کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

مەولەوی عەبدولحەمید: هەتا کاتێک خەڵک دەرد و گرفتارییان هەیە، ناتوانن بێدەنگ بن

12:14 - 20 جۆزەردان 2723

پێشنوێژی هەینیی زاهیدان وەکوو هەموو هەینییەکانی ڕابردوو لە ڕاستای پشتیوانی لە داخوازییەکانی خەڵکی ئێران، دژی بەرپرسان و سیاسەتەکانی کۆماری ئیسلامی قسەی کرد و ئەمجارە تیشکی خستە سەر هەژاری و گرانی و کێشەی بژێویی خەڵک.

مەولەوی عەبدولحەمید، پێشنوێژی زاهیدان  و کەسایەتیی بەناوبانگی بەلووچستان، لە قسەکانی ڕۆژی هەینی ١٩ی جۆزەردان، تیشکی خستە سەر هەژاری و گرانی و کێشەی بژێویی خەڵک و وتی کە خەڵک دەست بۆ هەموو کارێک دەبا هەتا بتوانن نان دابین بکەن.

ناوبراو وتی: ''ئێران خاوەنی سەروەت و سامانی زۆرە و هەموو ئیمکاناتێک لەو وڵاتە لەبەر دەستدایە، بەڵام خەڵک برسییانە و دڵی ئێمە دەڕەنجێت کە دەبینین خەڵک بۆ دابینکردنی نان ناچارن کۆڵبەری یان سووتەمەنیبری بکەن.

مەولەوی عەبدولحەمید لە قسەکانیدا ئاماژەی بە خستنەڕووی مووشەکی ''فەتاح'' لەلایەن سپای پاسدارانەوە کرد و وتی: ''بە جێگەی ئەوە باشتر وایە سکی خەڵک تێر بکرێت، ئەوانەی کە لە سەرەوە دانیشتوون نازانن لە گوندەکان و ناوچە پەراوێزخراوەکان چی ڕوو دەدات."

پێنوێژی شاری زاهیدان وتی کە هەتا کاتێک خەڵک دەرد و گرفتارییان هەیە، ناتوانن بێدەنگ بن.

مەولەوی عەبدولحەمید وەکوو ڕۆژانی هەینیی ڕابردوو جارێکی دیکە ئاماژەی بە هەینیی خوێناویی زاهیدان کرد و وتی کە لەو بارەوە هێشتا عەداڵەت بەڕێوە نەچووە و هەتا کاتێک عەداڵەت بەڕێوە نەچێت، ئارامی سەقامگیر نابێت و ڕوو بە دەسەڵاتدارانی تاران وتی: ''ئێوە دەردەکانی ئێمەتان چارەسەر نەکرد و لێتان نەپرسییەوە.''