و: کەماڵ حەسەنپوور
سی ئێن ئێن – تیم لیستەر
توێژینەوەی نوێ ڕادەی پشتئەستووریی پێشەسازیی بەهێزی چەکوچۆڵی ئێرانی بە تەکنەلۆژیای ڕۆژاوایی و چۆنییەتی کەڵک وەرگرتن لەو تەکنەلۆژیایە لە لایەن ڕووسیەوە دژی شارەکانی ئوکراینی، ئاشکرا کردووە.
توێژینەوەی چەکی ناکۆکی (CAR)، ڕێکخراوێکە کە بنکەکەی لە بریتانیایە و ئەو ڕێکخراوەیە کە لە سەر بەشەکانی پێکهێنەری چەکوچۆڵ توێژینەوە دەکات، ڕایگەیاندووە فڕۆکەی بێ فڕۆکەوانی "شاهید-١٣٦" کە ئێران بە ڕووسیەی فرۆشتوون، ماتۆڕەکەیان لە سەر تەکنەلۆژیای ئاڵمانی دامەزراوە، تەکنەلۆژیایەک کە بە شێوەی نایاسایی نزیکەی بیست ساڵ لەوەپێش وەدەست ئێران کەوتووە.
دۆزینەوەکە دوای پشکنینی چڕ لەو بەشانە وەدەست هاتووە کە لە ئوکراین دۆزراونەوە و زانیارییەکەیان تەنیا دراوە بە سی ئێن ئێن، جەخت لەسەر توانایی ئێران بۆ لاساییکردنەوە و گەشەپێدانی تەکنەلۆژیای سەربازیی، کە بە نایاسایی وەدەستی هێناون، دەکاتەوە.
کاربەدەستانی ڕۆژاوایی جیا لەوە لەوەش نیگەرانن کە ڕووسیە ڕەنگبێ چەکوچۆڵ و کەرستەی سەربازیی پتر بدا بە ئێرانییەکان کە لە بەرەی ئوکرایندا دەستی بەسەردا گرتوون؛ ئەگەرچی تا ئێستا، هیچ بەڵگەیەکی قایم لەگۆڕیدا نییە تا بسەلمێنێ ڕووسیە ئەو کارەی کردووە. بەڵام پەیوەندیی نێوان تاران و مۆسکۆ پەرەی ئەستاندووە و ئەو دوو وڵاتە زۆر لە یەکتر نزیکتر بوونەتەوە. ڕووسیە خوازیاری فڕۆکەی بێفرۆکەوان و هاژەکە بالیستیکییەکانی ئێرانە؛ ئێران خوازیاری وەبەرهێنان و بازرگانیی ڕووسیەیە. بەگوێرەی کاربەدەستانی ئێرانی، ڕووسیە بۆتە مەزنترین وەبەرهێنەری بیانی لە ئێران لە ساڵی ڕابردوودا.
بەگوێرەی بۆچوونی کاربەدەستانی ڕۆژاوایی، فڕۆکە بێفڕۆکەوانەکانی ئێرانی دەتوانێ بۆ ڕووسیە ببنە جێگرەوەی هاژەکی گرانبایی کە خەریکە ژمارەیان لە عەمبارەکانیاندا لە تەنکایی بدا. پسپۆڕان لەو بڕوایەدان، بۆ وێنە درۆنی شاهید-١٨٦ دانەی نزیکەی بیست هەزار دۆڵارە کە دەکاتە بەشێکی زۆر کەم لە نرخی هاژەکی دەریایی کالیبر.
لە ئۆکتۆبری ڕابردوو، سەرۆکی هەواڵگریی سەربازیی ئوکراین، کریلیو بودانۆڤ، گوتی ڕووسیە بڕیاری کڕینی نزیکەی ١٧٠٠ فڕۆکەی بێفڕۆکەوانی ئێرانی لە مودێلی جۆراجۆردا داوە. ئوکراین شارەزایی خۆی لە خستنەخوارەوەی درۆنی شاهید-١٣٦ سەلماندووە، بەڵام ئەوە دەبێتە هۆی داڕمانی پاشەکەوتی چەکوچۆڵی بەرگریی ئاسمانیی ئەو وڵاتە. سەرەڕای ڕێژەی کەمی تەقەمەنی بارگەکراو لەنێو درۆنی شاهید-١٣٦ کە نزیکەی ٤٠ کیلۆ گڕامە، بێتوو ئەو درۆنە شوێنی مەبەست بە دروستی بپێکێ، دەبێتە هۆی زەرەر گەیاندنی بەرچاو.
بەهێزکراو بە تەکنەلۆژیای ئاڵمانی
لە نێوان نۆڤەمبەری ڕابردوو تا مانگی مارچی ٢٠٢٣، ڕێکخراوی توێژینەوەی چەکی ناکۆکی توانی لێکۆڵینەوە لەسەر ٢٠ درۆن و تەقەمەنیی ئێرانی لە ئوکراین بکات، بەڵام تەنیا نیوەیان درۆنی شاهید-١٣٦ بوون.
