کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

هۆکاری جێگیرکردنی هێزی سەربازی لە کوردستان چییە؟

17:09 - 23 جۆزەردان 2723

شەهرام سوبحانی

کوردستان وەک ئەکتەرێکی زیندوو و چالاک هەمیشە لە جوگرافیای سیاسیی ئێراندا خۆی نواندووە و لە گۆڕەپانی سیاسی و قۆناغی هەستیاری مێژووییدا کاریگەر و بەهێز بووە؛  زیاتر لە چەند دەیەیە دژی هەرچەشنە زێهنییەتێکی کۆنەپەرست و چەوسێنەر خەبات دەکا و لەم پێناوەشدا شەقامەکانی کردووەتە مەیدانی خەبات بۆ ئاشتی و ئازادیی گەلەکەی. هەر بۆیە هەمیشە کوردستان و شارەکانی، جێگەی ترس و دڵەڕاوکێی دەسەڵاتدارانی جەمارانن  و ئەەمە وای کردووە کە لە بەرانبەر کوردستاندا بێدەنگ نەبن و کاردانەوەیان هەبێت..

ئەڵبەت پیلان و بەرنامەکانی ڕێژیم بۆ سەرکوتی کوردستان شتێکی نامۆ نییە و ئەم نەریتە هەر تەنیا بۆ ئێستا ناگەڕێتەوە، بەڵکوو لە ۴ دەیە دەسەڵاتداریی کۆماری ئیسلامیدا هەتا ئێستا کوردستانیان بە چاوێکی ئەمنییەتییەوە سەیر کردووە. کاردانەوە و پیلانی نوێی ڕێژیم لەهەمبەر کوردستان و حیزبەکانیدا هەر ڕۆژ بە جۆرێک لە جۆرەکان خۆی دەنوێنێ کە ڕێژیم لەم پێوەندییەدا دەیان میلیارد دۆلاری تەرخانی سیاسەتە دژە مرۆڤییەکانی دژی کورد کردووە، تاکوو بتوانێ پرسی شوناسخوازی لە کوردستان بۆ هەمیشە لە مێژوودا بسڕێتەوە، بەڵام بە خۆشحاڵییەوە هەوڵەکانی ڕێژیم لەهەمبەر ئازادی و ئازایەتیی خەڵکی کوردستان بێ ئاکام ماوەتەوە، چونکە بیر و هزری نەتەوەیی لە ڕۆژهەڵات لە ئاستێکدایە کە هیچ هێزێکی نیزامی بۆ گەیشتن بە ئازادی و دێموکراسی ناتوانێ پێش بە خەڵکی کوردستان بگرێ، بۆ نموونە: هەر لە سەرەتای هاتنەسەرکاری ڕێژیمەوە لە ساڵی ۵۷ـی هەتاوی و سەرکەوتنی شۆڕشی گەلانی ئێران و بەتالانبردنی لەلایەن ئاخوندەکانی ڕێژیمەوە هەتا ئێستا، کوردستان شوێنی ململانێ و شەڕ دژی زوڵم و زۆری فاشیزم بووە، چونکە کوردستان وەک هیچ بەشێکی دیکە لە ئێران نییە واتا خاکێکی دابەش کراوە کە لەم نێوانەدا بووەتە قوربانیی سیاسەتی زلهێزەکان.

زوڵم و زۆری داگیرکەران لە کوردستان گەیشتۆتە ڕادەیەک کە بووەتە هۆی سەرهەڵدان و بەرخۆدانی جۆراوجۆر لە کوردستان و هاوکات لەگەڵ ئەمەش گەشەی بیر و هزری ئەم نەتەوەیە وای کردووە کە هەمیشە کوردستان مەیدانی بەربەرەکانێ لەگەڵ داگیرکەر بووە. نەتەوەی کورد سەدان ساڵە لەژێر چەپۆکی داگیرکەراندا بە کوشتن و ئێعدام و سەرکوت و بڕین دەچەوسێتەوە، بەڵام سەرکوت و ئێعدام، کوشتن و بڕین، هیچیان نەیتوانی هێز و و وزەی خەڵکی کوردستان سەرکوت بکا و لە ئامانجەکانیان دووریان بخاتەوە، هەر بۆیە ئەمڕۆ دەبینین کە خەڵکی کوردستان بە بیر و باوەڕێکی پۆڵاینتر و بەگوڕتر لە جاران شەقامی شارەکان چۆڵ ناکەن و لە هەر دەرفەتێک کەڵک وەردەگرن تاکوو کۆڵەکەکانی ڕێژیم و لەرزە بخەن.

