کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

پەیامی ڕێکخراوەکانی لاوان و ژنان و خوێندکارانی دێموکرات لە یادی دوازدەی جۆزەردان ڕۆژی زیندانیی سیاسی کورد

23:18 - 11 جۆزەردان 2723

خەڵکی نیشتمانپەروەری کوردستان!

دوابەدوای سەرکەوتنی شۆڕشی گەلانی ئێران و کۆتایی هاتنی دەسەڵاتی نەگریسی پەهلەوی، چاوەڕوانییەکانی خەڵک بۆ دەسپێکی نوێ بێ ئاکام مایەوە و ڕێژیمی تازە بەدەسەڵات‌گەیشتووی کۆماری ئیسلامی بە قەبووڵ نەکردن و تواندنەوەی جیاوازییە نەتەوەیی و ئایینییەکان بناغەی حوکمڕانی خۆی دانا و لەو نێوەدا نەتەوەی کورد بۆ بەرگری لە مان و مەوجودییەتی خۆی دەستی بە خەباتێکی ڕەوای نیشتمانی کرد و تێچوویەکی زۆری بۆ پارێزگاری لە کەرامەت و ئازادیی خۆی دا.

فتوای جیهاد، جینۆسایدی شار و گوندەکان و کۆمەلکوژی ٥٩ لاوی بێتاوان لە مەهاباد، لە نمونە دیارەکانی جینۆسایدی نەتەوەکەمان لەلایەن ڕێژیمی کۆماری ئیسلامیی ئێرانەوەن. ڕێژیمی کۆماری ئیسلامی کە باوەڕی بە چارەسەری ئاشتییانەی پرسی کورد نەبووە و پرسی کوردی وەک پرسێکی سیاسی لە ئیران پێناسە نەکردوە و هەمیشە لە گۆشە نیگای ئەمنییەوە سەیری کردووە، بۆ چارەسەرکردنیشی پەنای بۆ شەڕ و کوشتن و جینۆساید بردووە و شەڕی بەسەر نەتەوەکەماندا سەپاندووە.

لاوانی بەهەڵوێستی کوردستان!

چل ساڵ پێش ئێستا و لە ١٢ی جۆزەردانی ١٣٦٢دا، ڕێژیم لە ڕەشبگیرییەکدا لە شاری مەهاباد ٥٩ لاوی بێ تاوانی ئیعدام کرد کە بەشێکیان مێرمنداڵ بوون و هێشتا نەگەیشتبوونە تەمەنی یاسایی. ئامانجی ڕێژیم لەو کارە، درێژەدانی کوشتار و چاوترسێن کردنی خەڵک و لاوانی کورد بوو. لە وەڵامی ئەم جینایەتەی دەسەڵاتدارانی تاراندا، هێزی پێشمەرگەی کوردستان کە پێک هاتبوو لە لاوانی بە ئیرادە و بە هەڵوێست، تێکۆشانی چەکدارانە بۆ پاراستنی شوناسی نەتەوەیی و خاکی کوردستان دەست پێ دەکەن کە تا ئێستاش ئەم تێکۆشانە درێژەی هەیە.

ژنان و لاوانی ئازای ڕۆژهەڵات!

کارنامەی ڕێژیمی کۆماری ئیسلامی بە درێژایی ٤٣ ساڵ تەمەنی پڕاوپڕ بووە لە جینایەت و کوشتار و پێشێلکاری مافی ئینسانەکان، لە درێژەی ئەم جینایەت و کوشتارەدا، نزیک بە یەکساڵ لەمەوبەر دەسەڵاتی سەرکوتی کۆماری ئیسلامی بەبیانووی نەپاراستنی حیجابی داسەپاو، ژینا ئەمینی لێ ئەستاندین و تا ئێستاش بکەرانی ئەم تاوانە بە پاساوی جۆراوجۆر و بەمەبەستی پەردەپۆش کردنی ئەم قەتڵە ناڕەوایە، دەیان لاو و ژن و خوێندکاری دیکەی شەهید کردوە.

بە خاک و خوێن کێشانی خۆپیشاندانە مەدەنییەکانی ڕۆژهەڵات و ئێران، دەستبەسەر کردن و ئەشكەنجەی خەڵکی بێتاوان و چاوترسێن کردنی لاوان بە هەڵخستنی تەنافی ئێعدام و موشەکبارانی بنکە و بارەگای حیزبە کوردییەکان لە باشووری کوردستان نمونەی ئەو جینایەتە دیارانەی ڕێژیمی کۆماری ئیسلامین کە نیشاندەری ئەو ڕاستییەن کە ڕێژی کۆماری ئیسلامی و دەزگای سەرکوتی سپای پاسداران نەک هەر لە ئیدارەدانی وڵات زەبوونن، بەڵکوو بە کوشت و کوشتار  و چاوترسێن کردنی نەتەوە ئازادیخوازەکان دەیانهەوێ دەسەڵاتی خۆیان درێژە بدەن.

