا. بوونی ناوەندی هاوکارییش یەکێک لە خاڵە ئەرێنییەکان بوو بۆ هاوکاریی کۆمەڵە‌ و دێموکرات. زۆر کەس بەو هیوایه بوون ئەم ناوەندە لەنێوان ئەو دوو هێزەدا قەتیس نەمێنێتەوە و به پەیوەست‌بوونی حیزبەکانی دیکەی ڕۆژهەڵاتی کوردستان و کەسایەتییە نەتەوەییەکان پەرەش بستێنێ. مخابن ڕەوتی ڕووداوەکان لە کردەوەدا هەمیشە به دڵی هەموان نییه و بههۆی جۆراوجۆر وەکوو ناتەبایی بۆچوون یان لەیەک تێنەگەیشتن، ئەگەری دوورکەوتنەوە لە یەک، دابڕان و هتد سەر هەڵدەدات.

بوونی ڕۆژهەڵاتی کوردستان لە چوارچێوەی جوغرافیای سیاسیی وڵاتێکی پان و بەرینی فرەنەتەوەیی به ناوی ئێراندا، هۆی پێویستی و گرینگی پێکهاتنی بەرەیەک لە نوێنەرانی سیاسیی کوردستان لەگەڵ هێزە پێشکەوتنخوازە نەتەویی و سەرانسەرییەکانی ئەم وڵاته بۆ ڕووخاندنی کۆماری ئیسلامی و گەیشتن به دێموکراسی و پلورالیسم سیاسی لە وڵاتێکی ناکۆجێی‌دایه. کۆمەڵگەی ئێران بهپێی هەبوونی چین و توێژ و بیروڕای جیاواز خاوەنی ڕێکخراوەی جۆراوجۆرە و، هێزەکانی دژبه کۆماری ئیسلامی لە ڕاستی مەشرووتە‌خوازەوە هەتا چەپی کۆمۆنیست، هەر کام بەپێی دنیابینی و لێکدانەوەیان، بەرژوەندیی خۆیان لە ڕووخانی حکوومەتی ئیسلامی ئێراندا دەبێنن. لەم ڕەوتەدا خاڵی هاوبەشی هەموویان ڕووخاندنی کۆماری ئیسلامی و، ناتەباییان لە سیما و نێوەڕۆکی ئەو سیستمەیە کە دەبێ پاش ئەم قۆناخە لە ئێران‌ دابین بکرێ. بەم پێیه، ئاستەنگی و ناکۆکی بۆ پێکهێنانی بەرەی هاوبەش و بەرفراوان سەر هەڵدەدا و، به هۆ و بیانووی جۆراوجۆر، هێز و ڕەوتە سیاسییەکان لە یەک دوور دەکەونەوە.

لە ساڵانی پاش ڕووخانی نیزامی پاشایەتی و بەدەسەڵات‌گەیشتنی مەلاکان له ئێران، چەندین بەرە و هاوپەیمانییەتی لەنێو ئێرانییەکان پێک هاتووە، وەک "شورای ملی مقاومت ایران" لەژێر هێژێموونی حاشالێنەکراوی "سازمان مجاهدین خلق ایران"دا؛ "کنگرە ملیتهای ایران فدرال"، "شورای دمکراسی‌خواهان ایران"، "همبستگی برای آزادی و برابری در ایران"، "شورای مدیریت گذار"، "اتحاد جمهوریخواهان ایران" و هتد.

دروستبوونی ئەم چەشنە پێکهاتانه تا دێت زیاتر دەبێت، و هەر بەم پێیەش ئاڵۆزییەکانی نێو ئۆپوزیسیۆنی ئێرانی پەرە دەستێنێ. ئەندامانی بەشێک لەم پێکهاتانه وەکو "کنگرە ملیتهای ایران فدرال"، "شورای دمکراسی‌خواهان ایران" و "همبستگی برای آزادی و برابری در ایران" پیشان دەدات، زۆربەی پێکهێنەرانیان، هاوکات ئەندامی هەر سێکیانن و نەیاتوانیوە به پێکهێنانی یەک یان دوو ڕێکخراوە کۆتایی به بوونی سێ ڕێکخراوە‌ی هاوتەریب بێنن. حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران و کۆمەڵەی شۆڕشگێری زەحمەتکێشانی کوردستانی ئێران لە ڕاستیدا کۆڵەکەی سەرەکیی هەر سێکیانن.

