کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

زیادبوونی ڕێژەی منداڵانی کار و منداڵانی سەرشەقام لە ئێران

16:48 - 21 جۆزەردان 2723

لە بەرەبەری ڕۆژی جیهانیی بەرنگاربوونەوە لەگەڵ کاری منداڵان، ئەندامێکی هەیئەتی بەڕێوەبەریی شۆرای شاری تاران وتی: ڕێژەی منداڵانی کار و منداڵانی سەرشەقام لە ئێران و بەتایبەتی لە تاران، ڕوو لە زیادبوونە.

ڕۆژی یەکشەممە ٢١ی جۆزەردانی ١٤٠٢ی هەتاوی، سوودە نەجەفی، ئەندامی هەیئەتی بەڕێوەبەریی شۆرای شاری تاران بە پشتبەستن بە بەڵگە نافەرمییەکان وتی: "١٤ تا ٧٠ هەزار منداڵی کار و منداڵی سەرشەقاممان لە ئێراندا هەیە."

بەپێی ڕاپۆرتی هەواڵدەرییە نێوخۆییەکانی ئێران، سوودە نەجەفی ڕایگەیاندووە کە یەکێک لە کێشە سەرەکییەکانی تاران بوونی منداڵانی کار و منداڵانی سەرشەقامە کە بەهۆی ئازاری زۆرەوە ئەو منداڵانە تووشی کێشەی جەستەیی و دەروونی بوون.

ناوبراو بە ئاماژەدان بە چارەسەرنەکردنی کێشەی منداڵانی کار و منداڵانی سەرشەقام وتی: بەردەوام شاهیدی زیادبوونی ڕێژەی منداڵانی کار و منداڵانی سەرشەقام لە تارانین و بەرپرسان لەم پێوەندییەدا هیچ هەنگاوێکی چارەنووسسازیان هەڵنەهێناوەتەوە.

بەپێی خاڵەکانی "پەیماننامەی مافی منداڵان"، وڵاتانی ئەندام لە کۆڕی گشتیی ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان بەرپرسیارن کە ڕووبەڕووی هەرجۆرە کەڵکاوەژۆ وەرگرتنێک لە منداڵان ببنەوە و هەر لەم پێوەندییەدا ڕۆژی ١٢ی ژووەن وەکوو ڕۆژی جیهانیی بەرەنگاربوونەوە لەگەڵ کاری منداڵان دیاری کراوە.

محەممەد ڕەزا حەیدەرهایی، بەرپرسی دەفتەری کاروباری زیاندیتووانی کۆمەڵایەتیی سەر بە ڕێکخراوی بێهزیستی، ١١ی جۆزەردان ڕایگەیاندبوو کە هێندێک لە منداڵانی کار و منداڵانی سەرشەقام لەلایەن باندەکانی قاچاخی ماددەی هۆشبەرەوە بەکار دەهێنرێن و ماددەی هۆشبەریان لەنێو شاردا پێ دەگوازنەوە.