ژنانی خەباتکاری کورد!

بەشداری چالاکانەی ئێوە لە خۆپیشاندانەکانی ئێران و ڕۆژهەڵاتی کوردستان لە ڕەوتی شۆڕشی ژینادا، بناغەکانی ئەم ڕێژیمەی هەڵتەکاند و چاوی دنیای ڕۆژئاواشی زیاتر لە جاران بە ڕووی ڕاستییەکاندا لە ئێران کردەوە. بەڵام سەرخستنی یەکجاری ئەو خەباتە لە گرەوی بەردەوامی هەموو چین و توێژەکاندایە و پێویستە سەرجەم گەلانی ماف زەوت کراو بە یەکیەتیی و یەکدەنگی خۆیان ئێران لە چنگ ئەم ڕێژیمە داپڵۆسێنەرە ڕزگار بکەن.

لاوان و خوێندکارانی ئازا و بە هەڵوێست!

لە ڕەوتی شۆڕشی ئەمجارەدا شەقام و زانکۆکانی ئێران و ڕۆژهەڵات شاهیدی حەماسە و تێکۆشانی بێ وچانی ئێوە بوون. ڕێژیم ٤٠ ساڵ لەمەوبەر بە ئێعدامی ٥٩ لاوی بێتاوان نەیتوانی ویستی ئازادی و سەربەست ژیان، لە فکری لاوی کورددا بسڕێتەوە و دوای ئەم ڕووداوە سامناکە و بەرگەگرتنی کۆمەڵگای کوردی لەبەرانبەر زۆر کارەسات و نەهامەتی دیکە کە کۆماری ئیسلامیی ئێران بەسەری هێناون، نەک هەر پاشەکشە بە ویستی ئازادیخوازانەی کورد نەکراوە، بەڵکوو ڕووخانی دەسەڵاتی کۆماری ئیسلامی ڕۆژ لە ڕۆژ چالاکتر و نزیکتر کردۆتەوە.

ئەمڕۆکە و پاش تێپەڕێنی ٤٠ ساڵ بەسەر کارەساتی ئێعدامی بە کۆمەلی ٥٩ لاوی مەهاباد، ئێمە دڵنیاین کە لاوانی کورد یادی ئه‌و شه‌هیدانه بەرز ڕادەگرن و بە تێکۆشانیی بەردەوامییان بە کۆماری ئیسلامی دەسەلمێنن کە ئەستاندنی گیانی لاوه‌کانمان نەک ناتوانێ ئیراده‌یان به‌چۆکدا بێنێ و له‌ ویست‌ و داخوازه‌کانیان پاشگەزیان بکاتەوە؛ بەڵکوو هەموو ئەو خوێنە بە ناحەق ڕژاوانەی دەستی کۆماری ئیسلامی لە ماوەی ٤٤ ساڵ حوکمڕانییە نەگریسەکەی، دەبێتە هەوێنی ڕاپەڕینێکی گشتگیر و کۆتایی بە دەسەڵاتی ئەم ڕێژیمە دەهێنێت

بەڕێزان ئەنجومەنی زیندانییە سیاسییەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان!

ناوزەدکردنی ڕۆژی دوازدەی جۆرەردان وەک ڕۆژی زیندانیانی سیاسی کورد، لەلایەن ئەنجومەنەکەی ئێوە، سەرەتایەکە بۆ بەدواداچونی زیاتر سەبارەت بە مافەکانی ئەو زیندانییانەی کە بێ بەش بوون لە دادگایەکی عادڵانە و ئێعدام و شوێن بزر کران. ئەو بۆنەیە لە ساڵدا بۆ زیندانییانی سیاسی کورد ڕۆژێکە بۆ هاوخەمی و هاودەردی لەگەڵ سەرجەم بەندییە سیاسییەکان و بنەماڵەکانیان، هەروەها دەرفەتێکیشە بۆ بەنێونەتەوەیی کردنی کەیسەکانیان.

دڵنیابن ئێمەش پشتیوانی هەوڵەکانتانین.

بەرز و بەڕێز بێت یادی ئەو ٥٩ لاوە شەهیدەی کورد و سەرجەم شەهیدانی کوردستان

سەنگەری خەباتیان ئاوەدان

 

یەکیەتییەکانی لاوان و ژنان و خوێندکارانی دێموکرات

١٢ی جۆزەردانی ١٤٠٢