پرسیار ئەوەیه، قازانجی ئەو هەموو کۆنگرە، شوڕا و ... هەوڵدان بۆ پێکهێنانی ئێئتلاف و مەنشووری جۆراوجۆری دیکە بۆ کورد لە چی‌دایه؟ ئایا پێویسته هێزە کوردستانییەکان به تاک یان بە جووت بەشداری ئەم هەموو ئێئتلاف و هاوپەیمانییەته بن؟ به گشتی بڵیی هەبوونی یەک یان دوو ناوەندی بەهێزی یەکگرتوو باشتر لە بوونی چەندین ناوەندی پرش‌وبڵاو و بێ‌کاریگەر لە ڕەوتی سیاسیی کوردستان و ئێراندا نەبێ؟

گومان لەوەدا نییه، له قۆناخی ئێستای شۆڕشی ئێراندا،‌ ڕووخاندنی کۆماری ئیسلامیی ئێران لە بەرژوەندیی تەواوی هێزە سیاسییەکانی دژ بەو حکوومەتە وەکوو لەمپەری سەرەکی بۆ گەیشتن به دێموکراسی لە ئێران‌دایه، هەرلەبەر ئەوەش وێدەچێ زۆرینەی هێزەکان بتوانن لە دەوری یەک دوو خاڵی سەرەکی بۆ کاری هاوبەش کۆ ببنەوە، بەڵام بۆ نوێنەرانی سیاسیی کورد پێویسته لە ڕەوتی هەڵبژاردنی هاوپەیمان و کاری هاوبەشدا چەند خاڵێکی سەرەکی لەبەرچاو بگیردرێ:

١. حیزب و کەسایەتیی هاوپەیمان دەبێ دێموکراسی‌خواز بێ و لە کردەوە‌دا ئەوەی سەلماندبێ.

٢. لە سەرکوتکردنی ‌هێزە پێشکەوتنخوازەکان و خەڵکیی ئێران لە دوو ڕێژیمی پەهلەوی و ئیسلامیی ئێراندا بەشدار نەبووبێ. ئەگەر بەهەر هۆیەک به شێوەیەکی کاتی لەبەرەی ئەو دوو ڕێژیمەدا بووبێ و لە سەرکوتکردنی خەڵکدا بەشدار نەبووبێ، ڕەخنەی لە کردەوەی خۆی گرتبێ و بەکردەوە ئەوەی سەلماندبێ.

٣. "بالقوە" یان "بالفعل" خاوەنی کاریگەری و نفووز لە کۆمەلگەی سیاسی و مەدەنی ئێراندا بێ و بتوانێ لە ڕەوتی کۆکردنەوەی چین و توێژەکانی کۆمەڵگەدا دەور بگێڕێ.

٤. باوەڕی به فرەنەتەوەیی بوونی ئێران و چارەسەرکردنی ئەو کێشەیه به شێوەیەکی دێموکراتیک هەبێ.

٥.‌ کاتێک لە بەرنامەی حیزبێکی کوردستانیدا ئاماژە به چارەسەرکردنی کێشەی نەتەوەیی لە ئاستی ئێران کراوە و تەنانەت ناوی حیزبەکە به ئێرانەوە پێناسە دەکرێ، لە بەکارهێنانی پێش‌مەرج وەکوو تەواویەتی ئەرزیی ئێران پارێز بکات. بەکارهێنانی بەردەوامی ئەم ڕسته و وشانە لە میدیاکان و تۆڕی دنیای مەجازییدا تەنیا پیشاندەری نەبوونی متمانە‌ به کورد و هێزە نەتەوییەکانی دیکەی ئێرانه.

