کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

حیجابی زۆرەملێ و سەپاندنی هەژموونی

15:06 - 25 جۆزەردان 2723

ئومید محەممەدپووری

پرسی حیجاب لەگەڵ هاتنەسەرکاری کۆماری ئیسلامی خۆی نیشان دا . پێش لە گەڕانەوەی خومەینی بۆ ئێران و سەرکەوتنی شۆڕشی گەڵان و تەنانەت یەک مانگ پێش لە گەڕانەوەش قسە و باسێک سەبارەت بە زۆرەملێ‌کردنی حیجاب لە گۆڕێدا نەبوو.

لە فەرانسە کاتێ کە لە خومەینی دەپرسن ڕوانگەت بە نیسبەت حیجاب چییە؟ لە جوابدا دەڵێت ژنان لە ئێران خۆیان دەبێ هەڵبژێرن کە حیجابیان دەوێت یان نا، ئەوەی ئەرکە لەسەر ئێمە تەنیا چاوەدێریکردنی پاراستنی سنوورەکانی پۆشینی جلێکە کە لەگەڵ ماهییەتی حکوومەتی ئیسڵامی ناتەبا نەبێت".

بەڵام دوابەدوای هاتنەسەرکاری کۆماری ئیسلامی، خومەینی لە بەڵێنەکانی خۆی پاشگەز بووەوە و بریاری دا کە لە شوێنە ئیدارییەکان ژنان نابێ بە بێ حیجاب بەشدار بن. ئەمە لە دەوڵەتی بازەرگاندا خەریک بوو بە فەرمی بکرێ کە زۆربەی هەرەزۆری ژنانی ئێران ئەو بڕیارەیان قەبووڵ نەکرد و هاتنە سەر شەقامەکان .

لە ١٧ی ڕەشەمەی ١٣٥٧دا و هاوکات لە گەڵ ڕۆژی جیهانی ژنان ، ژنانی ئێران هاتنە سەر شەقامەکان و دەنگی ناڕەزایەتیی خۆیان بەرز کردەوە.

دوای بەڕێوەبردنی ڕێفراندۆم لە ئێران، خومەینی دە ڕۆژ دەرفەتی دا کە لە ئیدارەکاندا حیجاب بۆ ژنان ببێت بە یاسایەکی زۆرەملێ و لە ئەگەری نەپاراستنی ئەم یاسایەشدا حکوومەت بەتوندی لە گەڵ ژنان بەرەوڕوو دەبووەوە. لە کۆتاییدا و پاش چەند ساڵ بەربەرەکانێی خەڵک و ڕێژیم بە نیسبەت ئەم پرسە، لە ساڵی ١٣٦٣دا، لە یاسای بنەڕەتیدا پرسی حیجاب بە یەکجاری سەپێندرا و بۆ ئەو کەسانەی کە بە پێی ئەو بریارە نەجووڵێنەوە سزای قورس دیاری کرا.

شۆڕشی ژینا و پرسی حیجاب

هەڵسوکەوتی توندی ڕێژیم لەگەڵ ژنان خۆی دەرخەری ئەوەیە کە بەرپرسانی ڕێژیم چەندە لە چارەسەرکردنی کێشە و قەیرانە نێوخۆییەکان زەبوون و داماو ماون. هەروەها نیشانەی دەستەوەستانی ڕێژیم لە بەرانبەر نافەرمانیی مەدەنیی ئەو بەشە لە کۆمەڵگای ئێرانە کە لە ڕاستیدا بزوێنەری شۆڕشێکن. بەڕێوەبەرانی وڵات لە دوای سەرهەڵدانی خۆپێشاندانەکان چاوی دیتنی ژنانیان نەماوە و دەیانهەوێت بە هەر شێوەیەک تۆڵە بستێننەوە و حەقیرانەترین کارێک کە لە دەستیان هاتبێت بێرێزیکردن بە ماڤ و کەرامەتیان بووە.

ئەو هەڵسووکەوتەی ڕێژیم دەرخەری نەبوونی گەشەی ڕەوانی و فیکری بە نیسبەت هەڵسوکەوتکردن لەگەڵ ئەو بابەتەیە و بە زەقکردنەوەی پرسی حیجاب دەیهەوێ قورسایی ئەو ئەرکە بخاتە سەر شانی خودی خەڵک تا بەرانبەر بە یەکتر و لە دوو بەرەی جیاوازدا بوەستنەوە، دەستەیەکیان بە بیرێکی دێموکرات، ئەمە بە بەشێک لە ئازادییەکانی ژنان پێناسە دەکەن و دەستەیەکیش لە ڕوانگەی ئایینەوە ژنان ناچار بە ملکەچ بوون دەبینن.

هەمووی ئەم لایەنگرییە توندانە لەسەر پرسی حیجاب بۆ شاردنەوەی قەیرانە یەک بەدوای یەکەکانی کۆمەڵگەی ئێرانە. داڕمانی ئابووری و سیاسی و دابەزینی پێگەی ڕێژیم چ لە نێوخۆ و چ لە دەرەوە پەیوەندیی بەم بابەتانەوە هەیە، بۆیە ڕێژیم کەوتۆتە سەری دووڕێیانی لێبووردەیی یان سزادانی ئەو کەسانە؛ ئەگەر ئەوانەی کە حیجاب ڕەچاو نەکەن لەلایەن حکوومەتەوە سزا بدرێن ئەوە لە خۆیەوە دەبێتە هۆی ڕق ئەستووریی زیاتری خەڵک و دژایەتیکردنی یاتر لەگەڵ ئەم بڕیارەی دەوڵەت و ئەگەریش لێیان خۆش بێت و چاوپۆشی بکات لە ویستەکەی، ئەوە دەبیتە پاشەکشە لە خواستەکانی خۆی کە بە هیچ جۆر لە زات و ماهییەتی ئەم ڕێژیمەدا نەرمی‌نواندن نییە چون هەر لە سەرەتای هاتنەسەرکاریەوە یەکێک لە فاکتەرەکان کە پێی ناسراوەتەوە، پاراستنی ئوسووڵ و پرەنسیپەکانی حیجاب بووە.

