کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

دەبێ چی بکەین؟

10:54 - 24 جۆزەردان 2723

شەماڵ تەرغیبی

شۆڕشی ژینا بە ڕژانی خوێنی کچەکوردێکی بێتاوانەوە دەستی پێکرد و بە خوێن و هەوڵ و هیممەتی دەیان و سەدان مرۆڤی مافویست و ئازادیخواز قەوارەی گرت و بووە هۆکارێک بۆ شکانی هەیمەنەی پۆشاڵی و درۆیینی کۆماری ئیسلامی بەچەشنێک کە دەکرێ بڵێین لە ئێستەدا کۆماری ئیسلامی خاوەنی هیچ ڕەواییەکی کۆمەڵایەتی و سیاسی نییە لە ئاستی نێوخۆییدا و ئەگەر دەبینین ناوەبەناوە لە ئاستی دەرەکیدا جموجۆڵێکی بەناو بازرگانی یان دیپلۆماتیک لە خۆیان نیشان دەدەن ئەوە تەنیا لە چوارچێوەی بەرژەوەندیی وڵاتانە و هەر کات لایەنە دەرەکییەکان بزانن کە چیتر ڕێژیمی تاران ناتوانێ بەرژەوەندییەکانیان بپارێزێ ئەوا بێ‌شک واز لەو پشتیوانییانەش دەهێنن کە تێچووەکەی بریتی بووە لە خوێنی خەڵکانی سەر شەقام لە ئێران؛ بە دیوێکی تریدا تەنیا پرسێک کە توانیویەتی کۆماری ئیسلامی لەسەر کورسیی دەسەڵات بهێڵێتەوە لەڕاستیدا دانی تێچوویەکی قورس بووە بۆ پاراستنی بەرژەوەندییەکانی زلهێزان و وڵاتانی ناوچەیی لەلایەک و ئامرازی سەرکوت لە نێوخۆی وڵات لە لایەکی ترەوە.

بەم پێشەکییەوە دەپرژێینە سەر ئەو کەتوار و ڕاستییەی کە ئەگەرچی زۆرینەیەکی ڕەها لە خەڵکانی ئێران لە ئێستەدا دژ بە دەسەڵاتی ملهۆڕی کۆماری ئیسلامین و لە بەرەی دژ بە ویلایەتی فەقیه خۆیان دەبیننەوە بەڵام دیسانیش ڕێژیم لە هەوڵەکانی بۆ درزخستنە نێو بەرەی ئازادیخوازی خەڵک ماندوو نەبووە و لە هەر ڕێگەیەکەوە کە بۆی بلوێ تێدەکۆشێ؛ لێرەدا نموونەیەک دەهێنینەوە: ماڵپەڕی کوردستانم یدیا لە هەواڵێکدا بە ڕێکەوتی ٢٣ی جۆزەردان بڵاوی کردەوە لە دوای دەستپێکی شۆڕشی ژینا، ئیدارەی فەرهەنگ و ئیرشادی کۆماری ئیسلامیی ئێران، بە شێوەیەکی چڕتر لە جاران لە هەوڵی ئەوەدایە کە دەستێوەردان لە فێستیڤاڵ و ڕێوڕەسمە فەرهەنگییەکان لە کوردستان بکات و لە چوارچێوەی سیاسەتەکانی خۆیاندا بەڕێوەیان بەرێت.

فێستیڤاڵی شانۆی کوردی لە سەقز کە بە هیممەتی هونەرمەندانی شانۆی ئەو شارە پێک هاتووە و ٢٣ ساڵی بەسەردا تێدەپەرێت و تا ئێستە ١٧ خولی بەڕێوە چووە، یەکێکە لەو پێگە کۆمەڵایەتییانەی کە ڕێژیم دەیهەوێ لێی بدات و خەوشداری بکات. بەو مانایە کە لە دوای شۆڕشی ژینا ئیدارەی فەرهەنگ و ئیرشادی ڕێژیم لە شاری سەقز لە هەوڵی ئەوەدایە ئەو فێستیڤاڵە بەڕێوە ببات و بۆ ئەو کارە شارەوانیی سەقزی وەک بەرپرس دیاری کردووە.

بەرپرسانی ڕێژیم لە سەقز کە دەیانهەوێت ئەو شانۆیە بە بوودجەی خۆیان بەڕێوە بەرن، بانگەوازیان بۆ بەشداریی هونەرمەندان بڵاو کردووەتەوە، بەڵام بەپێی ئەو دۆخە سیاسی و شۆڕشگێڕانەی کە لە کوردستان لەئارادایە هیچ هونەرمەندێکی لایەنگری خەڵک، بەشدارییان نەکردووە و بۆ بەڕێوەبردنی ئەو شانۆیە تەنیا چەند هونەرمەندێکی بەسیج و سەر بە ڕێژیم ئامادەییان دەربڕیوە تاکوو ئەو شانۆیە بەڕێوە بەرن.

