کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

مانگانە ١٥٠ هەتا ٢٠٠ پەرستار لە ئێران کۆچ دەکەن

16:46 - 21 جۆزەردان 2723

بەهۆی دۆخی نالەباری ئابووری و قەیرانی دیکە لە ئێران، ڕێژەی کۆچکردنی پەرستاران و پزیشکان هەروا بەرەو هەڵکشان دەچێت و بەپێی دوایین ئامار، مانگانە ١٥٠ هەتا ٢٠٠ پەرستار لە ئێران کۆچ دەکەن.

محەممەد شەریفی موقەدەم، بەرپرسی گشتیی خانەی پەرستاری ئێران، باسی لەوە کردووە کە مانگانە ١٥٠ هەتا ٢٠٠ پەرستار لە ئێران کۆچ دەکەن و بەپێی ئامارە نافەرمییەکان، کۆچکردنی پەرستاران لە وڵات زیاتر لەو ڕێژەیەیە.

عەباس عیبادی، جێگری پەرستاریی وەزارەتی تەندروستیی ڕێژیم، ماوەیەک لەمەوپێش باسی لە کەمیی ٧٠ هەزار پەرستار لە هەموو بەشەکانی دەرمانی کردبوو.

بەپێی ئامارێک کە ناوبراو ڕایگەیاندووە، ئاماری کۆچکردنی پەرستاران هەتا کۆتایی ساڵ دەگاتە ٢ یان ٣ هەزار کەس.

جێگەی ئاماژەیە کە جگە لە پەرستاران، ساڵانە زۆرێک لە پزیشکانی پسپۆڕ لە ئێران کۆچ دەکەن، لەو پێوەندییەدا سەرۆکی کۆمیسیۆنی تەندروستی و دەرمانیی مەجلیسی ڕێژیمی ئێران ڕۆژی یەکشەممە ٧ی جۆزەردان ڕایگەیاندبوو کە نزیکەی ١٠ هەزار پزیشکی پسپۆڕ و پسپۆڕی باڵا لە ئێران لە ماوەی دوو ساڵی ڕابردوودا بڕوانامەی پێویستیان بۆ کۆچی کار وەرگرتووە.

هەروەها زۆرێک لەو کەسانە بەهۆی ئەگەری وەرگرتنی مووچەی زۆر بەرز لە وڵاتانی کەنداو، تەنانەت بیر لە کۆچکردن بۆ وڵاتانی ئورووپایی ناکەنەوە و بۆ وڵاتانی وەک عومان و ئیماراتی یەکگرتووی عەرەبی کۆچ دەکەن.

ڕێژیمی ئێران نەتەنیا بەرپرسیارەتیی هەڵاتنی کەسانی بلیمەتی لە ئێران وەئەستۆ ناگرێت، بەڵکوو ئەم دیاردەیە بە پیلانگێڕیی وڵاتانی دیکە وەسف دەکات.