ڕایان مەککان
و لە فارسییەوە: شاهۆ مەتین
لیبڕاڵیزم- ئەو ئیدئۆلۆژییەی ئێستا پێی دەگوترێ "لیبڕاڵیزمی کلاسیک" یان "لیبڕتاریێنیزم"- بە درێژایی مێژووی خۆی بەدەست ئەم وێنەیەوە دەناڵێنێ کە لە بنەڕەتدا دژایەتی شتەکانە، ئەمە بە تەواوی هەڵە نییە. لە ڕووی مێژووییەوە لیبڕاڵیزم وەک ئیدئۆلۆژییەکی ناسراو و یەکگرتوو لە دژایەتیی بازرگانی و ڕەهاگەرایی لە سەرانسەری ئورووپای ڕۆژئاوا پەرەی ساند. بە تێپەڕبوونی کات ئەم دژایەتییە بۆ سۆسیالیزم، پارێزگاریخوازی، ئیمپریالیزم، شەڕی شەڕانگێزی و کۆیلایەتی درێژ بۆوە. لەم ڕووە لیبڕاڵەکان بۆ چەندین سەدە لە دژی کۆمەڵێک خراپەکاری ئەخلاقی و ئابووری کە هەژاری و نادادپەروەری و نەهامەتی بڵاو دەکردەوە شەڕیان کردووە. بەڵام "دژ" بوون بۆ خۆی هیچکات بەس نەبووە و لیبڕاڵەکان هەرگیز بەم شتە ڕازی نەبوون.
بێگومان لیبڕاڵیزم لەمێژە پێوەندییەکی نیزیکی بە بەهاکانی بەناو "بورژوازی"، خاوەندارێتی تایبەت، خۆبەڕێوەبەری نێوخۆیی و - سەرەڕای ئەو بانگەشانەی کە دەڵێن دوژمنایەتی لەگەڵ دەکات، لەگەڵ دامەزراوە ئایینییەکاندا پێوەندیییەکی نیزیکی هەیە. بەڵام ئەمڕۆ ئەم دامەزراوانە کە لەمێژە بنەمای لیبڕاڵیزم و کۆمەڵگەی ئازادیان پێک هێناوە؛ لە دۆخێکی دابەزینی زیاتردان. ئەمانە ئەو دامەزراوانەن کە کۆمەڵگە و ژیانی مەدەنییان بەبێ کۆنتڕۆڵی حکوومەت مومکین کردووە.
دابەزینی ئەو دامەزراوانە بە ڕێکەوت نەبووە. دەسەڵاتی دەوڵەتی مۆدێڕن دەرەنجامی شەڕە درێژخایەنەکانی دەوڵەتە لە دژی کلیسا سەربەخۆکان و دژی پێوەندی خێزانی و دژی خۆبەڕێوەبەری نێوخۆیی حکوومەت هیچکات تەحەمولی ڕکابەرەکانی نەکردووە. بۆیە هەر ڕێکخراوێک کە کێبڕکێ لەسەر "دڵ و دەروون"ی خەڵک بکا، دەبێ ژێر پێ بخرێت. بۆیە بۆمان دەردەکەوێت کە ئەو تەحەدایەی کە ڕووبەڕوومان دەبێتەوە زیاترە لە دژایەتیکردنی حکوومەت. بەڵکوو پێویستە دامەزراوە گەلێک دروست بن و بەهێز بکرێن و بەردەوام بێت کە بتوانێ بەدیلێک بۆ حکوومەت لە ڕووی ڕێکخستن و پشتیوانی کۆمەڵگەی مرۆڤایەتی دابین بکات.