ئەوەی کە گومانی لەسەر نییە هونەرمەندان لە هەموو قۆناغەکانی شۆڕش و خەباتی ئازادیخوازانەی گەلانی جیهان و یەک لەوان گەلی کورد ڕۆڵ و نەخشی دیار و بەرچاویان گێڕاوە و توانیویانە هەم ببنە هۆی بەردەوامیی شۆڕشەکە و هەم قورسایی بە شۆڕشەکە ببەخشن؛ لە ڕەوتی شۆڕشی ژیناشدا ئێمە شاهێدی دەرکەوتنی دیار و کاریگەری هونەرمەندانی کورد لە هەموو ئاستەکانی موسیقا، شانۆ، نیگارکێشی، پەیکەرتاشی، گرافیک، سینما، شێعر و هتد بووین و دیتمان کە چلۆن بە هەستی پاکی خۆیان ڕۆحیان وەبەر شۆڕشەکە نا و وەک پەپوولە بە دەوری گڕی شۆڕشەکەوە بوون تا خوێنی لاوانی نیشتمان بەفیڕۆ نەچێ. لە ئێستەشدا کە گڵۆڵەی تەمەنی ڕێژیم کەوتووەتە لێژی و هەر ساتێک کە تێدەپەرێ لە تەمەنی ڕێژیم کەم دەبێتەوە، دەبینین کە بە کەڵکاوەژوووەرگرتن لە هونەر و بەئامرازکردنی، لە هەوڵی ئەوەدایە کە درز و کەلێن بخاتە نێو ڕیزی شۆڕشگێڕان لە لایەک و لەیەکی دیکەشەوە وەها بنوێنێ کە ئێران شامی شەریفە و ئاراستە فکری و زەینییەکان بەلاڕێدا ببات کە ئەم هەوڵەی ڕێژیم لەلای هونەرمەندانی دەروەست جێگەی پەسن و قبووڵ‌کردن نەبووە و "نا"یان وتووەتەوە بە بکوژانی ڕۆڵەکانی نیشتمانەکەیان.

پرسێکی دیکەش کە پێویستە لێرەدا و بە وردی لێی بڕوانین هەڵوێستێکی شۆرشگیڕانە و ئازایانەیە کە ڕۆژی ڕابردوو بە بەرچاوی جیهانەوە ڕووی دا؛ مانگرتنی خەڵکی شاری ژینا لە کاردانەوە بە سیاسەتی شکاندنی هێمای شۆڕشی ژینا!

لە ڕۆژانی ڕابردوودا فەرمانداری شاری سەقز وەک نوێنەری پارێزگا بە هاوکاری دادستان وەک نوێنەری دەوڵەت و سەرۆکی شۆرای شاری سەقز بەناوی نوێنەری خەڵک و لە ڕێگەی کۆمیتەیەکی ئەمنییەتی بەناوی کۆمیتەی "انطباق" بڕیاریان دابوو کە شوێنی گۆڕی شەهید ژینا ئەمینی لە گۆڕستانی ئایچی بەجۆرێک بشێوێنن کە لەنێو گۆڕەکانی دیکەدا بشاردرێتەوە. هەروەها بە کێشانی فەنس و داخستنی دەرکی سەرەکی و گەورەی گۆڕستانی ئایچی نەهێڵن ھیچ کەسێک بە ئاسانی ماشین بباتە نێو گۆڕستانەکەوە هەتا خەڵک بۆ سەر قەبران نەچن و سەردانی ئەو مەزارە و مەزاری باقیی شەھیدان نەکەن و بە کامێرای چاوەدێری کۆنترۆڵی بکەن.

وەک ئاماژەی پێکرا لە کاردانەوە و وەک پەرچەکردارێک بەم هەوڵە قێزەونەی ڕێژیم خەڵکی شارەکەی ژینا بڕیاریان دا کە دووکان و بازاڕەکان دابخەن و بەمشێوەیە بۆ جارێکی تر و یەکدەنگ و یەکهەڵوێست "نا"یەکی قایمتر لە پێشوو بە ڕێژیم لە تەواوییەتی خۆی بدەن.

لێرەدا دەگەڕینەوە بۆ سەرەتای ئەم ڕوانینە کە پرسیمان دەبێ چی بکەین؟ و لە وڵامدا دەتوانین بڵێین "نا"وتن بە ملهۆڕی و کۆڵنەدان لە بەرامبەر زەخت و گوشارەکانی ڕێژیم لە هەموو ئاست و ڕەهەندە سیاسی و کۆمەڵایەتییەکان و یەکگرتوویی و یەکهەڵوێستی خەڵک بەمەبەستی قایمترکردنی بەرەی خەڵک و شۆڕش و کز و لاوازکردنی بەرەی دوژمن، هەروەک لە دوو نمونەی باسکراودا ئاماژەیان پێکرا، لەڕاستیدا بەهێزترین چەکی بەردەستە کە دەتوانێ تەنانەت گەورەدەسەڵاتەکانیش بەچۆکدا بهێنێ و پیلانەکانی دوژمن بکاتە بڵقی سەر ئاو. بەدڵنیاییەوە ئەم ڕووبەڕووبوونەوەیە کەم‌تێچوو نابێ و ڕەنگە ڕێژیمیش لە بەرامبەریدا هەڵوێست بنوێنێ و دژکردەوەی هەبێ بەڵام ئەزموون و مێژوو پیشانی داوە کە گەیشتن بە ئازادی و سەربەستی پێویستیی بەم جۆرە تێچووانە هەیە.