کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

ڕۆژهەڵاتی نێوەڕاست لە دەلاقەی "شۆڕشی ژینا"وە

22:18 - 18 بانەمەڕ 2723

ئەلبورز ڕوویین‌تەن

لە یەکەم ساتی دەستپێکردنی بەهاری عەرەبییەوە هیوای هاتنەئارای دۆخێکی نوێ بۆ بەشێک لە وڵاتە دیکتاتورییەکانی ڕۆژهەڵاتی نێوەڕاست لەلایەن زۆر لایەن و چاودێری سیاسییەوە دروست بوو، بە تایبەتی کە شۆڕشگێڕەکانی ئەو وەرچەرخانە نەوەیەکی نوێ بوون کە لە ڕێگەی سۆشیال‌میدیاوە هەماهەنگ دەبوون و دونیای پێشکەوتوویان ناسیبوو، و داوای نەهێشتنی دیکتاتوریەکانی دەکرد، بۆ ئەوەی لەمپەری بەرانبەر گەیشتن بە ئازادییەکان و دێموکراسی کە سەرەتای هەنگاونان بەرەو پێشکەوتن بوو نەمێنێ.

دوای زیاتر لە دە ساڵ لە دەستپێکی یەکەم هەنگاوی ئەو شۆڕشە ناتوانین بڵێین کە کە ئامانجی نەوەی شۆڕشگێر هاتوتە دی، چونکە وێڕای شەڕ و قوربانییەکی بێوێنە، بەڵام بەشێکی بەرچاوی ئەو دیکتاتوریانە لەجێی خۆیان‌دان و تەنانەت هەوڵی گەڕانەوە بۆ دۆخی ڕابردوو دەدەن.

لەنێو ئەو وڵاتانە دۆخی سووریە بۆ ئێمە گرینگیەکی زۆری هەبوو، چونکە لە ئەگەری سەرکەوتنی شۆڕش لە سووریە پارچەیەکی کوردستان لە ژێردەستیی داگیرکەر ڕزگار دەبوو، ئەوەش دەبووە هۆی ئەوەی کە یەکێکی دیکە لە وڵاتانی داگیرکەری کوردستان لە هاوکێشەی چوار وڵاتی سووریە، عێراق، تورکیە و ئێراندا کە بەردەوام لە سەر پرسی کورد هاوپەیمان بوون و بەو هاوپەیمانییەش کوردیان گەمارو دەدا و ئاسانتر شۆڕش و جوڵانەوەکانیان یەک لە دوای یەک سەرکوت دەکرد، نەمێنێ یا لانی کەم وەک پێشتر نەمێنێ.

بەڵام لە ئێستادا بەشار ئەسەد هەروا لە دەسەڵاتی سووریەدا ماوەتەوە و دەیهەوێ لە گەڵ تورکیەش ڕێک بکەوێ بۆ ئەوەی لە بەرانبەر کارتی سوپای ئازادی سووریە کە لە لایەن تورکیە بە خەونی نئوعوسمانی ئەردوغان پشتیوانی دەکرێن، ئەو دەسەڵاتە جێگەی پرسیارەی کورد لە ڕۆژئاوا نەهێڵێت و جارێکی دوای دەیان ساڵ شەڕ و نائارامی لەسەر خاکی کوردستان بگەڕێتەوە بۆ دۆخی جاران. بۆ ئەوەی ئەو دۆخە بێتە ئاراوە هەر لە ڕۆژی یەکەم کە شۆڕش لە سووریە دروست بوو ئێران خەریکی پیلان و شەڕە، کە بە ئاکامەکەی گەیشتووە. بەڵام لە دۆخێکی وەهادا، واتە بە گەڕانەوە بۆ ڕابردووی هاوپەیمانی چوار وڵاتی داگیرکەری کوردستان داهاتووی ڕۆژهەڵاتی نێوەڕاست و بە تایبەتی کورد چۆن دەبێ پرسیارێکی شایانی لێکۆلینەوە و لێ وردبوونەوەیە.

