کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

بەردەوامیی کۆبوونەوە ناڕەزایەتییەکان لە کوردستان و ئێران

10:36 - 22 جۆزەردان 2723

لە درێژەی کۆبوونەوە ناڕەزایەتییەکان دژی کۆماری ئیسلامی، ڕۆژی ڕابردوو ١١ کۆبوونەوەی ناڕەزایەتی لە شارەکانی کوردستان و ئێران بەڕێوە چوو.

بەپێی ڕاپۆرتی هەواڵدەریی "هێرانا"، ڕۆژی یەکشەممە ٢١ی جۆزەردانی ١٤٠٢ی هەتاوی، لە درێژەی کۆبوونەوە ناڕەزایەتییەکان دژی دەسەڵاتی گەندەڵ و سەرەڕۆی ڕێژیم، ١١ کۆبوونەوەی ناڕەزایەتی لە شارەکانی کوردستان و ئێران بەڕێوە چوو.

لەلایەکەوە کۆبوونەوەی ناڕەزایەتیی کۆمەڵێک لە کەمئەندامان و کەسانی خاوەن پێداویستیی تایبەت لە بەردەم ئیدارەی بێهزیستیی شارەکانی "ئەراک، تاران، قوم، برووجێرد، کرمان، کرماشان و ئەردەبیل" بەڕێوە چوو.

هەروەها کۆبوونەوەی ناڕەزایەتیی خانەنشینکراوانی ئیدارەی دابینکردنی کۆمەڵایەتیی شارەکانی کرماشان و شووش لە بەردەم ئیدارەی دابینکردنی کۆمەڵایەتیی شارەکانیان بەڕێوە چوو.

شایانی باسە کە خانەنشینکراوانی کۆمپانیای پیشەی مس لە تەورێز، ئەندازیارانی مێعماریی پارێزگای ئەردەبیل لە بەردەم بینای ئیدارەی ڕێگە و شارسازی ئەو پارێزگایە، ناڕەزایەتییان دەربڕی.