کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

کوشتن وەک تاکەچارەسەر!

09:49 - 20 جۆزەردان 2723

عەلی بداغی

لە نیوەی یەکەمی ئەمساڵی زایینیدا کۆمای ئیسلامیی ئێران لانی‌کەم ٣٢٠ کەسی لە زیندانەکاندا ئێعدام کردووە.

شەپۆلی نوێی ئێعدامەکان سەرفی نەزەر لە ئامانجە بنگەییەکانی ڕێژیم دەکرێ چەند مەبەستی لە پشت بێت کە گرینگترینیان بریتییە لە: ترسی ڕێژیم لە سەرهەڵدان و دەست‌پێکردنەوەی ناڕەزایەتییە جەماوەرییەکانی خەڵک لەسەر شەقامەکان و پێشگرتن بەو دۆخە لە ڕێگەی پێشاندانی زۆرترین زەبروزەنگەوە.

ڕێژیمی کۆماری ئیسلامیی ئێران هەر لە سەرەتاوە فرچکی بە خوێن و کوشتن و کوشتوبڕ گرت. ئێعدام، بە تایبەت ئێعدامی سیاسی هەر لەگەڵ یەکەم ڕۆژەکانی دەسپێکی تەمەنی ئەم ڕێژیمە و حەوشەی قوتابخانەی «ڕیفاه» لە تاران و بە حەزفی فیزیکیی کاربەدەستانی ڕێژیمی پێشوو دەستی پێکرد. لەگەڵ لەشکرکێشیی ڕێژیم بۆ کوردستان، کورد زۆر زوو بووە قوربانیی سیاسەتی تەناف و سێدارەی ڕێژیم و لە چوار دەیەی ڕابردوودا پشکی شێری لە ئێعدامەکاندا بەرکەوتووە. ڕێژیمی کۆماری ئیسلامی دوای سەقامگیرییش بە پاساوی ئایینی ئێعدامی کردە چەکێک بۆ ڕاگرتنی نەزمی کۆمەڵایەتی، بۆ ئەوەی لەو کۆمەڵگە ئیسلامییەدا! بە ڕەچاوکرانی ڕێوشوێنە ئایینییەکان ڕەگ و ڕیشەی تاوان و لادانەکان ویشک بکا. ڕەچاوکردنی ئەو سیاسەتە وای کردوە ئێران لە ڕووی ئاماری ئێعدامەکان دوای چین لە ڕیزی دووهەمدا جێ بگرێ و بەپێی ڕێژەی حەشیمەت و ژمارەی ئێعدامکراوەکانیش یەکەم وڵات بێ لە دنیادا.

بەپێی ڕێکخراوی لێبوردنی نێونەتەوەیی کۆماری ئیسلامیی ئێران لە ساڵی ١٣٥٧ ڕا هەتا ساڵێ ١٣٩٥ی هەتاوی پتر لە ٦١ هەزار کەسی لەو وڵاتەدا لەدار داوە و تەنیا لە کوردستان بەپێی ئاماری ناوەندەکانی ڕاگەیاندنی حیزبی دێموکرات و کۆمەڵە زیاتر لە 2300 ئەندام، پێشمەرگە و چالاکی سیاسیی کورد بە بڕیاری دەزگای قەزایی و تیمەکانی تێرۆری ئەم ڕێژیمە ئێعدام کراون.

کۆماری ئیسلامیی ئێران لای وابووە لە کوردستان بە تێرۆر و ئێعدام و کوشتن دەتوانێ جووڵانەوەی کورد لە پێ بخا، به‌ڵام هەروەک ده‌بینین ئەم سیاسەتەی ڕێژیم نەک پێشی بە گەشەسەندنی بیری نەتەوەیی و ئازادیخوازی و خەباتی مافخوازانەی کورد نەگرتووە، بەڵکوو ئەم بەرگری و شوناسخوازییە لە هەموو ڕەهەند و بوارەکاندا پەرەی سەندووە و لە ئێستادا ڕێژیمی بەرەوڕووی گەورەترین قەیران و تەنگ ئاستەنگ و چالنج کردووە.

