لە دوای دەستپێکی شۆڕشی ژینا، ئیدارەی فەرهەنگ و ئیرشادی کۆماری ئیسلامیی ئێران، بە شێوەیەکی چڕتر لە جاران لە هەوڵی ئەوەدایە کە دەستتێوەردان لە فێستیڤاڵ و ڕێوڕەسمە فەرهەنگییەکان لە کوردستان بکات و لە چوارچێوەی سیاسەتی خۆیاندا بەڕێوەی بەرن.
فێستیڤاڵی شانۆی کوردی لە سەقز کە بە هیمەتی هونەرمەندانی شانۆی ئەو شارە پێک هاتووە و ٢٣ ساڵی بەسەردا تێدەپەرێت و ١٧ خولی بەڕێوە چووە، ئێستا دوای شۆڕشی ژینا ئیدارەی فەرهەنگ و ئیرشادی ڕێژیم لە هەوڵی ئەوەدایە ئەو فێستیڤاڵە بەڕێوە ببات و بۆ ئەو کارە شارەوانی سەقزی وەک بەرپرس دیاری کردووە.
بەرپرسانی ڕێژیم لە سەقز کە دەیانهەوێت ئەو شانۆیە بە بودجەی خۆیان بەڕێوە بەرن، بانگەوازیان بۆ بەشداریی هونەرمەندان بڵاو کردووەتەوە، بەڵام بەپێی ئەو دۆخە سیاسی و شۆڕشگێڕانەی کە لە کوردستان لە ئارادایە هیچ هونەرمەندێکی لایەنگری خەڵک، بەشدارییان نەکردووە.
سەرچاوەیەک لەو پێوەندییەدا باسی لەوە کردووە کە بۆ بەڕێوەبردنی ئەو شانۆیە چەند هونەرمەندێکی بەسیج و سەر بە ڕێژیم ئامادەن ئەو شانۆیە بەڕێوە بەرن.
پارێزگای سنە یەکێک لەو پارێزگایانەیە کە لە بواری بەڕێوەبردنی فێستیڤاڵەکانی شانۆ پێگەیەکی بەرز و تایبەتی هەیە و هەموو ساڵێک هونەرمەندانی کورد شانازیی گەورە تۆمار دەکەن.
فێستیڤاڵی نێونەتەوەیی شانۆی کوردی لە سەقز، فێستیڤاڵی نێونەتەوەیی شانۆی سەرشەقام لە مەریوان، فێستیڤاڵی کورتەفیلم و داستان لە بانە و فێستیڤاڵی شانۆنامە خویندن لە بیجاڕ لەو فێستیڤاڵانەن کە لە پارێزگای سنە بەڕێوە دەچن.
لە دوای شۆڕشی ژینا و ڕژانی خوێنی زیاتر لە سەدان لاوی کورد لەلایەن هێزە سەرکوتکەرەکانی ڕێژیمی ئێرانەوە، کوردستانییەکان لەسەر ئەو باوەڕەن کە هەر چەشنە چالاکی لەژێر ئاڵای کۆماری ئیسلامی خیانەت بە گەلی کوردە.