بەبێ ئەم دامەزراوانە کاری لیبڕاڵیزم زۆر قورس ترە یان تەنانەت مەحاڵ ترە.کۆمەڵگەکان لە دامەزراوەکان پێک هاتوون. وەک مێژوونووسی ئازادیخواز ڕالف ڕایکۆ ئاماژەی پێ دەکات، لیبڕاڵەکان جیاوازییەکی سەرەکی لەنێوان حکوومەت و "کۆمەڵگە"دا دادەنێن. کۆمەڵگە تەنیا ئەو دامەزراوانەن کە دەوڵەت نین. یان وەک دیڤید گۆردۆن دەڵێ "لیبڕاڵەکان پێیان وایە دامەزراوە بنەڕەتییەکانی کۆمەڵگە دەتوانن بە سەربەخۆیی تەواو لە دەوڵەت کاربکەن". بیرۆکەی ئەوەی کە دامەزراوەکانی کۆمەڵگە دەتوانن بەبێ حکوومەت کار بکەن، ڕاستییەکی مێژوویی قووڵ و لەمێژینەیە.
لە سەرەتای شارستانییەتی مرۆڤایەتییەوە، تەنانەت لە نەبوونی حکوومەتەکانیشدا، مرۆڤەکان دامەزراوە و پێوەندییان دروست کردووە کە بۆ دابینکردنی ڕێکوپێک و ئاسایش و تۆڕەکانی ئاسایشی کۆمەڵایەتی داڕێژڕاون. وەک مێژوونووس "پۆڵ فریدمان" دەڵێ: زۆرێک لە کۆمەڵگەکان بە شتێکی تر جگە لە "حکوومەت، وەک ئەوەی ئێمە لێی تێدەگەین" بەیەکەوە دەگیرێن بەڵکوو دەتوانرێت کۆمەڵگەکان بە "زنجیرە کۆمەڵایەتییەکان و پێوەندییە نافەرمییەکان" بەیەکەوە ببەسترێنەوە. ئەم زنجیرەیانە بریتین لە "خزمایەتی، خێزان، سیستەمی تۆڵەسەندنەوەی تایبەت، ئایین" هەروەها ئەم دامەزراوانە لە ئیدەاڵی پەڕشوبڵاوی دەسەڵاتی سیاسی لەنێوان ڕێکخراوە جۆراوجۆرەکاندا جەوهەری بوون، لەبڕی ئەوەی لە دەسەڵاتێکی ناوەندیدا چڕ بکەنەوە.
بە بڕوای ڕایکۆ، خەباتی ڕۆژئاوا بۆ ئازادی و سەربەخۆیی سیاسی لە ڕووی مێژووییەوە بە خەباتی ئەم دامەزراوانە بۆ مافە یاساییە جیاجیاکانیان تایبەتمەندە. زۆرجار شازادەکان دەستیان بە میساقی مافەکانەوە بەسترابوو (وەک ماگنا کارتا)؛ ئەو میساقانەی کە دەبوو بیدەن بە ڕەعیەتەکانیان. لە کۆتاییدا تەنانەت لەنێو دەوڵەتە تا ڕادەیەک بچووکەکانی ئورووپادا، دەسەڵات لەنێوان ئیستاتەکان، سیستەمی یاسایی، شارە بەکرێگیراوەکان، کۆمەڵگە ئاینییەکان، سوپاکان، زانکۆکان و... بڵاوبووەوە و هەریەکەیان ئازادییە گەرەنتیکراوەکانی خۆیان هەبوو.
سەیر نییە کە سەرهەڵدانی دەوڵەتی مۆدێڕن پێوەندییەکی نیزیکی بە شەڕی دەوڵەتەوە هەبێت بەرامبەر بەو دامەزراوانە. وەک مێژوونووسی حکوومەت "ماڕتین ڤان کرۆڵد" نیشانی داوە، بۆ چەسپاندنی دەسەڵات سەرەتا حکوومەت دەبوو کلیسا و ئاغا و شارەکان بەتوندی لاواز بکا.
