کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

ملکەچیی دەروونی!

12:44 - 21 جۆزەردان 2723

کەریم پەرویزی

زانای بەناوبانگی ڕووسی، پائۆلۆف کاری زۆری لەسەر هەڵسوکەوتی ئاژەڵەکان دەکرد و بۆ یەکەم جار لە مێژووی زانستدا باسی مەرجدارکردنەوەی هەڵسوکەوتی هێنایە ئارا و لەو تیۆرییەیدا نیشانی دا و سەلماندی کە هەندێ خووی سروشتی دەکرێ بە شێوەیەک کاریان لەسەر بکرێ کە بەرامبەر بە هاندەرە ناپێوەندیدارەکان وەجووڵە بکەون و بەو شێوەیە خووی سرووشتی مەرجدار بکرێتەوە بەرامبەر بە هاندەرێکی دیکە. بۆ وێنە لە کاتی برسیەتیی سەگەکەیدا فیکەیەکی لێ دەدا و دوایە خواردنی بۆ دادەنا، وای لێ هات کە سەگەکەی بەرامبەر بەو جۆرە فیکەیە مەرجدار بوو و هەرکات ئەو فیکەی بۆ لێ دەدرا ئاوی دەمی دەهات و چاوەڕێی خواردنی دەکرد!

لەم زانستە لە سیرکە نومایشیەکانیشدا کەڵک وەردەگیردرێ و ئاژەڵان فێر دەکرێن کە بەرامبەر بە قامچیی شانۆگەرە خاوەنەکەیان وەجووڵە و سەما بکەون! ئەو ئاژەڵانە وەها مەرجدار دەبنەوە کە بە دیتنی قامچی خووی سرووشتییان لەبیر دەکەن و کردەوەی  ناسرووشتیی وەها نیشان دەدەن کە تواشاچییەکان چەپڵەیان بۆ لێ بدەن!

ڕەنگە پرسی مەرجدارکردنەوەی هاندەرەکان، تەنیا بۆ ئاژەڵان کاریگەریی نەبێ و بەڵکوو لەنێو مرۆڤەکانیشدا دەوری خۆی بگێڕێ، دەنا بەو تیۆرییە نەبێ بە هیچ تیۆرییەک پاساو نادرێتەوە کە مرۆڤەکان بە تاک یان بە گرووپ، بەرامبەر بە قامچیی دەسەڵاتدار کردەوەیەک لە خۆیان  نیشان بدەن کە بە دەیان ڕۆژ و ‌حەوتوو و ساڵ، نەتوانی بە دیالۆگ و لۆژیک تێیان بگەیەنی کە شتێکی وەها ڕاستە یان ناڕاست. بەڵام کە دەسەڵات و حکوومەت کردەوەیەک دەکا، ڕێک ملکەچی دەبن و پێیان لە هەموو هەقیقەتێک ڕاستترە!

لە  دوای نەمانی دەسەڵاتی قاجاری و دامەزراندنی سیستمی مەشرووتە، تیۆریسییەنەکانی ئێرانشەهری پێویستیان بە دووبارە داڕشتنەوەی دابەشکاریی نێو ئێران بوو.

تاکوو پێش لەوەی ناوی وڵاتە تازەکە بنێن ئێران، بە ناوی مەمالکی مەحرووسە  ناوی دەبرا و هەر بۆیەش چونکە مەمالک یان چەندین مەملەکەت بوو، ئیدی هەر مەملەکەتێک حاکمی خۆی هەبوو و باج و خەراجی ساڵیانەیان بە شای قاجار دەدا. هەر بەشێکیش پێی دەوترا وەلایەت، بۆ وێنە وەلایەتی ئیسفەهان یان وەلایەتی خوراسان و یان  وەلایەتی ئەردەڵان!

بەڵام بەپێی یاسای مەشرووتە سەرەتا دابەشیان کرد بە ٤ ئەیالەت و ١١ وەلایەت و دواتر گۆڕییان و کردیان بە چەند ئەیالەت و چەندین وەلایەتی جیاواز.

بە هاتنی ڕەزای میرپەنج، کە دەسەڵاتی ئیجرایی راستەوخۆ کەوتە دەست فاشیزمی نوێ لە ئێڕاندا، ئیدی دابەشکردنی ئیدارییان گۆڕی و کردیان بە ئوستان و شارستان و بەخش و دێهستان!

