سی و شەشەمین هەینیی ناڕەزایەتییەکان دژی کۆماری ئیسلامی، بە دروشمی مەرگ و نەمان بۆ خامنەیی، لە زاهیدان بەڕێوە چوو.
ڕۆژی هەینی ١٩ی جۆزەردانی ١٤٠٢ی هەتاوی، لە سی و شەشەمین حەتووی ناڕەزایەتییەکانی خەڵکی زاهیدان دژی ڕێژیم، خەڵکی وەزاڵەهاتووی ئەو شارە پاش نوێژی هەینی، بە دروشمی "یەکیەتی و یەکگرتوویی خەڵکی ئێران، هۆکاری سەرەکیی ڕووخانی کۆماری ئیسلامییە"، ڕژانەوە سەر شەقامەکان.
خەڵکی ئازادیخواز و ناڕازیی زاهیدان پاش هەینیی خوێناویی ئەو شارە، هەموو حەوتوویەک پاش نوێژی هەینی بە دروشمگەلی "مەرگ و نەمان بۆ خامنەیی و بڕووخێت کۆماری ئیسلامیی ئێران"، دەڕژێنە سەر شەقامەکان و ڕووبەڕووی هێزەکانی ڕێژیم دەبنەوە.
خەڵکی ناڕازیی زاهیدان بە دروشمی وەکوو، "ئەو کەسەی براکەم بکوژێت، دەکوژم" و هەروەها دروشمی "گەلانی ئێران، ڕەمزی سەرکەوتنی ئێمە یەکیەتیی و یەکڕێزییە"، ڕق و بێزاریی خۆیانیان لەمەڕ دەسەڵاتی کۆماری ئیسلامی دەربڕی.
خەڵکی زاهیدان پاش هەینیی خوێناویی زاهیدان لە ٨ی ڕەزبەری ١٤٠١ی هەتاوی کە زیاتر لە ١٠٠ هاووڵاتیی بەلووچ، بە تایبەتی ژن و منداڵ، بە تەقەی ڕاستەوخۆی هێزەکانی رێژیم گیانیان لەدەست دا، تا ئێستا هەموو ڕۆژانی هەینی لە خۆپیشاندانەکانیان دژی دەسەڵات بەردەوامن.
مەولانا عەبدولحەمید، پێشنوێژی هەینیی مزگەوتی مەککیی زاهیدان، خامنەیی وەکوو بەرپرسی کوشتن و قەتڵوعامی خەڵکی زاهیدان لە ٨ی ڕەزبەر دەزانێت و بەردەوام داوای سزا بۆ بکەرانی ئەو جینایەتە دەکات.