گرینگیی ئەم بابەتە لێرەدایە کە شەخسی خامنەیی نەیتوانی بەرانبەر بەم بڕیارشکێنییە بێدەنگ بێ، بۆیە بە حەرامی سیاسی ناودێری کرد، یان وەکوو هەموو ڕووداوەکانی ڕابردوو بۆ خۆ دەربازکردن لە کێشەکان و مەشرووعیەت دان بە سەرکوت و پێشێلکارییەکانی ماف و کەرامەتی خەڵک ئەمەی بە پیلانی وڵاتانی غەربی و بێگانە ناو برد  و داوای لە کاربەدەستان و مەرجەعە قەزاییەکان کرد کە بێ‌وڵام نەمێنن و ئەوپەڕی تووڕەیی خۆیان بنوێنن.

ئەم ویستەی ڕێژیم لە حاڵێکدایە کە زۆربەی وڵاتانی ئیسلامیش لەم سەردەمەدا ڕێگر نین لە پاراستن یان نەپاراستنی حیجاب و نیمچە ئازادییەکیان هەر بە ژنان داوە، وێنەیەکی هەرە بەر چاو و زەق وڵاتی عەرەبستانە کە وەکوو یەکێک لە گرینگترین وڵاتانی ئیسلامی دێتە ئەژمار، بەڵام بەو حاڵەشەوە بەرانبەر بە ژنان و و ڕێژەی بەشداریان لە نێو کۆمەڵگا نەرمییەکی زۆری نواندووە، بۆ وێنە بەشداریی ژنان لە ستادیۆمە وەرزشیەکان، دانی مۆڵەتی شۆفێری بە ژنان و زۆر یەک لەم بابەتانە.

بەڵام بەو حاڵەشەوە دیسان ئێران زۆر بە ڕاشکاوانە توورویی خۆی بەرانبەر بەم پرسە دەردەبرێت و هەر جار بە دوای ڕێگا چارەیەکە کەچی هەر پیلانەکیان دەرخەری پاشەکشە و شکەست پێهێنانی ئەم دەسەڵاتە نگریسەیە، بۆیە دەیانهەوێ هەرچی وزەیان هەیە، وەگەڕی بخەن بۆ ئەوەی کە ڕێگر بن لە داخوازیی خەڵک تا بتوانن ئەگەر بۆ ماوەیەکی کاتیش بێت هەژموونیی خۆیان بەسەر خەڵکدا بسەپێنن و پرۆسەی ڕووخانی حکوومەتەکەیان دوا بخەن.

ئەوە لە حاڵێکدایە کە هەرکات کاربەدەستان بۆ مەبەستی خۆیان پێویستیان بە دەنگی خەڵک و بەشداربوونیان لەسەر شەقامەکانە، بۆ وێنە لە بۆنە و مەراسمە گشتییەکاندا کە پەیوەندیی بە بەرژەوەندیی ڕێژیمەوە هەیە یان کاتی دەنگدانەکان، ئەم ئازادییانە بۆ خەڵک بە ڕوا دەبینن و بەربەست نابن بۆیان، بۆ ئەوەی کە خەڵک لە شەقامەکان نەپرینگێنەوە، بەڵام کە پێویستیان بە حزووری خەڵک لە شەقامەکان نەما دیسان فارس وتەنی "آش همان آش و کاسە همان کاسە"یە و دۆخەکە ڕەوتی ئاسایی خۆی دەپێوێتەوە و پرسەکان دەبنەوە کێشەساز بۆ نیزام و دژی ئوسوول و پڕەنسیپە شەرعییەکانن.

ئەو بە قەول نافەرمانییەی کە لەلایەن خەڵکەوە سەر هەڵدەدات بەشێکە لە ویست و داخوازیی خەڵک و حاشاشی لێ ناکرێت، نەک ئەوەی کە هێلێکی دیاریکراو بێت کە ئەوان بە دەسکاریی حیزب و ئۆپۆزسیۆنە دژبەرەکان یان وڵاتانی غەربی پەیوەندی دەدەنەوە، بە خۆشییەوە دەتوانین بڵێین شعووری سیاسی و پێگەی ڕوانینی کۆمەڵگا لەوپەڕی تێگەیشتوویی خۆیدایە و ئەم یەکگرتووییە لە بەینی هەموو چین و توێژە جیاوازەکانی کۆمەڵگادا ئاوێنەی باڵانوێنی شعوور و ئاستی دەرکی خەڵکە لە پەیوەندی لەگەڵ پیلانەکانی ڕیژیم کە زۆر بە ڕوونی خۆی دەردەخات و پێداگری لەسەر ئەم ویستانە لە خۆیەوە دەرخەری ئەوەن کە چیتر ناتوانن گوێ نەدەن بە داخوازییەکان و دەنگەکان کەپ بکەن.

گاندی دەڵێت : ژنان بەشێکن لە کۆمەڵگا بۆیە هەر کات ئەم دوو بەشە یانی ژنان و پیاوان هاو دەنگ بن لە چارەسەری کێشەکان، کۆمەڵگا ڕزگاری دەبێت.