کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

شەش چالاکی ژنی بەندکراو لە ئێڤین: ڕێژیم بە لەسێدارەدانی خەڵک ناتوانێت لە چارەنووسی دەسەڵاتەکەی هەڵ بێت

10:39 - 19 بانەمەڕ 2723

شەش چالاکی ژنی بەندکراو لە بەندیخانەی ئێڤین، بە بڵاوکردنەوەی بەیاننامەیەک و ناڕەزایەتی دەربڕین سەبارەت بە شەپۆلی نوێی لەسێدارەدانەکان لە ئێران، سەرەڕای مەحکوومکردنی ئەو کردەوەیە ڕایانگەیاند کە کۆماری ئیسلامیی ئێران ناتوانێت بە لەسێدارەدانی خەڵک ڕەوایی بە دەسەڵاتەکەی بدات.

لەو بەیاننامەیەدا کە ڕۆژی دووشەممە ١٨ی بانەمەڕی ١٤٠٢ی هەتاوی بڵاو کراوەتەو،ە هاتووە کە بەردەوامی و خێراکردنی سزای سێدارە و لەسێدارەدانی خەڵک لەلایەن دەسەڵاتەوە، هەوڵەکانی ڕێژیمە بۆ ترساندنی خەڵک و چیتر ئەو ڕێژیمە ناتوانێت ڕەوایی بە دەسەڵاتەکەی بدات و مەحکوومە بە لەنێوچوون و ڕووخان.

لە بەشێکی دیکە لەو بەیاننامەیەدا هاتووە کە ئەو لەسێدارەدانانە لەلایەن ڕێژیمەوە تەنیا و تەنیا سەلمێنەری ترسی ڕێژیمە لە دەسەڵاتە ڕووخاوەکەی و خەڵکی ئێران و جیهان ئەو ڕاستییەش چاک دەزانن.

ئەو ٦ چالاکە ژنە کە ئەو بەیاننامەیەیان واژۆ کردووە بریتین لە "گوڵڕۆخ ئیرایی، زوهرە سەرو، نەسرین جەوادی، سپیدە قولیان، بەهارە هیدایەت و نەرگس محەممەدی."

لە کۆتایی ئەو بەیاننامەیەدا بە ئاماژەدان بە شۆرشی "ژن ژیان ئازادی"، هاتووە کە ئەو شۆڕشە بەردەوامە و کۆتایی بە دەسەڵاتی کۆماری ئیسلامیی ئێران دێنێت.