کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

مەولەوی عەبدولحەمید: ناتوانن دەنگی ژنان کپ بکەن

10:08 - 27 جۆزەردان 2723

پێشنوێژی هەینیی مزگەوتی مەککیی زاهیدان ڕوو بە دەسەڵات وتی: ژنان مێژوویان دروست کردووە و خاوەنی ئازایەتی و پڕ لە حیماسەتن، ئێوە ناتوانن دەنگیان کپ بکەن.

مەولەوی عەبدولحەمید، پێشنوێژی هەینیی مزگەوتی مەککیی زاهیدان، ڕۆژی هەینی ٢٦ی جۆزەردانی ١٤٠٢ی هەتاوی، لە خوتبەکانیدا بە ئاماژەدان بە جێگە و پێگەی ژنان وتی: ژنان مێژوویان دروست کردووە و لە ساختاری مرۆڤایەتیدا جێگە و پێگەی گرینگیان هەیە و هۆکاری سەرەکیی خۆپیشاندان و ناڕەزایەتی دەربڕینەکانیان ئەوەیە کە ئێستا لەو دەسەڵاتەدا جێگە و پێگەیان نییە.

ناوبراو هەروەها وتیشی: دەسەڵات دەبێ هۆکاری ناڕەزایەتییەکانی ژنان ببینێتەوە و داواکارییەکانیان جێبەجێ بکات و تا ئەو کاتەی ژنان لە بەندیخانەکان ئازاد نەکات، زیندانییانی سیاسی ئازاد نەکات و گرینگی بە ژنان نەدات، ئەوە خۆپیشاندان و ناڕەزایەتییەکان دژی دەسەڵات بەردەوام دەبێت.

مەولەوی عەبدولحەمید لە درێژەدا ئەوەشی زیاد کرد کە بە پێچەوانەی هێندێک کەس و لایەن کە پێیان وایە کار و ئەرکی ژن تەنیا منداڵ بەخێوکردن و چێشت‌لێنانە، دەبێ بڵێین جێگە و پێگەی ژن زۆر لە ویستی ئەو کەسانە لەسەرترە.

ناوبراو هەروەها وتیشی: ژن دەبێ لە ئەرک و بەرپرسایەتییە گرینگەکانی کۆمەڵگەدا بەشدار بێت و لە ئێستادا ژنان لە ئێدارەکان، زانکۆکان و زۆربەی شوێنە هەستیارەکانی وڵات لە پیاوانیش لە پێشترن.

مەولەوی عەبدولحەمید لە کۆتایی قسەکانیدا ڕوو بە دەسەڵات وتی: تا ئەو کاتەی مافی ژن و جێگە و پێگەی ژن وەکوو مرۆڤێکی مێژووساز و هەروەها مافی نەتەوەکانی دیکەی ئێران لەلایەن دەسەڵاتەوە لەبەرچاو نەگیردرێت،  ناڕەزایەتی و خۆپیشاندانەکان دژی دەسەڵاتەکەی بەردەوام دەبێت.