لە کۆتاییدا ئەم ڕێکخراوانە کێبڕکێیان لەگەڵ حکوومەتدا دەکرد. ئەم ڕێکخراوانە زۆرجار تۆڕی سڵامەتی ئابووری و ڕێکوپێکی مەدەنی خۆیان لە ڕێگەی دادگا سەربازییە نێوخۆیییەکانەوە دابین دەکرد. جگە لە بیرۆکەی دەوڵەت-نەتەوە، هەستێکی کۆمەڵایەتی و ئامانجی کۆمەڵایەتییان دروست دەکرد. ئەوانیش وەک "خولی هانسیاتیک"، خزمەتگوزارییە ئابوورییە سەرەکییەکانیان پێشکەش دەکرد کە ڕێڕەوی بازرگانی پارێزراو و خزمەتگوزاری نێوبژیوانی بۆ بازرگانەکان دەرەخساند.
ئەم سیستەمە سیاسییە فرە سەنتەرییانە ئاستەنگ بوون لەبەردەم چەسپاندنی دەسەڵاتی دەوڵەت و وەک مۆرای ڕۆتبارد دەڵێ: هەڵوەشاندنەوەی دامەزراوە نادەوڵەتییەکان لە سەرەتای قۆناغی مۆدێڕن خێراتر بوو. لە سەدەی ١٦ لە فەڕانسە ئەم پرۆسەیە گەیشتە سەرکەوتنی تەواو. حکوومەتی فەڕانسە "بە شێوەیەکی سیستماتیک مافە یاساییەکانی هەموو کارگەکان یان ڕێکخراوەکانی هەڵوەشاندەوە کە لە سەدەکانی نێوەڕاستدا لەنێوان تاک و دەوڵەتدا وەستابوون. ئیتر دەسەڵاتی ناوەندخواز نەما و پاشا باڵادەستی ڕەهای بەسەر ئەم نێوبژیوانانەدا پەیدا کرد. ئەم پرۆسەیە بۆ کۆتایی هێنان بەسەربەخۆیی و ئەگەری بەرەنگاربوونەوەی حکوومەت پێویست بوو.
لە ڕابردوودا حکوومەت دەبوو ڕەزامەندی ڕێکخراوە جۆراوجۆرەکان بەدەست بهێنێ کە دەیتوانی بەرەنگاری ڕاستەقینە لە بەرامبەر دەسەڵاتەکەیدا پیشان بدەن. وەک "ئەلێکسی دۆ تۆکڤیل" فیلسووفی سەدەی نۆزدەیەمدا دەڵێ: "تەنانەت هەر لەم دواییانەدا وەک سەد ساڵ لەمەوبەر، لەنێو بەشێکی زۆری گەلانی ئورووپاییدا چەندین کەسایەتی و کۆمپانیای تایبەت هەبوون کە ئەوەندە سەربەخۆ بوون بۆ بەڕێوەبردنی دادپەروەری، کۆکردنەوە و پاراستنی سپایەک، باج وەرگرتن و تەنانەت زۆرجاریش بۆ جێبەجێکردنی یاسا و دروستکردنی پێوەندی ڕاستەوخۆ لەنێوان حکوومەت و هاووڵاتی.
بەڵام تەنانەت دوای هەڵوەشاندنەوەی سەربەخۆیی یاسایی سەدەی نێوەڕاستەکانیش، کلیساکان، ڕێکخراوە برایەتییەکان و تۆڕەکانی خێزانە فراوانەکان وەک دامەزراوەیەکی گرینگ مانەوە بۆ هاودەنگی نێوخۆیی، سەربەخۆیی ناوچەیی و کەمکردنەوەی هەژاری بوون. جگە لەوەش کۆمپانیای خێزانە سەرمایەدارەکان، سەرچاوەیەکی جیاوازی دەسەڵاتیان لە دەرەوەی دەوڵەت پێک دەهێنا و زۆرێک لەو خێزانانە بە ئاگادارییەوە بەدوای سەربەخۆیی ئابووریدا دەگەڕان.
تێڕوانینی مێژوونووسی ماڕکسیستی ئێریک هۆبسباوم سەبارەت بە "خێزانی بورژوازی" هەرچەند بە تەواوی شیاوی قبووڵکردن نییە، بەڵام لەگەڵ ئەوەشدا ڕۆڵی جەوهەری خێزان لە کۆمەڵگەی سەدەی نۆزدەیەمدا پیشان دەدات و دەڵێ: "خێزان تەنیا یەکەیەکی بنەڕەتی کۆمەڵایەتی کۆمەڵگەی بورژوازی نەبووە، بەڵکوو هەروەها یەکەی سەرەکی خاوەندارێتی و کارگە بازرگانییەکانیش بوو."
