کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

بەڕێوەچوونی مانگرتنی گشتی لە سەقز و میلیتاریزەکردنی ئەو شارە لەلایەن هێزەکانی ڕێژیمەوە

11:45 - 23 جۆزەردان 2723

پاش بانگەوازی چالاکوانانی مەدەنیی سەقز سەبارەت بە مانگرتنی گشتی لەو شارە بە مەبەستی پاڵپشتی لە بنەماڵە دەسبەسەرکراوەکانی شەهیدانی شۆڕشی ژینا، هێزەکانی ڕێژیم ئەمڕۆ شاری سەقزیان میلیتاریزە کردووە.

پاش بانگەوازی پێشوەختەی خەڵکی ئازادیخوازی سەقز بۆ مانگرتنی گشتی بە مەبەستی پشتیوانیکردن لە بنەماڵە دەسبەسەرکراوەکانی شەهیدانی شۆڕشی ژینا، ئەمڕۆ سێشەممە ٢٣ی جۆزەردانی ١٤٠٢ی هەتاوی، بە گشتی دووکان و بازاڕەکانی سەقز مانگرتنیان ڕاگەیاند و هەموو دووکان و بازاڕەکانیان داخستووە.

لەلایەکی ترەوە هێزە سەرکوتکەرەکانی ڕێژیم لە ترسی ڕاپەڕینی خەڵک، بە تەواوەتی شەقامەکانی شاری سەقزیان میلیتاریزە کردووە و ئەو شەقامانەی کە دەچنەوە بەردەم شارەوانیی سەقز بە تەواوەتی داخراون.

بازاڕییان و دووکاندارانی شاری سەقز ڕایانگەیاندووە کە ئەوان بە مەبەستی ناڕەزایەتی دەربڕین لەمەڕ تێکدانی گۆڕستانی ئایچی و دەسبەسەرکرانی بنەماڵەی شەهیدانی شۆڕشی ژن ژیان ئازادی، ئەمڕۆ مانیان گرتووە.

جێگەی ئاماژەیە کە ڕۆژی هەینی ١٩ی جۆزەردان پاش سەردانی بنەماڵەی شەهیدانی شۆڕشی ژینا لە شارەکانی سنە، دێولان و دیواندەرە بۆ سەر گڵکۆی شەهیدانی ئەو شۆڕشە لە سەقز و بۆکان، لە کاتی گەڕانەوەدا هێزەکانی ڕێژیم پێشیان پێیان گرت و کۆمەڵێکیان لێ دەسبەسەر کردن.