کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

ناوەندی هاوکاری: بزووتنەوەی مافخوازانەی خەڵکی کوردستان بە سیاسەتی گرتن و تۆقاندن ناوەستێندرێ

08:39 - 22 جۆزەردان 2723

لە چەند ڕۆژی ڕابردوودا ناوەندە ئەمنیەتییەکانی کۆماری ئیسلامی دەیان کەس لە ئەندامانی بنەماڵەکانی شۆڕشی ژن، ژیان، ئازادی لە شارەکانی سنە، دێولان و دیواندەرەیان دەسبەسەر کردووە.

ئەو ڕەشبگیرە دوای ئەوە بووە کە ئەو کەسانە سەردانی مەزاری شەهیدانی ڕاپەڕینی ئەمدواییانەیان لە شارەکانی سەقز و بۆکان کردووە و لە ڕێگەی گەڕانەوەدا بەکۆمەڵ دەسبەسەر کراون و هەواڵەکان باس لەوە دەکەن کە هێشتا ژمارەیەکی زۆر لەوان لە گرتووخانەکانی ناوەندە ئەمنییەتییەکاندا ڕاگیراون و بەند کراون.

لە هەوڵێکی دیکەدا ناوەندە ئەمنیەتییەکانی ڕێژیم لە شاری سەقز بڕیاریان داوە هاتوچۆکان بۆ گۆڕستانی ئایچی سنووردار بکەن و بەر بە سەردانی خەڵک بۆ سەر مەزاری ژینا ئەمینی و شەهیدانی دیکەی ئەو گۆڕستانە بگرن.

ناوەندی هاوکاریی حیزبەکانی کوردستانی ئێران وێڕای مەحکووم‌کردنی ئەو کردەوانەی کۆماری ئیسلامی ڕادەگەیەنێ: بزووتنەوەی مافخوازانەی خەڵکی کوردستان بە هەوڵی لەو چەشنە ناوەستێندرێ. هەروەها شکاندنی کێل و داخستنی مەزارگەی شەهیدان، ڕێگری لە سەردانی گڵکۆی شەهیدان بە مەبەستی نوێکردنەوەی پەیمان و بەڵێن و دەسبەسەرکردنی خەڵک لەو سۆنگەیەوە، تەنیا ڕقی پیرۆزی کۆمەڵانی خەڵک لە تەواوەتیی ڕێژیم زیاتر دەکات.

شۆڕشی ژینا لە دڵ و باوەڕی خەڵکی خەباتکاری کورددا زیندووە و ئەم شۆڕشە سەرەڕای هەموو سەرکوت و زەبروزەنگێکی کۆماری ئیسلامی ڕۆژ لەگەڵ ڕۆژ لە سەرکەوتنەکانی نزیکتر دەبێتەوە.

ناوەندی هاوکاریی حیزبەکانی کوردستانی ئێران

٢١ی جۆزەردانی ١٤٠٢ی هەتاوی