بەڵام تەنانەت ئەم کێبڕکێ نافەرمییە و دامەزراوەییەش لەگەڵ حکوومەتدا بەرگەی نەگرت. لە سەدەی نۆزدەیەمدا دژایەتی حکوومەت بۆ دامەزراوە سەربەخۆکان لەلایەن دەوڵەتی خۆشگوزەرانەوە چووە قۆناغێکی تر و ئەمە بۆ یەکەمجار لە ئاڵماندا ڕوویدا کە دەوڵەتی ئاسوودە ژیان لەلایەن ئۆتۆڤۆن بیسمارک ناسێندرا. ڕایکۆ دەڵێ: دەوڵەتی ئاسوودەژیان هەوڵێکی بە ئەنقەست و هۆشیارانەی بیسمارک بووە بۆ کۆتاییهێنان بەسەربەخۆیی دارایی خەڵک لە دەوڵەت. ئەنتۆنی مۆلەر بەو ئەنجامە دەگات کە دەوڵەتی ئاسوودەیی ژیان "سیستەمێکی پابەندبوونی هاوبەشی نێوان دەوڵەت و هاووڵاتیانی"ی دروست کردووە. ئەمەش زیاتر ئەو بیرۆکەیەی بەهێزتر کرد کە حکوومەت پێوەندییەکی ڕاستەوخۆی لەگەڵ خەڵکدا هەبێ، بەبێ بەربەستی دامەزراوەیی نێوخۆیی، کولتووری و ئایینی. دابەزینی دامەزراوە ناحکوومییەکان هەوڵەکان بۆ بێلایەنکردنی ڕێکخراوە ناحکوومییەکان زۆر سەرکەوتوو بوون. بەربەستە دامەزراوەییەکان لەبەردەم دەسەڵاتی دەوڵەتدا تەنیا سێبەری پێشینەی خۆیان نیین.
کۆمەڵگە سەربەخۆکان و شارە ئازادەکان و میلیشیا نێوخۆییەکان و خانەقا و کلیسا سەربەخۆکان لەمێژە نەماون. لە مێژووی نوێتردا تەنانەت ڕێکخراوە برایەتییەکان و ڕێکخراوە خێرخوازییە نێوخۆییەکان تا دێت نەماون و زیاتر پشت بە دۆلاری باجی حکوومەتی ناوەندی دەبەستن. پراکتیزە ئاینییەکان لە دابەزینێکی قووڵدان. لە ئەکامدا ڕێکخراوەکانی کلیسا وەک قوتابخانە زۆر کەمیان کردووە، خێزانەکانیش لە دابەزیندان، هەردوو ڕێژەی هاوسەرگیری و منداڵبوون لە دابەزیندایە، جیابوونەوەش لە هەڵکشاندایە. واتە لە درێژخایەندا پێوەندی خێزانی کەمتر دەبێتەوە. تەنانەت لەنێو ئەو کەسانەی کە خۆیان بە نەریتخواز ناو دەبەن، بە ئاسانی دەتوانی کەسانێکی زۆر بدۆزیتەوە کە جیابوونەتەوە و جیا لە منداڵە بچووکەکانیان دەژین و دوور لە پێوەندییە درێژخایەنەکانن.
بەپێچەوانەوە سەقامگیرترین پێوەندی ئابووری و دامەزراوەیی زۆر کەس لەگەڵ حکوومەتە نەتەوەیییەکەیاندایە. نیزیکەی زۆرینەی باجەکان دەدرێت بە حکوومەتی ناوەندی و زۆربەی یارمەتییەکانی چاودێری تەندروستی و خانەنشینی لەلایەن حکوومەتە نیشتمانییەکانەوە دابین دەکرێن. حکوومەتەکان- نەک کلیساکان یان خێزانە دیارەکانی ناوچەکە، ئێستا لە ڕووی داراییەوە زاڵن بەسەر زانکۆکان و نەخۆشخانەکان و کەمکردنەوەی هەژاریدا.