ئەو ڕێکخراوە توانی پشتڕاستی بکاتەوە کە ماتۆڕی شاهید-١٣٦ لە لایەن کۆمپانیایەکی ئێرانی بە ناوی "اوج پرواز ما دو نفر" ناسراو بە مادۆ، کە بنکەکەی لە شاری شکوهیە لە پارێزگای قومە، ئەندازیاریی پێچەوانەی بۆ کراوە. کۆمپانیاکە لەلایەن بریتانیا و یەکیەتی ئورووپاوە لە دێسەمبەری ڕابردوودا ئابلۆقەی بەسەردا سەپێنراوە.
توێژینەوەی ئەو ڕێکخراوە مۆرکی مادۆی بەسەر کڵاوی پلاک (شەمع)ی ماتۆڕی درۆنەکان و هەروەها زنجیرەی ژمارەیی کەڵکوەرگیراو لەلایەن مادۆی دۆزیوەتەوە.
بە گوێرەی دەوڵەتانی ڕۆژاوایی و وڵاتە یەکگرتووەکان، مادۆ دەورێکی یەکلاکەرەوەی لە پیشەسازیی گەشەئەستێنی فڕۆکەی بێفڕۆکەوانی ئێراندا هەیە. نمونەی زنجیرەی ژمارەیی مادۆ هەروەها لەلایەن پشکێنەرانی نەتەوە یەکگرتووەکانیشەوە دۆزراوەتەوە کە لە هێرشی فڕۆکەی بێ فڕۆکەوان بۆ سەر عەڕەبستانی سعودی و هەروەها هێرشەکانی ساڵی ڕابردوو بۆ سەر ئەبو زەبی، یەکێک لە ئیماڕەتەکانی ئیماڕاتی یەکگرتووی عەڕەبی کۆڵیوەتەوە، کە گوایە لە لایەن حوسییەکانی یەمەن، هاوپەیمانی ئێران، بەڕیوە چووە.
تەیمورخان، توێژەری خەلیج کە بۆ ڕێکخراوی توێژینەوەی چەکی ناکۆکی کار دەکات بە سی ئێن ئێنی گوت کە سیستەمەکانی فڕۆکە بێفڕۆکەوانەکانی ئێرانی بەردەوام لە گەشەکردن و بەڕۆژکرانەوەدان و "توانیویانە بیسەلمێنن کە لە ڕوانگەی هەنگێوی، سیستەمی ڕینوێنیکار بۆ بەئامانجگرتن و هەروەها توانایی دژی خنکاندنی شەپۆلی ئێلێکترۆنیکی، هەر دێتوو کاریگەرتر دەبن."
هەوڵێکی درێژخایەن
دیزاینی ماتۆڕی مادۆ دەرخەری هەوڵە چڕەکانی ئێران لە ٢٠ ساڵ لەوەپێشەوە بۆ وەدەستهێنانی تەکنەلۆژیای ڕۆژاوایی بۆ فڕۆکەی بێفڕۆکەوان و هاژەک، هاوکات لەگەڵ بەرەوڕووبوونەوە لەگەڵ ئابلۆقەی بەربڵاوی نێونەتەوەییە. لە ٢٠٠٦، ئێران بە شێوەی نایاسایی دەستی بەسەر ماتۆڕی فڕۆکەی بێفڕۆکەوان داگرت کە لە لایەن کۆمپانیای لیمباخ فلوگ موتورێن دروست دەکران. سێ سال دواتر، ئەندازیارێکی ئێرانی بە ناوی یوسف ئەبوتالێبی، ڕایگەیاند کۆمپانیاکەی ماتۆڕی فڕۆکەی بێفڕۆکەوانی دروست کردووە. ئەو کۆمپانیایە بوو بە مادۆ. بەگوێرەی ڕێکخراوی توێژینەوەی چەکی ناکۆکی، وێدەچی ئەو کۆمپانیایە ویستبێتی دەوری خۆی لە بەرهەمهێنانی فڕۆکەی بێفرۆکەوانی شاهیددا بشارێتەوە. پشکێنەرەکانی ئەو ڕێکخراوەیە دیتوویانە کە زنجیرە ژمارەی بەرهەمهێنان لە سەر بەشەکانی ئەو درۆنانەی لە ئوکراین دۆزراونەوە، لە هەوڵێکی ئاشکرا بۆ شاردنەوەی سەرچاوەکەیان، پاک کراونەوە. ڕێکخراوی توێژینەوەی چەکی ناکۆکی دەڵێ، "ئەو دەستکارییانە پێشیان بە لێکۆڵینەوە لە دەستنیشان کردنی ڕایەڵەی دابینکاری نێونەتەوەیی، کە بەشە سەرەکییەکان بۆ ناوخۆی ئێران دابین دەکەن، گرتووە."
