کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

بەردەوامیی هەوڵەکانی ڕێژیم بۆ سەرکوتکردنی مامۆستایانی کوردستان

15:27 - 24 جۆزەردان 2723

شۆرای هاوئاهەنگی سێنفیی مامۆستایانی کوردستان، هەوڵەکانی ڕێژیم بۆ سەرکوتکردنی مامۆستایانی کوردستانی ئاشکرا کردووە و وێڕای پێداگریکردن لەسەر داواکارییەکانی مامۆستایان، هۆشداریی بە دەسەڵات داوە کە بە سەرکوتکردنی مامۆستایان، ناتوانن ئەوان بێدەنگ بکەن.

شۆرای هاوئاهەنگیی سێنفیی مامۆستایان لە کاناڵی تێلێگرامی خۆیاندا باسیان لەوە کردووە: ''شۆرای دابینکردن و پارێزگاریی سنە لە کردەوەیەکی قێزەوندا، لەبری ئەوەی بەدواداچوون بۆ داواکارییە ڕەواکانی مامۆستایانی کوردستان بکەن، لەژێر فەرمانی دامودەزگا ئەمنییەتییەکان، بە شێوازی جیاواز چالاکان سەرکوت دەکەن.''

هەروەها باس لەوە کراوە کە دۆسییەسازی لەنێو سیستمی دادوەری و دۆسییەکانی هەیئەتی سەرپێچییە ئیدارییەکان، جێبەجێنەکردنی پلەبەندیی ئەندامانی دەستەی بەڕێوەبەریی یەکیەتیی مامۆستایانی کوردستان و جێبەجێکردنی مادەی ٣٣ی یاسای سەرپێچییە ئیدارییەکان بۆ خانەنشینان لە کردەوەکانی دامەزراوە ئەمنییەکان و شۆرای دابینکردنە.

شۆرای هاوئاهەنگیی سێنفیی مامۆستایانی کوردستان هۆشداریی بە دەسەڵات داوە کە پشتگوێخستنی داواکاری و سەرکوتکردنی مامۆستایان و تۆمارکردنی دۆسییەسازییەکان لە ماوەی ٢٠ ساڵی ڕابردوودا، نەتەنیا نەبووەتە هۆی پاشەکشەی مامۆستایانی ناڕازی، بەڵکوو هەر جارێک بە شێوەی گەورەتر و یەکگرتووتر بۆ بەدواداچوونی داواکارییەکانیان هەنگاویان هەڵگرتووە.