کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

وەزارەتی ئیتلاعاتی ڕێژیم، پێشی لە چوونەدەرەوەی "مەولەوی عەبدولحەمید" لە وڵات گرت

10:30 - 25 جۆزەردان 2723

وەزارەتی ئیتلاعاتی ڕێژیمی ئێران، پێشی لە سەفەری مەولەوی عەبدولحەمید، کەسایەتیی ئایینی و پێشنوێژی هەینیی مزگەوتی مەککیی زاهیدان بۆ عەرەبستان گرت.

بەپێی ڕاپۆرتی "حال‌وەش" کە ڕۆژی چوارشەممە ٢٤ی جۆزەردانی ١٤٠٢ی هەتاوی بڵاو کراوەتەوە، وەزارەتی ئیتلاعاتی ڕێژیم پێشی لە سەفەری مەولەوی عەبدولحەمید بۆ وڵاتی عەرەبستان و ڕێوڕەسمی حەج گرتووە و قەدەغەی چوونەدەرەوە لە وڵاتی ئەو کەسایەتییە ئایینییەی ڕاگەیاندووە.

مەولەوی عەبدولحەمید لە کاتی دەسپێکردنی ناڕەزایەتییە سەرتاسەرییەکانی گەلانی ئێران دژی دەسەڵات، بەردەوام ڕەخنەی لە سیاسەتەکانی کۆماری ئیسلامیی ئێران و خامنەیی گرتووە.

نووسینگەی پێشنوێژی هەینیی زاهیدان، بە ئاماژەدان بە ئامادەکاریی پێشوەختەی مەولەوی عەبدولحەمید بۆ سەفەری حەج ڕایگەیاند کە بەهۆی پێشگرتنی دەسەڵات و قەدەغەی چوونەدەرەوە، مەولەوی عەبدولحەمید ناتوانێت سەردانی عەرەبستان بکات.

ناوبراو پێشتریش لە ڕێکەوتی ٣٠ی پووشپەڕی ١٣٩٧ی هەتاوی، لە وتوویژێک لەگەڵ ڕۆژنامەی ئێعتماد ڕایگەیاندبوو کە سەرەڕای وەرگرتنی بلیت و ڤیزا بە مەبەستی سەفەر بۆ وڵاتی قەتەر و دیدار نوێکردنەوە لەگەڵ خزم و کەسوکارەکانی، بەهۆی دژایەتیکردنی بەرپرسانی ڕێژیم نەیتوانیوە ئەو سەفەرە بکات.

مەولەوی عەبدولحەمید ڕایگەیاندووە کە تەنانەت بۆ سەفەرێک بۆ ناوچەی ڕۆژاوای پارێزگای سیستان و بەلووچستانیش، ڕووبەڕووی دژایەتیکردنی هێزە ئەمنییەتییەکانی ڕێژیم بووەتەوە.