هەر وەک هەموومان ئاگادارین لە چەند حەوتووی ڕابردوودا کۆماری ئیسلامی هێزێکی زۆری ڕەوانەی سنوورەکانی کوردستان کردووە، هێزێک کە دەرخەری ترس و دڵەڕاوکێی ڕێژیمە لە بەرانبەر ئیرادەی خەڵکی کوردستان بۆ گەیشتن بە ئازادی و دیاریکردنی مافی چارنووسی گەلان لە ئێرانی داهاتوودا، هەر بۆیە ڕێژیم بە ناردنی چەکی قورسی سەربارزی بۆ سەر سنوورەکان دەیهەوێ چەن خاڵ بپێکێ؛ یەکەم: هێز و توانای خۆی بە خەڵکی ئێران نیشان بدا کە دەسەڵاتەکەی خاوەن هێزی نیزامییە، واتا مانۆڕێکی نیزامی بۆ تۆقاندن و ترساندنی خەڵکی مەدەنی؛ دووهەم: بەلاڕێدابردنی بیروڕای گشتیی خەڵکی نێوخۆ و میدیاکانی دەرەوە تاکوو بەم جۆرە سرنجی خەڵک لە شۆڕش و دەسپێکردنی قۆناغێکی دیکە لە خەبات دوور بخاتەوە و بەم شێوەیە بتوانێ نەفەسێکی تازە بۆ خۆی دەستەبەر بکا. سێهەم: بە ڕێکلام کردنی جووڵە سەربازییەکانی خۆی بۆ نێوخۆ و دەرەوەی سنوورەکان وا نیشان بدا کە کوردستان و حیزبەکانی مەترسییەکی گەورەن بۆ گەلانی ئێران و لەلایەکی دیکەوە گۆرێنی ڕوانینی خەڵکی کوردستان بەنیسبەت حیزبەکان، کە ئەمانە "تێرۆریست" و "جیاییخواز"ن کە ئەگەر ئێمە نەمێنین ئەمانە دەتانکوژن.

بەڵام ئەگەر بە وردی ئاوڕێک لە مێژوو بدەینەوە باشتر بۆمان دەردەکەوێ کە ئەوە کوردستان و حیزبەکانی نەبوون و نین کە ئێرانیان دابەش کردووە، بەڵکوو کۆماری ئیسلامی و پاشماوەکانی پەهلەوی بوون کە خاکی ئێرانیان دابەش کرد. هەر وەک ئاماژەم پێ کرد ترس و دڵەڕاوکێی دەسەڵاتدارانی ڕێژیم لە بەرانبەر حیزبەکانی ڕۆژهەڵات هەر بۆ سەردەمی ئێستا ناگەڕێتەوە، ئاوڕدانەوە لە مێژووی دەسەڵاتداریی ئەم ڕێژیمە پێمان دەڵێ کە ئەم دیاردەیە شتێکی نامۆ نییە؛ بەڵکوو پڕۆسە و بەرنامەیەکی درێژخایەنە کە بەرانبەر پرسی مافخوازیی کورد جێبەجێ دەکرێت.

یەکێک تر لە هۆکارەکان ئەوەیە کە "کوردستان خاوەن پاشخانێکی دەوڵەمەندی مێژووییە" کە لەنێو گەلانی ئێراندا بێوێنە و سرنجڕاکێشە. پاشخانێکی سیاسی و بنەڕەتیی ڕیشەدار لەنێو کۆمەڵانی خەڵکی کوردستان، پاشخانێک کە پڕە لە خەبات و تێکۆشان و گیانفیدایی ڕۆڵە قارەمانەکانی ئەم نەتەوەیە کە هەوڵیان نە تەنیا بۆ ڕزگاریی کوردستان بەڵکوو سەقامگیرکردنی ئاشتی و دێموکراسی له ئێران بۆ بۆنیاتنانەوەی دەوڵەتێکی دێموکراتیکی فیدراڵە کە تێیدا هەموو گەلانی ئێران بەشدار بن و خۆیان تێیدا ببینەوە. هەر بۆیە کۆماری ئیسلامی، کوردستان و حیزبەکانی کە هەڵقوڵاوی کۆمەڵانی خەڵکن بە مەترسییەکەی گەورە دەزانێ بۆ سەر دەسەڵاتەکەی و لەم پێناوەشدا بە مووشەک و سێدارە و کوشتن و بڕین و مێلیتاریزەکردنی شارەکانی کوردستان دەیهەوێ مەڵبەندی ئاشتی و دێموکراسی لەت و کوت بکا، تا لە ئاکامدا بتوانێ تەمەنی زیاتر بۆ ڕێژیمەکەی مسۆگەر بکات.