٦.‌ پابەند به خاڵە ڕێککەوتنەکانیان بن، لە تەکڕەویی پارێز بکەن و وەکوو کۆ بەرەوپیلی ڕووداوەکان بچن. سنووری چالاکیی حیزبێک بەتەنیایی وەکوو یەکەیەکی سەربەخۆ یان لەنێو چوارچێوەی ئێئتلافەکەدا دیاریی بکرێ.

ئەگەر بڕیار ئەوە بێ ڕێکخراوەیەک بەبێ لەبەرچاوگرتنی خاڵە پەسەندکراوەکانی هێزە هاوپەیمانەکان به ئیشتای خۆی لەگەڵ ئەم و ئەو مانۆڕ بدات، فەلسەفەی بوونی لە هاوپەیمانی لەگەل نوێنەری نەتەوەکان یان هێزە سەرانسەرییەکان دەکەوێته ژێر پرسیارەوە و دەبێته هۆی لەدەستدانی متمانە و، ئاکامێکی باشی لێ ناکەوێتەوە. بەگشتی پڕاگماتیسمی سیاسی و تەکڕەویی هێزێک دەبێتە هۆی بێ‌متمانەیی، پێشێلکردنی پرەنسیپی کاری هاوبەش، پێکهێنانی دووبەرەکی، بێ‌کەڵک و پاسیف‌کردنیان ‌و، لە کۆتاییدا مەترسیی هەڵوەشانەوەی پێکهاتەکەیان بەرز دەکاتەوە.

لەنێو زۆرینەی حیزبه سەرانسەریی و نەتەوەییەکانی ئێران له پێوەندیی لەگەڵ پێکهێنانی هاوپەیمانییەکان جیاوازیی بیر و بۆچوون هەیە. بۆ وێنە، بەشێک لە چەپەکان بەپێی بنەمای ئایدیۆلۆژیی و پێوەری چینایەتی و شۆڕشگێر بوون، بازنەی هاوپەیمانییەتیان تەسک دەکەنەوە و، بەشێکیش لەسەر ئەو باوەڕەن کە لەم قۆناخەدا بێ لەبەرچاوگرتنی نێوەڕۆکی نیزامی سیاسیی پاش ڕووخانی کۆماری ئیسلامی، ئەگەری یەکیەتی و هاوپەیمانییەکی بەربڵاو و گشتگیر لە مەشرووته‌خوازەوە هەتا کۆماریخواز و هتد هەیە!

بێگومان لە قۆناخی ئێستای خەباتدا واته قۆناخی ڕووخاندنی حکوومەتی ئێران بۆ تێپەڕین لە دیکتاتۆرییەوە بۆ دێموکراسی‌، ناکرێ هێزێکی پێشکەوتنخوازی کوردستانی یان ئێرانی به پێوەری چینایەتی بەرەو هاوپەیمانی لەگەڵ هێزەکانی دیکه بچێت، هاوکاتیش ناکرێ تایبەتمەندیی هێزەکان و هێڵە سوورەکان لە بەرچاو نەگیرێ. بۆ وێنە نێوەڕۆکی فیکری و فەلسەفیی مەشرووته‌خوازەکان و لایەنگرانی دەوڵەتێکی کۆجێیی بهپێی باوەڕیان به یەک "ملت" بوونی ئێران و حاشاکردن له کێشەی نەتەوەیی لەم وڵاتەدا، وێرای قەبووڵی ڕواڵەتیی دابەشکردنی دەسەڵات لەنێوان پارێزگاکاندا، ئیزنی دێموکرات بوونیان پێ نادا. ناکرێ له کەسێک یان ڕێکخراوەیەکی پاوانخوازی سیاسی که باوەڕی به دێموکراسییەکی ڕاستەقینە و فرەنەتەوەیی بوونی ئێران نییه و، چەمکی "ملت ایران" و "پایبندی به تمامیت ارضی ایران" به هێڵی سووری خۆی دەزانێ، تەنیا بەپێی قەبووڵی هەبوونی "قوم"، "اتنیک" و "تکثر"ێک کە جێی لێکدانەوە و تەفسیری جۆراوجۆرە، چاوەڕوانی هاوکارییەکی دێموکراتیک و به دوور لە گوشار، شانتاژ و زێدەخوازی لە ڕەوتی ڕووخاندنی کۆماری ئیسلامی، هەروەها لە کاتی ئامادەکاریی بۆ دابینکردنی حکوومەتێکی دێموکراتیک و چارەسەرکردنی کێشەی نەتەوەیی لە ئێران بکرێ.