بەپێی یاسای تایبەتی دابەشکردنی ئیداریی ئێڕان لە ساڵی ١٣١٦، ئیرانیان کرد بە ٦ ئوستان و ٥٠ شارستان. ئوستانەکانیش بریتی بوون لە: ١-ئوستانی باکووری ڕۆژاوا ٢- ئوستانی باکوور ٣- ئوستانی ڕۆژاوا ٤- ئوستانی باشوور ٥- ئوستانی باکووری ڕۆژهەڵات ٦- ئوستانی  موکران

لەم دابەشکارییەدا کوردستان دابەش کرابوو بەسەر دوو ئوستانی ڕۆژاوا و بەشێکیشی وەکوو مەهاباد و سەلماس و ... بە ر باکووری ڕۆژاوا کەوتبوو!

دوای چەند مانگ سەرلەنوێ دەسکاریی ئوستانەکانیان کردەوە و  ئەمجارە بەپێی یاسای مانگی بەفرانباری ١٣١٦، کردیان بە دە ئوستان و ناویان لە یەکەوە تا دە بۆ ئوستانەکان دانا!

دواتر و وردەوردە لە سەردەمی پاڵەوی دووهەمدا، هەندێ لە ئوستانەکانیان گۆڕی و بەشێک لەمیان خستە سەر بەشی ئەوی تر و شارستانیان زیاد کرد و کەمیان کرد و تا سەردەمی ڕووخانی دەسەڵاتی حەمەڕەزا هەر چەند ساڵێک و ئاڵۆگۆڕێکیان پێک دەهێنا.

دواتر لە سەردەمی دەسەڵاتی کۆلۆنیالیستیی ویلایەتی فەقیهیشدا، ئاڵوگۆڕی ئوستان و ناوەکانیان و شارستانەکان و ناوەکانیان و دەسکاریی ناسنامەیان و ... بەردەوام بووە.

تا ئێستە کە زۆر ئاڵۆگۆڕیان لە دابەشکردنی ئیدارییدا پێک هێناوە، گوایە ٣١ ئوستان و ٤٧١ شارستان و ١١٦٢ بەخش لە ئێران هەیە!

ئەوەی  لە مێژووی یەک سەدەی پێک‌هێنانی ئاڵۆگۆڕی ئیداریدا بەرچاوە دوو سیاسەتی سەرەکیی حکوومەتی چ پاڵەوی و چ ویلایەتی فەقیهی دیار و بەرچاوە و هەردووکیان لە یەک ئیدئۆلۆژی، واتە سیاسەتی کۆلۆنیالیستیەوە سەرچاوەیان گرتووە.

سیاسەتی یەکەمیان بریتی بووە لەوەی کە  بەردەوام هەوڵی گۆڕینی دێمۆگرافی و ناسنامەی ناوچەکانیان داوە تاکوو شوناس و مێژووی شوێنەکانی سەر بە نەتەوە بندەستەکان بشێوێنن و بیسڕنەوە.

هەر لە ناونانی ئوستان و شارستانەکانەوە دەستیان لە ناوی شوێنەکان داوە و ناوی پارێزگا و شارستان و بەخش و تەنانەت گوندەکانیشیان گۆڕیوە و کردوویانە بە فارسی. هەروەها سنووری پارێزگا و شارستانەکانیان وەها دەسکاری کردووە کە وردەوردە لە کوردستان و بەلووچستان و لوڕستان و ... داببڕن و بیخەنە سەر پارێزگا فارسنشینەکان.

هەروەها بەجۆرێک سنووری پارێزگا دراوسێکانیان دەسکاری کردووە کە هەم ناسنامەی ناوچەکان بسڕنەوە و هەم کێشەی نەتەوەیی لەنێوان نەتەوە دراوسێکان دروست بکەن، بۆ وێنە کێشە لە نێوان کورد و تورک پێک بێنن یان کێشە لە نێوان کورد و عەرەب یان بەلووچ و تورکمەن یان تورکمەن و گیلەک بە گژ یەکدا بکەن.

سیاسەتی دیکەی کۆلۆنیاڵیستیی دەسەڵاتی حاکم لە سەد ساڵەی ڕابردوودا، بریتی بووە لە  گوێنەدان بە ویست و داواکاری و ناسنامەی خەڵکی نیشتەجێی ناوچەکان و بە ڕوانگەیەکی ئەمنیەتییەوە دابەشکارییەکانیان پەیڕەو کردووە.

