کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

مانگرتنی خوێندکارانی زانکۆی هونەر لە تاران دژی سەپاندنی حیجابی زۆرەملێ

11:29 - 25 جۆزەردان 2723

نزیکەی ٥٠ خوێندکاری زانکۆی هونەر لە تاران لە ناڕەزایەتی بە زۆرەملێکردنی سەرپۆش (مەقنەعە) لە حەوشەی ئەو زانکۆیە مانیان گرت و سەرەڕای جێگیربوونی هێزەکانی ئینتزامیی ڕێژیم و لێدانیان لەلایەن هێزەکانی حەراسەتەوە ،درێژەیان بە مانگرتنی خۆیان دا.

بەپێی ڕاپۆرتی شۆرای سێنفیی خوێندکارانی ئێران، لە سەرەتای ئەو مانگرتنە کە ڕۆژی چوارشەممە ٢٤ی جۆزەردان دەستی پێ کرد، بەرپرسی حەراسەتی زانکۆ، هەڕەشەی لە خوێندکاران کرد کە بۆ ڕووبەڕووبوونەوەیان دەرگای زانکۆ لە هێزەکانی ڕێژیم دەکاتەوە، بەڵام خوێندکاران درێژەیان بە مانگرتن دا.

بەپێی ئەو ڕاپۆرتە، هاوکات لەگەڵ مانگرتنی خویندکاران، ئاوی زانکۆی هونەریان پچڕاند و ئاودەستەکانی ئەو زانکۆیەیان لەسەر خوێندکاران داخست.

لە درێژەی مانگرتنی خوێندکاران، کاتژمێر ٢ و ٣٠ خولەکی بەربەیانی ڕۆژی پێنجشەممە، بەرپرسی حەراسەتی زانکۆی هونەر، هێرشی کردووەتە سەر خوێندکاران و ئەوانی وەبەر لێدان داوە و بەو هۆیەوە چەند خوێندکار بریندار بوون.

لە ماوەی مانگەکانی ڕابردوودا، بەرپرسانی کۆماری ئیسلامیی ئێران گوشارەکانی خۆیان بۆ سەر خوێندکاران کە خوازیاری پۆشینی ئیختیارین زیاد کردووە و لەو ڕاستایەدا هەتا ئێستا دەیان خوێندکاریان لە خوێندن هەڵپەساردووە.