کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

٢٧هەزار گوند لە ئێران بەهۆی کەمیی ئاو ڕووبەڕووی مەترسی بوونەتەوە

10:02 - 27 جۆزەردان 2723

بەهۆی کەمیی ئاو، ٢٧ هەزار گوند لە ئێران کە دانیشتووانەکانی زیاتر لە ١٠ میلیۆن کەسن، تووشی قەیران و مەترسی بوونەتەوە.

ڕۆژی هەینی ٢٦ی جۆزەردانی ١٤٠٢ی هەتاوی، مەجید ئاقازادە، جێگری ئیدارەی ئاو و ئاوەڕۆی ئێران لە وتووێژێک لەگەڵ هەواڵدەرییە نێوخۆییەکانی ئێران، سەبارەت بە کەمی و قەیرانی ئاو وتی: لە ئێستادا ١٣ هەزار و ٣٠٠ گوند بە حەشیمەتی زیاتر لە یەک میلیۆن و ٦٠٠ هەزار کەسەوە، لە بوونی سیستمی ئاو و ئاوەڕۆ بێبەشن.

ناوبراو هەروەها بە وتنی ئەوەیکە لە ئێستادا ٩٨٠٠ گوند بە حەشیمەتێکی یەک میلیۆن و ٩٠٠ هەزار کەسییەوە بۆ خۆیان ئاوی خۆیان لە ڕێگەی کانیاو و سەرچاو سروشتییەکانەوە دابین دەکەن و ١٧ هەزار و ٦٠٠ گوند بە حەشیمەتێکی ٨ میلیۆن و ٤٠٠ هەزار کەسییەوە تووشی کێشەی کەمئاوی بوون، ڕایگەیاند کە لە ئێستادا زیاتر لە ٢٧ هەزار و ٤٠٠ گوند لە ئێران تووشی قەیرانی کەمئاوی بوون و مەترسییان لەسەرە.

جێگەی ئاماژەیە کە ئێران سەرەڕای هەبوونی سەرچاوەی ئاوی بەربڵاو و هەروەها ڕووباری گەورە، بەهۆی ناکارامەیی بەرپرسان و نەبوونی پرۆژەی گەورە و زانستی لە بواری ئاودا، لە ماوەی ساڵانی ڕابردوودا تووشی قەیرانی کەمئاوی بووە.