ئەمەش بە تەواوی لە بەرژەوەندی حکوومەت دایە. چونکە بەو مانایە کە خەڵکێکی کەمتر دەتوانن پشت بە زنجیرە خێزانییەکان یان زنجیرە نێوخۆیییەکانی دیکە ببەستن بۆ ئاسایشی ئابووری یان کۆمەڵایەتی و بە واتای کەمتر دڵسۆزی بۆ هەر کۆمەڵگەیەک دێت لەچاو "کۆمەڵگە"ی نیشتمانی کە بە شێوەیەکی ناڕوون و خەیاڵی پێناسە کراوە.
لە بەرامبەر هەموو ئەمانەدا ڕەنگە هێندێک بڵێن: " پێویستمان بە هیچ ڕێکخراو و دامەزراوەیەک نییە و تەنیا پێویستمان بە تاکگەرایی توندوتیژ هەیە!" بیرۆکەیەکی باشە، بەڵام هیچ بەڵگەیەک نییە کە لەڕاستیدا وەک باڵانسی هێز بەرامبەر دەسەڵاتی حکوومەت کار بکەن.
لە ڕوانگەی مێژووییەوە لیبڕاڵەکان لەمێژە تێگەیشتوون کە دژایەتیکردنی دەسەڵاتی حکوومەت ناتوانێ کاریگەر بێت ئەگەر تەنیا لەسەر بنەمای دژایەتی تاکەکانی پەڕشوبڵاو بێت کە هیچ بەرژەوەندی و هەستێکی هاوبەشی پراکتیکی، ئایینی، خێزانی، یان ئابووریی ڕەگداکوتاوی قووڵ و سەقامگیریان نییە.
بەڵکوو بەرەنگاربوونەوەی دەوڵەت لە دەوری دڵسۆزی دامەزراوەیی کولتووری، ئایینی، زمانەوانی و نێوخۆیی کۆبۆتەوە و لە ڕووی مێژووییەوە ئەم هەڵوێستە زۆر جار لە شێوەی زنجیرە خێزانە نێوخۆییەکان و هاوپەیمانەکانیاندا بووە. تۆکڤیل ئاماژەی بەوە دەکا کە ئەم گرووپانە هاودەنگییەکی باشیان بۆ ڕێکخستنی دژایەتی بەرامبەر پێشێلکارییەکانی حکوومەت دابین کردووە و دەنووسێت: "تا ئەو کاتەی هەستی بنەماڵەیی بە زیندووی هێڵدرایەوە، ستەمکار هەرگیز تەنیا نەبووە؛ ستەمکارەکە سەیری دەکرد و هاوڕێ بۆ ماوەییەکان و خزمەکانی دۆزیەوە ئەگەر ئەم پاڵپشتییە کەم بووبایوە لەلایەن باوباپیرانی پاڵپشتی دەکرا و نەوەکانی ژیانیان پێ دەدا.
