کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

دایکانی شۆڕش لە کوردستان: هێزەکانی ئیتلاعات لە کاتی دەسبەسەرکردنماندا، قاپی وێنەی شەهیدانیان شکاند

10:39 - 22 جۆزەردان 2723

دایکانی شۆڕش بە بڵاوکردنەوەی ڕاگەیەندراوێک لەمەڕ دەسبەسەرکرانی بنەماڵەی شەهیدانی شۆڕشی ژینا لە ڕۆژی هەینی لە سەقز، نووسییان: لە کاتی گەیشتن بە سەقز، هێزە سەرکوتکەرەکانی ڕێژیم قاپی وێنەی شەهیدانیان شکاند.

ڕۆژی یەکشەممە ٢١ی جۆزەردانی ١٤٠٢ی هەتاوی، دایکانی شۆڕش لە ڕاگەیەندراوێکدا ڕوو بە خەڵکی کوردستان ڕایانگەیاند کە پاش ئەوەیکە هێزەکانی ڕێژیم قاپی وێنەی شەهیدانیان شکاند، کۆمەڵێک لە لاوەکانیان داوەتە بەر لێدان و پاش لێکۆڵێنەوە، دایکان و خوشکانی شەهیدانی شۆڕشی ژینایان کاتژمێر سێی بەرەبەیانی بەبێ ئەوەیکە ماشینەکانی خۆیان پێ بدەنەوە، لەسەر شەقامەکان بەجێیان هێشتوون.

لە بەشێکی دیکەی ئەو ڕاگەیەندراوەدا هاتووە: "ئێمە وەکوو چالاکانی سیاسی و مەدەنی، کردەوەی هێزەکانی ئیتلاعات بە توندی مەحکووم دەکەین و دواکارین کە بە خێراترین کات باوک و برای شەهیدانی شۆڕشی ژینا ئازاد بکرێن.

ڕۆژی هەینی ١٩ی جۆزەردانی ١٤٠٢ی هەتاوی، زیاتر لە ٣٠ کەس لە ئەندامانی بنەماڵەی شەهیدانی بەرخۆدانی جەماوەریی شاری سنە، دیواندەرە و دێولان کە سەردانی گڵکۆی شەهیدانی شۆڕشی ژینا لە شارەکانی سەقز و بۆکانیان کردبوو، لە کاتی گەڕانەوەیاندا لەلایەن هێزە ئیتلاعاتییەکانی ڕێژیمەوە دەسبەسەر کران کە چوار کەس لەو دەسبەسەرکراوانە منداڵ بوون.

کۆمەڵێک لەو کەسانە پاش چەند کاتژمێر لێکۆڵینەوە ئازاد کران، بەڵام ئێستاش ٧ کەسی دیکە لە ئەندامانی بنەماڵەی ئەو شەهیدانە دەسبەسەرن.