تورکیە لە دوای هەڵبژاردنەکانی ١٤ مانگی مەی لە ئەگەری بردنەوەی هەر لایەنێک دەگەڕێتەوە بۆ دروستکردنەوەی پەیوەندی لەگەڵ سووریە و ئەوەش دەبێتە هۆی گوشارهێنان بۆ سەر کورد، لە لایەکی دیکە بەهۆی هەبوونی گرفتی نێوخۆیی لە هەرێمی کوردستان و هەبوونی پەیوەندییە بەربڵاوەکانی عێراق و ئێران، هاتنە نێو هاوکێشەی تورکیە و سووریە گوشارێکی زیاتر بۆ سەر کورد بەگشتی و هێز و لایەنە سیاسیەکانی ڕۆژهەڵات بەتایبەتی دروست دەکات. لە ئەگەرێکی وەهادا گەڕانەوە بۆ ڕابردووی دژی کورد بە تایبەتی بە هاوکاری و هەماهەنگی ئەو چوار وڵاتەی کوردستانی بە سەردا دابەشکراوە زیادتر دەبیندرێت، ئەوەش دۆخێکە دەبێ بیری لێ بکرێتەوە بۆ ئەوەی شیکردنەوەیەک بۆ دۆخی کورد و کوردستانمان دەست کەوێ.

لە گەڵ هەمووی ئەوانەدا ئێران لە هەوڵی چارەسەرکردنی گرفتەکانی خۆی لەگەڵ عەرەبستان و کردنەوەی دەرگا بۆ هاتنی زیاتری چین و ڕوسیە بۆ ڕۆژهەڵاتی نێوەڕاستە، بۆ ئەوەی خۆی لەو تەریککەوتەییە ڕزگار بکات. ئەگەر کۆماری ئیسلامی لەو سیاسەتەی خۆی سەرکەوتوو بێت، ئەوە دەتوانێ کارتی ئاشتی لەگەڵ ناوچە و هێنانی چین و ڕوسیە بەرانبەر ڕۆژئاوا بەکار بهێنێت بۆ ئەوەی ئەوان پەلکێشی سەر مێزی دانوستاندن بکاتەوە و ئیمتیازی نوێ وەربگرێ، هەروەها دەرفەتێکی زیاتر بۆ سەرکوتی شۆڕش لە نێوخۆ بە دەست بهێنێ.

لە کاتێکدا هەموو ئەو گۆڕانکاریانەو هەموو ئەو دۆخە نەرێنیەی کە بە نیسبەت کورد هەیە، تەنیا دەرفەت بۆ ڕزگاری، شۆڕش و هەستانەوەی خەڵک لە ئێران و بەتایبەتی دۆخی کوردستان لە ڕۆژهەڵاتە. چونکە ئێران وێڕای ئەوەی لە سیاسەتی دەرەوەدا هەندێک سەرکەوتن بەدەست دەهێنێ، بەڵام لە کۆتاییدا بەهۆی شۆڕش لە نێوخۆ هەر وەک وڵاتێكی لاواز سەیر دەکرێت و بۆ هیچ لایەنێک وەک وڵاتێکی سەقامگیر نابیندرێت. بە تایبەتی لە دوای شۆڕشی ژن ژیان ئازادی ئێران وڵاتێکە لە لێواری داڕمان بۆ هەموو وڵاتانی دیکە، لەلایەکی دیکە لە ناکاو هەستانەوەی خەڵک ئەو وڵاتە بەرەو داڕوخانی کۆتایی دەبات. بەگوێرەی هەموو ئەو شیکردنەوانەی کە هەن ئەو ناسەقامگیرییەی نێوخۆی پێشبینی ناکرێ. لەبارەی هەستانەوەی نێوخۆی ئێرانیش کوردستان ڕۆڵێكی تایبەتیی هەیە، چونکە تەنیا شوێنە کە ئۆپۆزیسیۆنی کاریگەر و خەڵکێكی ئامادەی شۆڕشی لە هەموو ئێراندا هەیە. واتە دیسان باری قورسی نرخدان لەسەر شانی کورد و کوردستانە.

بە دیتنی ئەو ڕاستییانە جارێکی دەردەکەوێ شۆڕشی کورد و کوردستان لە ڕۆژهەڵات سەرەتا کاریگەریی بە سەر ئێران هەیە و دواتر لە ڕێگەی ئێرانەوە کاریگەری لەسەر هەموو ڕۆژهەڵاتی نێوەڕاست دادەنێ، هەربۆیە وێڕای لە بەرچاوگرتنی هەموو ئەستەمیەکانی بەردەوامیی شۆڕش و دۆخی ڕۆژهەڵات لە ئەگەری سەرکەوتووبوونمان کاریگەریمان زیاتر دەردەکەوێ، ئەوەش بەڵگەیەکی باشە بۆ ئەوەی کار بکەین بۆ ئەوەی شۆڕش بە هێزەوە بەردەوام بێت کە وێرای هەموو ئەستەمییەکان کردەنییە.