شکست‌هێنانی مەنشووری به ناو "مهسا" و وتەکانی "حامد اسماعیلیون" لەمەڕ نادێموکراتیک‌بوونی ڕەزا پەهلەوی و گوشاری مەشرووته‌خوازەکان بۆ داسەپاندنی بیر و ویستەکانی خۆیان نموونه و ئەزموونێکی سەرنجڕاکێش بۆ ئەوانەیە کە به هیوابوون لەگەڵ نوێنەری سێمبولیکی مەشرووتەخوازەکان و چەند کەسایەتیی چالاک و خۆشناو بەستێنی هاوپەیمانییەکی بەرفراوان بۆ ڕووخاندنی ڕێژیمی ئیسلامیی ئێران پێک‌بێنن.  

ڕەفتار و هەڵسوکەوتی ناشایستی "شاە الهی"یەکانی مەشرووتەخواز لەگەڵ ئەندامانی بەرچاوی مەنشووری "مهسا" و، هەوڵنەدانی ڕەزا پەهلەوی وەکوو یەکێک لە بەشدارانی سەرەکیی ئەم مەنشوورە بۆ هێورکردنەوەی دۆخەکە، کەمکردنەوە یان کۆتایی‌هێنان به شاڵاوی ئەم هێڕش و بێڕێزییانەی لەلایەن لایەنگرانیەوە به هاوبەشانی ئەم مەنشوورە دەکرێ، پیشاندەری ئەو ڕاستییەیە که مەشرووته و پاشایەتی‌خوازەکان بەپێی هەبوونی بیروهزری پاوانخوازانە و نادێموکراتیک، فەرهەنگ و پوتانسیەلی دێموکرات بوون و کاری هاوبەشیان لەگەڵ هێزەکانی دیکه نییه و ناتوانن هاوپەیمانێکی جێ متمانه بن بۆ کورد و هێزە پێشکەوتنخوازەکانی ئێران.

بۆ تێکشکاندنی ڕێژیمی ئێران دەبێ ئەو هێزانە‌ی کە باوەڕیان به دێموکراسی، پلۆرالیزمی سیاسی، فرەنەتەوەیی بوونی ئێران و حکوومەتێکی کۆماریی ناکۆجێیی هەیه لە پێناو ڕووخاندنی حکوومەتی ئیسلامی ئێران و پێکهێنانی بەستێنی پێویست بۆ هەڵبژاردنێکی ئازاد و دێموکراتیک یەک بگرن؛ ئەوکات دەتوانن تەنانەت وەکو بەرەیەک بۆ وتووێژ و دانوستان لەگەڵ هێزو بەرەکانی دیکەی ئێرانی به بیروباوەڕی جیاوازەوە بچن. داهاتووی ئێرانی پاش ڕووخانی کۆماری ئیسلامی تەنیا بەپێی هاوسەنگیی هێزەکان چارەسەر دەکرێ، هەر لەبەر ئەوەش، نوێنەرانی سیاسیی کوردی ڕۆژهەڵات پێویسته هەر لە ئێستاوە هێزەکانی "بالقوە"ی ئێستا و "بالفعل"ی داهاتووی خۆیان دیاری بکەن و به لەبەرچاو گرتنی پرەنسیپی نەتەوەییان بۆ پێکهێنانی بەرە لەگەڵ هێزەکانی دیکه‌ی ئێرانی هەنگاو هەڵێنن.