کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

دەسبەسەرکرانی دایکانی شەهیدانی شۆڕشی ژینا لە شاری سەقز

10:22 - 20 جۆزەردان 2723

دایکانی شەهیدانی شۆڕشی ژینا لە شارەکانی سنە، دێولان و دیواندەرە لە دەروازەی چوونەژوورەوەی سەقز، لەلایەن هێزەکانی ئیتلاعاتی سپاوە دەسبەسەر کران.

بەپێی ڕاپۆرتی "کوردپا"، ڕۆژی هەینی ١٩ی جۆزەردانی ١٤٠٢ی هەتاوی، ڕێوڕەسمی یادی لەدایکبوونی دانیال پابەندی، یەکێک لە شەهیدانی بزووتنەوەی "ژن، ژیان، ئازادی"، لە گۆڕستانی ئایچیی سەقز، بە بەشداریی دایکانی شەهیدی بزووتنەوەکە لە شارەکانی سنە، دێولان و دیواندەرە بەڕێوە چوو.

ئەم دایکانە دواتر چوونە بۆکان و سەردانی گڵکۆی پیرۆزی شەهیدانی شۆڕشی ژینایان کرد کە هێزە ئەمنییەتییەکانی ڕێژیم لەو شارە پاش کۆتاییهاتنی ڕێوڕەسمەکە هەوڵی دەسبەسەرکردنی ئەو دایکانەیان دا.

دایکانی مافویستی شەهیدانی سنە، دێولان و دیواندەرە لە کاتی گەڕانەوەدا لە چوونەژوورەوەی شاری سەقز، لەلایەن هێزەکانی ئیتلاعاتی سپاوە دەسبەسەر کران.

ئەم دایکانە و کەسانی تر کە لە دوو مینیبووسدا بوون، دەسبەسەر کراون و تاکوو ئێستا زانیارییەکی ورد لەمەڕ چارەنووسیان لەبەر دەستدا نییە.

ڕەفیق حوسێن‌پەناهی چالاکی سیاسی- مەدەنی و برای ڕامین حوسێن‌پەناهی، زیندانیی سیاسیی لەسێدارەدراو، لە تویتێری خۆیدا نووسیویەتی: "زیاتر لە ٤٠ کەس، لە دایک و باوکی شەهیدانی بزووتنەوەی ژن، ژیان، ئازادی لەنێو دەسبەسەرکراواندان."

دایکانی مافویست، ڕۆژی هەینی ١٩ی جۆزەردان، بە بەدەستەوەگرتنی وێنەی منداڵەکانیان کە بە دەستی کۆماری ئیسلامیی ئێران شەهید کراون، بە وتنەوەی دروشمگەلی وەک: "شەهید نامرێت"، "سوێند بە خوێنی یاران، بەردەوامین تا کۆتایی" و "ژن، ژیان، ئازادی"، یادی شەهیدانی ئەو شۆڕشەیان بەرز ڕاگرت.