کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

کۆچی دوایی پێشمەرگەیەکی پێشووی حیزبی دێموکرات لە ناوچەی سەردەشت

12:34 - 12 جۆزەردان 2723

حاجی حوسێن سولەیمانی ئازەر، پێشمەرگەی پێشووی حیزبی دێموکرات، خەڵکی سەردەشت و دانیشتووی پیرانشار، بەهۆی ڕووداوی هاتوچۆ گیانی لەدەست دا.

ڕۆژی چوارشەممە ١٠ی جۆزەردان، حاجی حوسێن سولەیمانی ئازەر، پێشمەرگەی پێشووی حیزبی دێموکرات و ناسراو بە ''حاجی''، کوڕی خدری سێمانی شێواوکان لە ''باسکەدوو''، لە چەند کیلۆمەتریی شاری سەردەشت، بەهۆی ڕووداوی هاتوچۆ گیانی لەدەست دا.

حاجی حوسێن بۆ ماوەی چەند ساڵ لە کۆمیتەی شارستانی سەردەشت و هێزی موعینیی ئەوکات پێشمەرگە بوو.

حاجی پێشمەرگەیەکی ئازا و فیداکار، کەسێکی ئارام و لەسەرەخۆ و خۆشەویستی هاوڕێ و هاوسەنگەرانی بوو و بۆ بەڕێوەبردنی هەر ئەرکێکی حیزبی ئامادە بوو.

ناوبراو چەند ساڵێک لە دەستەی چوار و ماوەیەکیش لە دەستەی زەربەتی هێزی موعینی ئەرکی پیرۆزی پێشمەرگایەتیی بەرێوە بردووە و بەهۆی خەسڵەتە جوانەکانی، هەموو هاوسەنگەرانی خۆشیان دەویست.

حاجی حوسێن بەهۆی گرفتی ژیان و لەسەر ئیزنی حیزب وازی لە پێشمەرگایەتی هێنا و خەریکی ژیانی ئاسایی خۆی بوو، بەڵام هەروا وەفادار بە حیزب و گەلەکەی مایەوە، هەر بۆیە لەنێو خەڵکی ناوچە خۆشەویست و جێگای ڕێز بوو.

حێزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران بەبۆنەی کۆچی دوایی حاجی حوسێن سەرەخۆشی لە بنەماڵە و کەسوکاری ناوبراو و خەڵکی ناوچەی سەردەشت دەکات و خۆی بە هاوخەمیان دەزانێت.