کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

کۆچی دوایی ئەندامێکی حیزبی دێموکرات لە مەریوان

16:20 - 23 جۆزەردان 2723

کاک مەحموود نادری، ئەندامی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران، بەهۆی نەخۆشییەوە لە یەکێک لە نەخۆشخانەکانی سنە ماڵاوایی لە ژیان کرد.

ڕۆژی دووشەممە ٢٢ی جۆزەردانی ١٤٠٢ی هەتاوی، کاک "مەحموود نادری" ناسراو بە "مەحمووی حەمەپیزە" ئەندامی حیزب و پێشمەرگەی پێشووی حیزب و خەڵکی گوندی سەردۆشی مەریوان، بەهۆی نەخۆشییەوە لە یەکێک لە نەخۆشخانەکانی شاری سنە لە تەمەنی ٧١ ساڵیدا ماڵاوایی لە ژیان کرد.

کاک مەحموود سەرەتای شۆڕشی گەلانی ئێران لە ساڵی ٥٨ بووەتە پێشمەرگە و جاریکیش لە شەڕی کامێران بریندار بووە، پاشان ساڵی ۱۳٦۱ وەک ئەندامی حیزب پێوەندیی بە تەشکیلاتی حیزبەوە گرتووە و چالاکانە تێکۆشانی خۆی دەست پێ کردووە.

ناوبراو ساڵی ۱۳۷۱ بەهۆی گوشار و هەڕەشەی ڕێژیم لە گەڵ چەند هاوڕێی دیکەی پەڕیوەی باشووری کوردستان بوو، بەڵام لە ڕێگەی تەشکیلاتەوە دیسان گەڕایەوە ناوخۆی کوردستان و بەوپەڕی دڵسۆزییەوە ئەرکەکانی خۆی بەڕێوە دەبرد.

ڕۆژی سێشەممە ڕێکەوتی ٢٣ی جۆزەردان، تەرمی کاک مەحموود لەنێو ئاپۆرای خەڵکی سەردوش و گوندەکانی دەوروبەر، بە خاکی پیرۆزی نیشتمان سپێردرا.

حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران بەبۆنەی کۆچی دوایی کاک "مەحموود نادری" سەرەخۆشی لە بنەماڵەی بەڕێزیان و سەرجەم خەڵکی گوندی سەردۆش دەکات و خۆی بە هاوخەمیان دەزانێت.