کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

بەردەوامیی خۆپیشاندانەکانی خەڵکی زاهیدان

10:06 - 27 جۆزەردان 2723

سەرەڕای میلیتاریزەکردنی زاهیدان لەلایەن هێزەکانی ڕێژیمەوە، خەڵکی ئازادیخوازی بەلووچ بە دروشمی دژی دەسەڵات، ڕژانەوە سەر شەقامەکان.

بەپێی ڕاپۆرتی "حال‌وەش"، ڕۆژی هەینی ٢٦ی جۆزەردانی ١٤٠٢ی هەتاوی، سەرەڕای میلیتاریزەکردنی زاهیدان لەلایەن هێزەکانی ڕێژیمەوە و هەروەها پچڕانی هێڵەکانی ئینتێرنێت لەکاتی خوتبەکانی مەولەوی عەبدولحەمید، خەڵکی بوێر و ئازادیخوازی بەلووچ لە سی و حەوتەمین حەتووی خۆپیشاندانەکانیان دژی دەسەڵات، ڕژانەوە سەر شەقامەکانی زاهیدان.

بەهۆی ترسی بەرپرسانی ڕێژیم لە خرۆشانی خەڵکی بەلووچ لە زاهیدان، لە سەرلەبەیانیی ڕۆژی هەینییەوە هەموو شاری زاهیدان و بە تایبەتی دەوروبەری مزگەوتی مەککیی زاهیدان لەلایەن هێزەکانی ڕێژیمەوە میلیتاریزە کرابوو و هێڵەکانی ئینتێرنێتیان بە تەواوەتی لە زاهیدان پچڕاندبوو.

خەڵکی ئازادیخوازی بەلووچ بەبێ گوێدان بە هەڕەشەکانی هێزەکانی ڕێژیم، بە دروشمگەلێکی وەکوو ئێڤین بووە بە زانکۆ و تاران بووەتە گرتنگە و هەروەها زیندانیی سیاسی دەبێ ئازاد بکرێت، ڕووبەڕووی هێزە سەرکوتکەرەکانی ڕێژیم بوونەوە.

هەروەها خەڵکی زاهیدان پاش نوێژی هەینی وەکوو هەینییەکانی ڕابردوو بە هەڵگرتنی پلاکاردی "دەبێ ڕێز لە نەتەوەی بەلووچ بگیردرێت، نە سەرکوت و ئێعدام بکرێت" و هەروەها "پشکی بەلووچ لە ئێران، حاشا لێکردن، گوللـە و ئێعدامە"، ڕووبەڕووی هێزە سەرکوتکەرەکانی ڕێژیم بوونەوە.