
لە درێژەی کۆبوونەوە ناڕەزایەتییەکان دژی کۆماری ئیسلامی، ڕۆژی ڕابردوو ٥ کۆبوونەوەی ناڕەزایەتی لە شارەکانی کوردستان و ئێران بەڕێوە چوو.
بەپێی ڕاپۆرتی "هێرانا"، ڕۆژی چوارشەممە ٢٤ی جۆزەردانی ١٤٠٢ی هەتاوی، لە درێژەی کۆبوونەوە ناڕەزایەتییەکان دژی دەسەڵاتی سەرەڕۆ و گەندەڵی کۆماری ئیسلامیی ئێران، ٥ کۆبوونەوەی ناڕەزایەتی وەکوو کۆبوونەوەی کۆمەڵێک لە خانەنشینکراوانی دابینکردنی کۆمەڵایەتیی ئەهواز لە بەردەم پارێزگای ئەو شارە، بەڕێوە چوو.
هەروەها کۆبوونەوەی ناڕەزایەتیی کرێکارانی بەشی فەننیی هێڵی ئاسنی باشووری ڕۆژهەڵات لە شوێنی کارەکەیان و خانەنشینکراوانی ئیدارەی دابینکردنی کۆمەڵایەتیی کرماشان و شیراز لە بەردەم بینای پارێزگای شارەکانیان، بەڕێوە چوو.
لەلایەکی دیکەوە بنەماڵەی تووشبووانی نەخۆشیی هێمۆفیلی لە بەردەم ڕێکخراوی خۆراک و دەرمان لە تاران، لەمەڕ جێبەجێنەکردنی داواکارییەکانیان لەلایەن بەرپرسانی ڕێژیمەوە، کۆبوونەوەی ناڕەزایەتییان بەڕێوە برد.