گەر تەنانەت ئاڵۆزی و ناڕەزایەتییەکیش لەنێو خەڵکی نیشتەجێی شوێنێک پێک هاتبێ، لەباتی دۆزینەوەی  ڕێگا چارە و گوێگرتن لە خەڵک، بە سەرکوت و کوشتار وەڵامیان داوەتەوە و بەشێک لە خاکی ئەم خەڵکەیان وەرگرتووە و خستوویانەتە سەر ناوچەی خەڵکی دیکە.

بەم پێییە هەم سەرکوتیان بەڕێوە بردووە و هەم دوژمنایەتییان لە نێوان گرووپە جیاوازەکان دروست کردووە.

ئەمە سیاسەتی سەرکوتکارانەی حکوومەت بووە کە لەم سەد ساڵەدا پێڕەو  کراوە، بەڵام لایەنی دیکەی سیاسەتی  فاشیستی لە ئێراندا، هەڵسوکەوتی کەسانێک بووە کە خۆیان بە ئۆپۆزیسیۆنی حکوومەت نیشان داوە بەڵام لە کردەوە و بیرکردنەوەدا هەمان سیاسەتی حکوومەتییان بەلاوە پەسند بووە.

هەرکات نەتەوە ستەملێکراوەکان داوای مافی خۆیان کردبێ و یان باس لە سیستمی فیدراڵی بکرێ، ئەم ئۆپۆزیسیۆنە ناڕاستانە هەڵوێست دەگرن و بۆ پاساوهێنانەوە دەڵێن کە ئەو  سنوورە ئاڵۆزەی لە نێوان نەتەوەکان و خەڵکی شارەکان هەیە جیا ناکرێتەوە و خوێنی لێ هەڵدەستێ! یان گەر باسی پارێزگایەک بۆ وێنە سنە دەکەی یان پارێزگای ورمێ یان پارێزگای ئەحواز یان ... زوو خۆیان سوور دەکەنەوە و دەڵێن کە ئێوە ناوی دیکە بۆ پارێزگا و شوێنەکان دادەنێن و ئەوە دەسکاریی ناسنامەی پیرۆزی شوێنەکان دەکەن و  ئەوە نیشانەی تەجزیەتەڵبییە! نابێ سنووری پارێزگا و شارستانەکان دەسکاری بکەن یان ناوی دیکە بهێنن چونکە بڤەیە و وڵات تێک دەچێ!

کەچی لە سەد ساڵی ڕابردوودا حکوومەتی دەسەڵاتدار بەردەوام سنوورەکانی دەسکاری کردووە و دەیان و سەدان شارستانی ئەمبەر و ئەوبەر پێ کردووە و ناوی شوێنەکانی  گۆڕیوە و ئەم ڕوانگە فاشیستیە تەییدی تەواوی ئەو دەسکارییانە دەکا کە حکوومەتەکان کردوویانە!

لەم ڕۆژانەد باس لەوە دەکرێ کە ڕێژیمی ئیسلامی دەیەوێ پارێزگایەک بە ناوی عیلامی باستان دروست بکا و بەشێک لە ئە‌حواز و بەشێک لە ئیلام جیا دەکاتەوە و دەیخاتە سەر ئەو پارێزگا نوێیە!

جارێ لەوە گەڕێین کە گەر پارێزگایەک بە ناوی ئیلام هەیە ئیدی عیلامی باستان چیە؟ ئایا مەبەستێک هەیە لە دووبارە دابڕینەوەی بەشێک لە کوردستان و کێشە سازکردن لەگەڵ نەتەوەی دیکە؟ بەڵام هەر ئەوانەی کە هێرش دەکەنە سەر خەڵک کە نابێ ناوی پارێزگاکان بگۆڕن و سنوورەکانی بشێوێنن، بەرامبەر بەم کردەوەی ڕێژیم یان بێدەنگن یان تەییدی دەکەن! ئیدی بۆ حکوومەت سنوورەکانی ئیداری پیرۆز نین و دەتوانن بە ئاسانی دەستی تێوەردەن!

لێرەدایە کە وەبیر پائۆلۆف و تیۆریی مەرجدارکردنی خوو و خدە دەکەوینەوە کە ملکەچی  و گوێرایەڵی بەرامبەر بە فاشیزیمی دەسەڵاتدار و قامچیی ستەمکار بۆتە دیاردەیەکی دەروونیکراو و ئەم جۆرە کەسانە ناخێکی ملکەچ و کۆیلەیانهەیە کە بە بینینی قامچی، خوو و خدەیان مەرجدار کراوەتەوە!

 وەرگیراو لە بەرنامەی هزرین