لە ئێستاشدا کە ڕێژیم چ لە ڕووی ئابووری و چ لە ڕووی سیاسی خەریکە دادەڕمێ و مەترسیی هەڵچوون و ڕاپەڕینی خەڵک پتر لە هەموو کاتێک هەست پێ دەکا، بە لێبڕاویی زیاترەوە هەموو ئامرازەکانی سەرکوت و یەک لەوان ئێعدام لە دژی خەڵک ئەویش بەمەبەستی کۆنتڕۆڵکردنی کۆمەڵگە دەکار دەکا.

بابەتی ئیعدامكردن وەك سزایەك لە نیزامی كۆماری ئیسلامیدا پتر لەوەی بنەمای حقووقی هەبێ، بڕیارێكی سیاسییە و دەسەڵات بۆ زاڵکردنی کەشی ترس و سەرکوت بەکاری دێنێ، بێ ئەوەی وڵامی پێوستی لێ ورگرتبێتەوە. هەر لەبارەی ئێعدامی چالاکانی سیاسیی کورد کە لە چەند دەیەی ڕابردوودا بەبەردەوامی درێژەی بووە، ئەو پرسیارە هەیە کە ئاخۆ ئێعدامە سیاسییەکان چۆکیان بە بزووتنەوەی سیاسیی کورد داداوە؟ بێ گومان نا. چونکی ئه‌گه‌ر ئیعدام‌ و له سێداره‌دان ‌و زیندان و سەرکوت کاریگه‌ریی له سه‌ر ڕاوه‌ستانی خه‌بات بۆ ئازادی ‌و ڕزگاری هه‌بوایه، هه‌ر له دوای له سێداره‌دانی پێشه‌وا و ڕووخانی کۆماری کوردستان ده‌بوایه‌ ڕ‌ه‌وڕه‌وی خه‌بات ‌و تێکۆشان له جووڵه که‌وتبا و هیچ تاکێکی کورد باسی له ماف ‌و ئازادییه‌کانی گه‌لی کورد نه‌کردبایه، کە دەبینین وانییە.

لەلایەکی ترەوە بەشی هەرە زۆری ئێعدامە ناسیاسییەکانیش لە ئێران لە چەند دەیەی ڕابردوودا سەبارەت بە تاوانەکانی پێوەندیدار بە مادەی هۆشبەر و کوشتنی بەئانقەست بووە، بەڵام زۆر لە کاربەدەستانی ڕێژیم نایشارنەوە کە سەرەڕای ٤٤ ساڵ بەردەوامی لە جێبەجێکردنی سزای ئێعدام، بازرگانیی مادەی هۆشبەر لەو وڵاتە ساڵ بە ساڵ زیادی کردووە. هەروەها تاوانە کۆمەڵایەتییەکانیش لە سۆنگەی ئێعدامەوە نەک بنەبڕ نەبوون، بەڵکوو بە لەبەرچاوگرتنی ئامارەکان پتریش بوون. وەک چۆن ئەزموونی هەموو کۆمەڵگەی مرۆڤایەتی و ئەزموونی خودی ئێران و ئامار و داتاکان پێمان دەڵێن کە لە هیچ کۆمەڵگایەکدا سزای ئێعدام و قەتڵی سیستماتیکی دەوڵەتی، ناتوانێ ڕێژەی تاوان و جەنایەت کەم بکاتەوە، بەڵکوو بە پێچەوانەوە، ئێعدام، هەستی تۆڵەکردنەوە و توندوتیژیی بەهێزتر دەکات. کاتێک قەتڵ لە بەرامبەر قەتڵ، لە ڕێگەی دەوڵەتەوە، ڕێگەپێدراو بێ، ئاساییە ئەگەر کەسانێکیش هان بدرێن کە بەدەستی خۆیان ئەم بەناو عەداڵەتە بەڕێوەبەرن.

ئەزموونی چوار دەیە دەسەڵاتی کۆماری ئیسلامی پێمان دەڵێ کە ئەو ڕێژیمە بۆ ڕاگرتنی دەسەڵاتی زۆرەملێی خۆی بە سەر گەڵانی ئێراندا دەستبەرداری سزای ئێعدام نابێ. بەڵکوو ئەوە خەڵکن کە دەبێ بە لێبڕاوی و شێلگیرییەوە کۆتایی بە تەمەنی ئەو ڕێژیمە و لەو ڕێگەیەشەوە کۆتایی بە کوشتن و دەسەڵاتی ڕەشی سەرکوت بهێنن.