یەکێکی تر لە هۆکارەکان "هەستیاربوونی سنوورەکانی کوردستانە لە ئێران" چونکە کوردستان وەک هیچ بەشێکی دیکەی ئێران نییە؛ ئەم خاکە لە دوای ڕووخانی ئێمپراتۆڕی عوسمانییەکان لە بەینی چوار وڵاتی خوێنمژ و فاشیستدا بەش کرا، زۆلم و زۆری داگیرکەران گەیشتە ئاستێک کە بووە هۆی دروستبوونی چەندین حیزب و ڕێکخراوی سیاسی کە بۆ گەیشتن بە ئازادی و سەربەخۆیی گەلەکەیان خەبات دەکەن و لەو کاتەوە هەتا ئێستا، کوردستانیان هەر بە زەبری چەک و سێدارە و بڕین ڕاگرتووە. خاکی ئێمەیان دابەش کردووە و سنوورگەلێکیان بە سەرماندا سەپاندووە کە سنوورگەلێکی کاتییە،. لە ڕاستیدا سنوورگەلێک کە کاتی بن لە جوگرافیای سیاسیی هەر وڵاتێکدا زۆر به وەردی چاوەدێڕی دەکرێن چۆن دەزانن کە خۆیان میوانن و خاکی نەتەوەیەکیان داگیر کردووە. هەر وەک د.قاسملوو کە دەیگوت: ئەگەر ڕۆژێک کوردەکان یەکگرن و یەکگرتوو بن ئەوا دابەشبوونی خاکی هیچ دەوڵەتێک نییە، چونکە دابەشبوونی کوردستان دابەشبوونێکی دەستکردە.

یەکێکی تر لە هۆکارەکان "ئاستی وشیاری نەتەوەیی کوردە لەهەمبەر فاشیزمی ئایینی و قەومیدا" کوردستان هەمیشە وەک بەشێکی زیندوو و چالاک لە بواری سیاسی و کۆمەڵایەتی و... خۆی سەلماندووە، بۆ نموونە: لە سەردەمی  کۆماری کوردستان و دامەزراندنی دەوڵەتێکی دیفاکتۆی کوردی و هەروەها لە دەسپێکی شۆڕشی گەلانی ئێران، وەک تاکە شوێنێک بوو کە لە دژی حکوومەتی ئاخوندی چەکی هەڵگرتووە و ئازایانە بۆ مافەکانی خۆی خەباتی کردووە، یان بایکۆتکردنی هەڵبژاردنەکانی کۆماری ئیسلامی وەک یەکەمین ئۆپۆزیسۆنی ئێرانی کە هەتاهەتایە وەک بەرگێکی زێڕین لە مێژووی سیاسیی کوردستاندا دەدرەوشێتەوە.

یەکێکی تر لەو هۆکارانە ئەوەیە کە "کوردستان تاکە شوێنێکە کە تێیدا ڕێکخراوی سیاسیی کاریگەر بوونی هەیە"، حیزبگەلێک کە هەڵقوڵاوی نێو خەڵکن و مەشرووعییەتی سیاسییان هەیە، بەڵام بە پێچەوانەی کوردستان، لە ئێران  ڕێکخراوێکی ئەوتۆ کە بتوانێ کاریگەر بێ لەسەر شەقامەکان بوونی نییە؛ هەر بۆیە کوردستان وەک تاکە شوێنێکە کە خاوەن پاشخانێکی دەوڵەمەندی مێژوویی و سیاسییە کە بوەتە هۆی ئەوەیکە دەسەڵاتدارنی ڕێژیم تەرکیزیان لەسەری زیاتر بێ، هەر وەک ئەوەی لە شۆڕشی ژینادا بینیمان کە حیزبەکانی ڕۆژهەڵات ڕۆڵی ڕێبەرایەتیی ئەو شۆڕشەیان وەئەستۆ گرتبوو کە بۆ هەموو گەلانی ئێران وەک سەرچاوەیەک دەمایەوە کە خەڵکی بەرەو ڕووخانی ڕێژیم هەدایەت دەکرد.

جا بۆیە دەسەڵاتدارانی ڕێژیم باش دەزانن کە کوردستان ماهییەتی ئەوەی هەیە کە ڕێبەرایەتیی شۆڕشێکی نوێ و بەرینتر لەم جارە وەگەڕ خاتەوە کە ئاکامەی ببێتە ڕووخانی ڕێژیم، هەر بۆیە بە هەموو هێز و وزەیەوە هەوڵی مێلیتاریزەکردنی شارەکانی کوردستان دەدا تاکوو نەتوانن ببنە فاکتەرێکی بەهێز بۆ ڕووخانی ڕێژیم، بەڵام لە ڕاستیدا ئەم هەوڵانەی ڕێژیم کاتییە و تەنیا بۆ ماوەیەک دەتوانێ نەفەسێکی تازە بە بۆ خۆی وەربگرێ، چۆن هیچ هێزێکی نیزامی لە دونیادا ناتوانێ ئیرادەی میللەتێک بۆ گەیشتن بە ئازادی بشکێنێ.