تۆکڤیل بەو ئاکامە دەگا کە بەبێ ئەم دامەزراوانە یان هاوشێوەکانی، دژایەتی سیاسی بۆ حکوومەت بێکەڵک و بێکاریگەر دەبێ. بە تایبەتی بەبێ دامودەزگاکان کە لە ڕێگەیانەوە بەرەنگاربوونەوەی دەسەڵاتی دەوڵەت بە شێوەیەکی کاریگەر دامەزرابێ، تەنانەت ئیدئۆلۆژی دژە ڕێژیمیش شانسی جێبەجێکردنی نییە. تەنانەت ڕای گشتیش دەتوانێ چ دەسەڵاتێکی هەبێت، لە کاتێکدا بیست کەس بە پێوەندییەکی هاوبەش بەیەکەوە نەبەستراونەتەوە؛ کاتێک نە پیاوێک، نە خێزانێک، نە کۆمپانیایەکی فەرمی، نە چینێک، نە دامەزراوەیەکی ئازاد، دەسەڵاتی نوێنەرایەتیکردنی ئەو بیروباوەڕانەیان نییە؛ و کاتێک هەموو هاوڵاتییەک "وەک لاواز و هەژار و وابەستە" تەنیا بێتوانایی تاکەکەسی خۆی هەیە لە بەرەنگاربوونەوەی هێزی ڕێکخراوەی حکوومەت؟
بنیامین کۆنستانت لیبڕاڵی فەڕانسەیی-سویسی گەیشتە ئەنجامێکی هاوشێوە و ڕایگەیاند کە دامەزراوە کۆمەڵایەتییە نێوخۆییەکان زۆرجار لە ڕێگەی هاودەنگی و ڕێکخستنەوە هاوسەنگییەکی کولتووری بۆ دەسەڵاتی دەوڵەت دابین دەکەن. کۆنستان دەنووسێ: "ئەو بەرژەوەندی و یادەوەرییانەی کە لەدایکبوونی داب و نەریتە نێوخۆییەکانن، ڕەگ و بناغەی بەرخۆدانیان تێدایە کە دەسەڵات تەنیا بە پەشیمانییەوە دەناڵێنێ و پەلە دەکات لە بنبڕکردنیان و ڕێگایەکی نەرمی لە پێشە لەگەڵ خەڵک؛ بەبێ هیچ هەوڵێک دەیەوێ قورسایی گەورەی خۆی بەسەریاندا فەڕز بکا."
ئێمه دەبێ چی بكهین؟
بۆیە ئەگەر بمانەوێ بە شێوەیەکی مانادار دژایەتی دەسەڵاتی حکوومەت بکەین، پێویستمان بەهاندان و گەشەکردن و پاراستنی ئەو دامەزراوە و ڕێکخراوانە هەیە کە حکوومەتەکان ناتوانن ئەوەندە بە ئاسانی بوون و بڕیارەکانیان وەپشت گوێ بخەن .
کاتێک خەڵک پشتگیری لە دامەزراوە نێوخۆیی و سڤیلەکان دەکەن، خێزانێک پەروەردە دەکەن، بزنسێک دروست دەکەن، ڕێکخراوی هاوکاری یەکتر دروست دەکەن، یان خۆبەڕێوەبەری نێوخۆیی بەهێز دەکەن. لەڕاستیدا ئەو کارانە دەکەن کە بە تەواوی گرینگن بۆ بەرەنگاربوونەوەی دەسەڵاتی حکوومەت. لە کاتێکدا هەمیشە قسەی ناشرین لەسەر دەسەڵاتی حکوومەت و دژایەتی توندوتیژی و دزییە لەئەژمارنەهاتووکانی هەژاری بەس نییە. هەروەها پێویستە بە باشی باسی ڕێکخراوە ناحکوومییەکان بکەین و لە کار و ژیانی ڕۆژانەماندا بەهێزیان بکەین.
ئەگەر ئەم دامەزراوانەی خزمایەتی و ئایین و بازاڕ و شار نەبوایە، کۆمەڵگەی نادەوڵەتی بێمانا دەبوو. تەنیا دژایەتیکردن لەگەڵ حکوومەت هیچکات بەس نابێ. خەڵک خزمەتگوزاری وەک پەروەردە و یارمەتی بۆ بێوەژن و منداڵی بێ باوک و کەمئەندامانیان دەوێت، ئەوان ئاسایش و هەستکردن بە کۆمەڵایەتی و هاودەنگی لەگەڵ ئەوانی دیکەیان دەوێ. ئەم سوودانەی کۆمەڵگە پێویستیان بە حکوومەت نییە، بەڵکوو پێویستیان بە دامەزراوە هەیە. بەڵام ئەم دامەزراوانە لە سەردەمی ئێمەدا هێندە دابەزینیان بەخۆوە بینیوە کە بەرامبەر بە حکوومەت بەدیلێکی لاوازن.