لە نێو بەشی دیکەی ڕۆژاواییدا کە ئێران کڕیونی و کۆپی کردوون، هێندێک بەشی هاژەکی وڵاتی چێک-ــە. ڕاپۆرتێکی نەتەوە یەکگرتووەکان لە ٢٠٢٠ گوتی کە ماتۆڕی هاژەکی قودس-١ کە لە هێرش بۆ سەر دامەزراوەی پاڵاوتنی نەوت لە عەڕەبستانی سعودی، ساڵێک پێشتر کەڵکی لێ وەرگیرابوو "کۆپییەکی ڕێگاپێنەدارو لە ماتۆڕی جێتی تی جەی-١٠٠ (TJ-100) بەرهەمهێنراو لە لایەن کۆمپانیای پی بی ئێس ڤێلکا بیتەش" لە کۆماری چێک بووە.
پسپۆڕان دەڵێن وێدەچی ماتۆڕی چێکی هەروەها لە هاژەکی حیدەر-٢ ی ئێرانیشدا کەڵکی لێ وەرگیرابێ.
کۆمپانیاکە دەڵی قەت لەو ماتۆڕانەی بە ئێران یان یەمەن نەفرۆشتووە، بەڵام ئێران پسپۆری خۆبواردن لە کۆنتڕۆڵی هەناردەکردنی تەکنەلۆژیای هەستیارە و لە هێندێک دۆخدا کەڵک لە کۆمپانیای ڕووکەشی وەردەگرێ. پانێلەکەی نەتەوە یەکگرتووەکان بەو ئاکامە گەیشت کە ئەو بەشانەی کۆمپانیاکەی وڵاتی چێک لە ساڵی ٢٠١٠ هەناردەی کۆمپانیایەک لە هۆنگ کۆنگی کردبوو و پاشان گەیشتۆتە دەست ئێران و لە ٢٠١٩ لە هاژەکی ئێرانیدا کەڵکی لێ وەرگیراوە.
تەیمور خان دەڵێ، ئێران "بەشەکان و تەکنەلۆژیای ڕۆژاوایی بۆ فڕۆکەی بێفڕۆکەوانی بە کەڵکوەرگرتن لە نەبوونی شەفافیەت لە زنجیرەی دابینکارانی بەشەکان، وەدەست هێناوە،" کە دەبێتە هۆی باشتر بوونی سیستەمی دەستنیشانکردنی بەش و تەکنەلۆژیای هەستیار لە کاتی هەناردە کردندا و باشتر کردنی مێکانیزمەکانی سەپاندنی ئابلۆقە.
هاوبەشییەکی گەشەئەستێن
فرۆشتنی فڕۆکەی بێفڕۆکەوانی ئێرانی بە ڕووسیە بۆتە هۆی قووڵتربوونی پەیوەندییەکانی ئەو دوو وڵاتە، کە لە پێشداش لەبەر تەریککەوتنەوەی ئەو دوو وڵاتە لە بازرگانیی جیهانی و سیستەمی دارایی، دەستی بە گەشەکردن کردبوو.
وەزیری ئابووری ئێران، ئێحسان خانوەزیری، مانگی ڕابردوو بە فاینەنشاڵ تایمزی گوت، "ئێمە پەیوەندییەکەمان لەگەڵ ڕووسیە وەک پەیوەندییەکی ستراتێژیک پێناسە دەکەین و لە زۆر بوارەوە، بە تایبەتی لە بواری پەیوەندیی ئابوورییەوە، هاوکاریی یەکتر دەکەین." داهاتی فرۆشتنی سەدان درۆنی شاهید-١٣٦ وێدەچی بۆ باشتر کردنی زۆرتری پێشەسازییەکە تەرخان بکرێ و هاوبەشییەکە ڕەنگبێ لایەنی نوێش بگرێتەوە. خان لەسەر ئەو بڕوایەیە کە، "بە لەبەرچاوگرتنی ئەو ڕاستییە کە ڕووسیە دەست بەسەر چەکۆچۆڵی خاوەن تەکنەلۆژیای پێشکەوتووی ڕۆژاوایی لە بەرەکان ئوکرایندا دەگرێ، وەک هاژەکی دژە تانکی جاڤەلین، و هاوکاریی پەرە ئەستێن کە لە نێوان ئەو وڵاتەدا لە ئارادایە و ئەو ڕاستییە کە ئێران تواناییەکانی لەو ڕوانگەیەوە سەلماندووە، من وای بۆ دەچم کە ئەوان هاوکارییەکان بۆ کۆپیکردنی ئەو جۆرە سیستەمانە پەرە پێ بدەن." هەروەها ئەگەری ئەوە هەیە کە ڕووسیە کەڵک لەو هاوکارییە وەرگرێ تا تواناییەکانی خۆی لە پیشەسازیی فرۆکەی بێ فڕۆکەواندا گەشە پی بدا.
بەڵام تا ئەو کاتی، هێزی سەربازیی ڕووسیە وێدەچی کڕیارێکی لێبڕاو بۆ سەدان درۆنی دیکەی ئێران، وڵاتێک کە خۆ بواردن لە ئابلۆقان بۆ گەشە پێدان بە پێشەسازیی چەکوچۆڵی ڕەسەنی کردۆتە هونەرێکی جوان، بمێنێتەوە.