کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

ئەمریکا ٥ ئەندام و دەستوپێوەندییەکانی سپای پاسدارانی بەهۆی پیلانی تێرۆریستی لە دەرەوەی وڵات تەحریم کرد

12:44 - 12 جۆزەردان 2723

وەزارەتی خەزێنەداریی ئەمریکا سێ ئەندامی سپای پاسدارانی ڕێژیمی ئێران و دوو کەس لە دەستوپێوەندییەکانی ئەو ڕێکخراوە و شیرکەتێکی هێڵی ئاسمانی کە بنکەکەی لە تورکیەیە، بەهۆی تێوەگەلانیان لە پیلانی تێرۆریستی، لەوانە پلاندانان بۆ تێرۆری بەرپرسانی پێشووی ئەمریکا، کەسانی خاوەن دوو ڕەگەزنامەیی و نەیارانی کۆماری ئیسلامی، خستە لیستی گەمارۆکانەوە.

سێ ئەندامی سپای پاسداران، لەوانە محەممەد ڕەزا ئەنساری، یەکێک لە فەرماندەکانی سپای قودس، ڕوحوڵڵا بازغەندی، بەرپرسی پێشووی بەشی دژی سیخوڕیی سپای پاسداران و ڕەزا سیراج، بەرپرسی هەواڵگریی دەرەوەی سپای قودس، هەروەها شەهرام پورسەفی ناسراو بە مەهدی ڕەزایی، شارومەندێکی ئێرانی، خراونەتە لیستی سزاکانی ئەمریکاوە.

وەزارەتی خەزێنەداریی ئەمریکا هەروەها حوسێن حافز ئەمینی، شارومەندی ئێرانی- تورکیەیی و شیرکەتی هێڵی ئاسمانیی ''ڕەی''، بەهۆی هاوکاریکردنی عەمەلیاتە نهێنییەکانی سپای پاسداران، لە پیلانی ڕفاندن و تێرۆرکردنی نەیارانی کۆماری ئیسلامی لە تورکیە، خستە لیستی گەمارۆکانەوە.

لە بەیاننامەیەکدا، برایان نێڵسن، جێگری وەزیری خەزێنەداریی ئەمریکا، لەسەر ئیرادەی ئەمریکا بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی پیلانەکانی ڕێژیمی ئێران جەختی کردووەتەوە.